691وتار

لە چارەسەرکردنى قەیرانەوە، بۆ دەرئەنجامە ئەرێنییەکان؟

12/20/2022 8:42:00 AM
ئەحمەد حەمە ساڵح


لە دەستپێکدا پێویستە ئەوە بیربخەینەوە،کەلەبابەتێکى پێشتردا بەناونیشانی،لەهەڵەچارەسەرکردنى قەیرانەکانەوە،بۆ دەرئەنجامە نەرێنیەکان،لە بازنەکانى چەواشەکارى،کەمتەرخەمى ،بەلاڕێدابردن ،گوێپێنەدان و نەزانینەکاندا، قسەمان لەسەرئەو ڕێگاو شێوازە کۆن وکلاسیکی وهەڵانەکرد،کەساڵانێکەلە هەرێمەکەماندا پەیڕەو دەکرێن،لەو مامەڵەکردنە نانیشتیمانى ونازانستیانەوە لەگەڵ قەیرانەکاندا، دەرئەنجامەکان نەرێنى وشکست هێنەربوون،وگەیاندیانینە ئەو ڕاستییەى کەبۆچارەسەرکردن،لە ژێر چەترى سالارێتیەکان، وبەشێوازە کۆن و کلاسیکییەکان، نەک هەر هیچ دەرئەنجامێکى باش و ئەرێنیان نەبوو،بەڵکو هاونیشتیمانیان زیاتر کیرۆدەى قەیرانەکان کران.

لەم بابەتەدا،کە لەژێرچەترى چەمکى هەوڵاتیبوون،وپاراستنى بەرژەوەندیە گشتیەکان ئەدوێین،ڕێگاچارەسەریە زانستیەکان،وگەیشتن بەدەرئەنجامەئەرێنییەکان،وکاروکردارە ئومێد بەخشە مرۆڤایەتى ونیشتیمانیەکان ڕۆشن دەکەینەوە ،لێرەوە بۆ ڕاستکردنەوەى هەڵەکان و تێپەڕاندنى قۆنا‌غە بەردەوامەکەى قەیرانە سروشتى و دەستکردەکان،بەئەنقەست و بێئەنقەستەکان،و چارەسەرى کێشە و شکستە سیاسى، ئابورى،تەندروستى،پەروەردەیى،کۆمەڵایەتى و کارگێریەکان،لە خوارەوەو لە چەند خاڵێکدا،قسە لە سەر سەرەکیترین ئەو ڕێگەو شێوازە ڕاست و دروست و نوێ و مۆدێرنانە دەکەین،تا لە ڕێگە ڕاستەکەوە بگەیەنە دەرئەنجامە ئەرێنییەکان و لە بازنەکانى حکومەتدارى نیشتیمانیدا،بە بیرو پلانى پسپۆران،شارەزایان،ئەزمونداران وکاربەدەستان،زامەکانى خەڵک و خاک ساڕێژ بکرێن.


١-ڕێگەى کارکردن بە تیم : هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردن وزاڵبوون بە سەر کێشەوقەیرانەکان،بە شێوەى کارى بەکۆمەڵ،کە کارى هەرەوەزى و بەشدارى پێکردنى هەمووانە ،لە نێوان لایەنە فەرمى و حکومیە تایبەتمەند و ڕاهێنراوەکان،و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى ، بەشێوەى دابەشکردن وڕاپەڕاندنى کارەکان وسوود وەرگرتن لەگشت توانا وشارەزایى و کارامەیەکان، ئەمەش ڕێگەى چارەسەرى هاوبەشە بۆ زاڵبوون بەسەر تەنگەژەو گرفت و قەیرانەکان،کە تەنها لە بازنەى ڕاستگۆى،هاوخەمى، هاوسۆزى، هاوکارى و کارى پێکەوەیدا،ئومێد بۆ ئومێدبڕاوان و شکۆى بۆ مرۆڤایەتى و ئاوەدانى بۆ نیشتیمان دەگەڕێنرێتەوە.

٢-ڕێگەى گەمارۆدان و یەدەک:گەمارۆدانى قەیرانەکە لە سنورێکى بەرتەسک وبچوکدا،کەهەوڵدانە بۆ تەشەنە نەکردن و فراوان نەبوون و بە خێرایى دۆزینەوەى سەرچاوەى قەیرانەکە و دیاریکردنى خاڵە لاوازەکان وکەمتەرخەمیەکان،کەبوونە هۆى ڕوودان ،هەروەها بۆ هەر سنور و پانتاییەکى گیرۆدە بەکاریگەریەکانى هەر قەیرانێک،پێویستە ڕێگەى یەدەک بۆ دەربازبوون وخۆپارێزى و کەمکردنەوەى زیانەکان بدۆزرێنەوە و ڕابگەیەنرێن و کارى بۆ بکرێت،دواتر بەردەوامى هەوڵەکان بۆ زاڵبوون بە سەر کێشەو قەیرانەکەپێویستیەکى ترە،تا لەڕێگەى جەختکردنە سەر سەرچاوەى قەیرانەکەو چارەسەرکردنى هۆکارەکان وکەمکردنەوە و بنەبڕکردنى کاریگاریەکان،بگەینە دەرئەنجامە ئەرێنیەکان و کۆتایى بە ڕەوشە نەخوازراوە،دژ بە بەرژەوەندیە گشتیەکان بهێنرێت.
٣- ڕێگەى بەتاڵکردنەوەى ناوەڕۆکى قەیرانەکە:

