متمانە گرێبەستە ئەخلاقیەکە؟
3/22/2023 7:59:00 PM
198 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد حەمە ساڵح
سەرەتا پێویستە بەکورتى و بەڕوونى،ئاوڕێک لە تۆمارى مێژوى نوێمان بدەینەوە،کە لە بەهارى 1991، تا ئێستا دنیایەک دروشمی ڕەنگا و ڕەنگ بڵاوکراونەتەوە،کە نەک هەر دروشمەکان بەڵکو گوتاری سیاسی دنیایەک بەڵینی بێکردار بوون،بەداخەوە لە پێناو خۆشگوزەرانیەکان و بوژانەوەى کۆى کەرتە بەرهەم بەخشەکان و بەدامەزراوەى کردنى پایەکانى حکومەتدارى،هیچ نەکرا،هەر بۆیە لە سیاسەتبازى سالارێتى و حکومەتدارى حیزباوی و بایەخ نەدان بە چەمکى هاوڵاتیبوون و پانتایی گەندەڵگاریدا،بازنەى بێمتمانەیەکان فراوانتربوون.
بۆ چونە نێو کرۆکى بابەتەکەمان ئەوە بیردەخەینەوە،کە متمانە بەواتای بڕوابوون بەتواناوزانین ولێهاتووییەکان دێت،کە لە هەر پێشهات و ڕەوشێکدا،کۆنتڕۆڵی بارودۆخە جیاوازەکان بکرێ،واتا لە بازنەى بەردەوامى کارو فەرماندا، ڕێگەنەدان بە باڵابوونى نائومێدیە کەسى و گشتیەکان،ئەمەش لە بازنەکانى متمانە بە خۆدو بە بەرامبەرەکەت،گەشبینیە بە دەرئەنجامی کارەکان و تواناى بەڕێوەبردنیان.
متمانە لەکایە مرۆڤایەتی ونیشتیمانیەکەیدا،ئەوچەمکە فراوانەیە کە لەنێوان تاکەکان وگروپەکان وکاربەدەستان،پەیوەندیەکى درووست دەهێنێتە کایەوە،ئەو پەیوەندیانە کۆمەڵایەتى،سیاسی، ئابوری،یاسایی،کارگێڕی یان پەروەردەیى بن،لە بازنەکانى دڵسۆزى،ڕاستگۆیی وکارى پێکەوەیدا،دەرئەنجامە ئەرێنیەکان دەبنەدڵنیا بوون لە ماف و ئەرک ویەکترقبوڵکردنەکاندا، ئەوەش ڕاستیەکى سەلمێنراوە،کە لە کۆی کایەو پێکە،پێشەوایەتیە کۆمەڵایەتى،سیاسى،یاساى وکارگێڕیەکاندا،کە پەیوەندیەکان لە بازنەى سەپاندنی سالارێتیەکاندا دامەزرێندرابن،ئەوە بازنەى بێمتمانەیەکان فراوان و فراوانتر بون و دەبن.
لێرەدا مەبەستمانە،بڵێین نیشتیمان وکۆمەڵگاکەمان،تەنها و تەنها بە ڕەوشت،کە نرخ و بەهاو نەریتە کۆمەڵایەتیە باشەکانە ،بە ئەخلاق،کە ئەخلاقە سیاسى و پیشەیەکانە،بە ڕێزگرتنی تاکەکان وگروپەکان لە یەکتر و لە یاسا،بە ڕاستگۆیی و پابەندبوون بە چەمکى هاوڵاتیبوونەوە،متمانە دروست دەبێ وکێشەکان چارەسەر دەبن.
وەک زانایان هاوڕان،تاک وگروپەکان،کۆمەڵایەتى،سیاسى یان پیشەیی بن،لە ژێر چەترى پاراستنى بەرژەوەندیە گشتیەکاندا دەگەن بە ئامانجە مرۆڤایەتى و نیشتیمانیەکان،هەروەها وەک كۆمهڵناسان لهتوێژينهوهكانياندا،هۆکارەکانى لهدهستدانى متمانەیان ڕونکردۆتەوە،ئێمەش لێرەدا بە بەراورد بە ڕەوشە کۆمەڵایەتى،سیاسى،یاسایی،کارگێڕی و ڕۆشنبیرییەکانمان،لە هۆکارەکانى لەدهستدانى متمانهى ئەدوێین..
1- وتەى زۆر کردارى کەم،ئاشکرایە تا بازنەى ئەو بۆشاييه فراواتربێت، ئەوە وەک ئەم ڕەوشەى لە مەڕ ئێمە،بەردەوام بازنەى بێ متمانهیەکان لە فراوان بووندان،لە سیاسەتدا نەبوونى ئەخلاقی سیاسى،لە پیشەکان وبازرگانیدا نەبوونى ئەخلاقى پیشەیی،لە فەرمانڕەوایەتى و کایە کۆمەڵایەتیەکاندا،کونکردنى چەترى بەرژەوەندیە گشتیەکان،دەمامکدارى دیموکراتى،تێنەگەیشتن لە چەمکى هاوڵاتیبوون،وفراوانبوونى بازنەى نادادى وناڕوونى و نائارامیەکان،سلمێنەرى ئەوەن کە ئێمە لە ڕەوشى بانگەشەی بێكرداردا ماوینەتەوە،ئاشکراشە کە بەچەواشەكاری،بەلاڕێدابردن،كەوچاندن وتۆقاندن،كۆمەڵگای ئازاد و یەكسان و دیموكرات پێكناهێنرێت
2- درۆ و هەڵخەڵەتاندن:
بەداخەوە لەم هەرێمەى ئێمەدا،کارەکتەرە پۆپۆلیستەکان لەناو کۆى ئەحزابە سیاسیەکان،ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى،لە پێکە کۆمەڵایەتى وکارگێڕیەکاندا،نەک هەر بوو نیان هەیە بەڵکو زۆرینەن،هەوڵ وتەقەلایان بریتیە لەدرۆکردن وهەڵخەڵەتاندن ،پۆپۆلیستەکان لەگەڵ ئەوەى لە بازنەى یەکترقبوڵکرن و لە بایەخى کارى پێکەوەیدا ئەزموونیان کەمە،خاوەن،بەڵام لە قسەزانی وخۆنمایشکردندا وریان،وا خۆیان دەردەخەن کە بلیمەتن،هەرچەندە وا لە گوێکر دەکەن کە گوێیان لێبگرن،بەڵام لە دەرئەنجامدا هەڵسەنگاندنى ووتەو کارو کردەوەکانیان،دەبێتە سەنگى محەک بۆ سەلماندى کەسایەتیان،کە چ جۆرە خود پەرست و خەرقى نێو بوغز وکینەن،درۆزان و چەواشەکارى گەلن.
3- ستايشكردن و شکاندنى:
لەبرى هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون،کە پێویستە لە بازنەى پێوەرە مرۆڤایەتى و نیشتیمانیەکاندا،بۆ کۆى کایە کۆمەڵایەتى ، سیاسى،کارگێڕى ،یاساى ،پەروەردەى وڕۆشنبیریەکان،وتەوکردارە،باش وخراپەکان، پەسەند و ناپەسەندەکان،دیاربکرێن وخاڵە بەهێز و لاوازەکان بکرێنە پێوەر،بۆ سەلماندنى پارێزگارى لە شکۆمەندێتى خاک وخەڵک،بەداخەوە لەلاى ئێمه بەردهوام،لە بازنەى پاراستنى سالارێتیەکاندا،واتا بەبێ هیچ ئامانجێکى بەرژەوەندى گشتى،وتەو کردارو هەڵوێستەکانى دەستڕۆیشتوان وبهرپرسان و کارەکتەرە کۆمەڵایەتى،سیاسى،سەربازى وکارگێڕیەکان ستايش دەكردن،هەربۆ خۆشیان لە ناو بیرى خێڵگەرایی،تاقمگەڕایی و ناوچەگەرێتدا،بۆ سەپاندنى سالارێتیان یەکترى دەشکێن،هەربۆیە دەمێ ساڵەوبەردەوام بازنەکانى لهدهستدانى متمانه فراوانتر دەبن،ودهبێنه هۆى بێزارى خهڵک و نهمانى دڵنیایی بە خود و نهمانى باوەڕ بە یەکترى.
دوا وتە بە کورتى متمانە و دڵنیایی،گرێبەستى ئەخلاقین،ولێ کاتێک کە هەناوی حیزب و حکومداری و تەواوى ژیانى کۆمەڵگا خاڵی بونەوە لەو ئەخلاقە،ئەوا ئەو دەسەڵات و حکومڕانیە بەرە وداخوران دەڕوات،وەک ئیمڕۆمان ئەو دروشمانەى کە خەونی بەبەهەشت بونى نیشتیمان بوون،بە نەبونی ئەقڵێتی ئیداری وکەڵەکە بونی قەیرانەکان و بەتاڵ بونەوەی دروشمە مرۆڤایەتى و نیشتیمانیەکان ،وردە وردە لە بازنەکانى چەواشەکارى و هەڵخەڵەتاندندا،وەک تراویلکە (سەراب) بە تیشكی شكاوە چەوتبینی خەونەکانمان خنکێنران..