بێگومان هەموو قەیرانێک،بەتایبەت قەیرانە دەستکرد و بە ئەنقەستەکان،هۆکارو کاریگەرى و ناوەڕۆک و ئامانجێکى سیاسى،ئابوورى، کارگێڕى،زانستى،ڕۆشنبیرى،تەندروستى یاخود کۆمەڵایەتى هەیە،هەر بۆیە پێویستە بە ئاگایی وزانیارییەوە، بۆ گەڕاندنەوەى ئارامى وپاراستنى بەرژەوەندى گشتى قەیرانەکە بناسێنرێ، بێناسنامەکردن و بیانووهێنانەوە و خۆبەخاوەن نەکردن وخۆلادان و خەمساردى نەنوێنرێ،بەڕاستى و بەکردار هەوڵى ئاسایکردنەوەى ڕەوشەکە بۆ پێش ڕوودانى کێشەو قەیرانەکە بدرێت،کۆى قەیرانەکان سروشتى و دەستکردەکان، بەئەنقەست و بێئەنقەستەکان،لەڕێڕەوى ڕوودانى سەرەکى کەکەمتەرخەمیەکانە لابدرێن ولەناوەڕۆکە ڕاستەقینەکەى کە هۆکارى ڕوودانن خاڵى بکرێنەوە،ئەمەش بەوە دەبێت کە هەر لە سەرەتاوە بە ویستە مرۆڤایەتى و نیشتیمانیەکان شرۆڤەى ڕەوشە کێشەدارکان بکرێ،وبە مەترسى لە سەر هەموان بۆ ئیستا و ئایندە لێکبدرێنەوە،تا لە کۆتایدا دەرئەنجامێکى ئەرێنى بۆ بنیاتنان و ئاوەدانى،ژیان و خۆشگوزەرانى لێبکەوێتەوە.

وەک لە گۆڕپانى سیاسى ناوچەى و جیهانیدا دەبینرێ، حکومەت و نەتەوە جیاوازەکان بۆ پاراستنى بەرژەوەندیەکانیان، بەتاک یان هاوپەیمانى،قەیران بۆ نەیارە دەرەکیەکانیان درووست دەکەن،ئێمەش بە درێژایی مێژوو لە دەرئەنجامەکانى جەنگ و دابەشکارى و داگیرکاریەکان،و هاوکات لە ناوخۆشماندا نەبوونى سیاسەتى نیشتیمانی ومانەوەمان لە بازنەکانى یەکترقبوڵ نەکردندا،بەدەرنەبووین و نابین لە هەڕەشە دەرەکیەکان و گرفتە ناوخۆیەکان،کە بەردەوام کێشە و قەیرانى،سیاسى،ئابوورى،کارگێڕى،ئاینى ، تەندروستى، پەروەردەیى و کۆمەڵایەتیان بۆ دروستکردوین،نەیارە دژ بە بەرژەوەندیە نیشتیمانیەکان،دەرەکى بن یان ناوخۆیى،هەر بۆ خۆشیان وەک شەڕکەروهەندێ جار لەڕێگەى سەردانە دبلۆماسى و سیاسییەکانیانەوە ،وەک ناوبژیوان و فریادڕەس و بەشێک لە چارەسەر خۆیان پیشاندەدەن،ئەم بیرە زاڵخوازێتى و حەزە سالارێتیانە،لە شەڕ و لە ڕەوشى بە ناو ئاشتییاندا،کورد وتەنى هەر سەرقاڵى سیاسەتى پەرتکە و زاڵبەن.

لەحکومەتدارى نیشتیماندا،کەئەخلاقى سیاسى بوونى هەبێت،حکومەت وئەحزابى سیاسى و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى لە ژێر چەترى چەمکى هەوڵاتیبوندا،خاوەن ئامانجى هاوبەشى نیشتیمانین،لەو ڕەوشەدا بە ڕێگەى کۆکردنەوەى زانیاریەکان لە سەر ئەنجام و دەرئەنجامەکانى قەیران،وە زانینى کەمتەرخەمیەکان وئامانج و بەرژەوەندى هێزو پاڵنەرە جیاوازەکانى بەشدار لە دروست بوون و خوڵقاندنى قەیرانەکان ،ئەتوانرێت هەڕەشە و کاریگەریەکان نەهێڵدرێن،نەک وەک لاى ئێمە بەداخەوە لە شاخەوە بۆ شار،هەر لە سەنگەرى شکاندنى یەکتریدا ماوینەتەوە،و لە ئیستاشدا لە ناو یەک حکومەتى بەناونیشتیمانیدا،حکومەتدارى سالارێتى پەیڕەودەکرێ و بەردەوام وهاو تەریب لەگەڵ فاکتەرە دەرەکیەکان درێژە بە قەیرانە کەڵکەبووەکانمان دەدرێ،ودڵسۆزیش بۆ نیشتیمان لە حەزە سالاریەتیەکاندا لە قاڵپدرا،وبوغز و رق و قین ویەکترقبوڵ نەکردنیش ، جێگەى هاوسۆزى و هاوکارى وکارى پێکەوەى کردۆتەوە،هەر بۆیە تا ئیستا نەگەیشتووین و ناگەینە دەرئەنجامە ئەرێنییەکان.          

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن