وتار

قەیران لە هاوکێشەکانى هەڕەشەو دەرفەتدا!

12/27/2020 2:13:00 PM 631 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد حەمە ساڵح

لە دەستپێکدا بۆ پێناسەیەکى گشتگیر و شرۆڤەیەکى زانستیانە و تێگەیشتنێکى مرۆڤویستانە و دۆزینەوەى ڕیگە چارەسەریە نیشتیمانیەکان، لە وتەى بیرمەندێکى ناودارى جیهانیەوە دەچینە نێو کرۆکى بابەتەکەمان.
واینێر: دەڵێت (قەیران ئاکامێکی گرنگی بەدواوەیە، کە کار لەسەر پەیوەندیی هاوکێشەکان دەکات.) لە دۆخە قەیراناویەکاندا وێرانکاری و بێمتمانەیى بەخێرایى سەر هەڵدەدات،هاوکێشەکان لە نێو تونێلە تاریک و ترسناکەکاندا دەکەونە ناو بازنە داخراوەکانى ململانێ ئاڵوزەکانەوە.

لەگەڵ ئەوەى ناوەڕۆکى قەیران لە مەترسى و دەرفەت پێک دێت،پێویستە ئەوە بڵێین کە بەدرێژایى مێژوو لەلاى ئێمە دەرفەتەکان بۆ بەرژەوەندیە سالارێتیە حیزبیەکان ،و کۆى مەترسیەکانیش بۆ سەر خاک و خەڵکەکەى بووە،بۆیە لێرەدا لە خەمى نیشتیمان و هەرێمێکى کەرت و گەلێکى بەژموردەوە،لە ئازارى شکاندنى شکۆى خاک و خەڵکەوە تەنها لە مەترسیەکانى قەیران دەدوێین.

قه‌یران دۆخێکە لە دەرئەنجامى کێشە چارەسەرنەکراوەکانەوە دێتە کایەوە وکەڵەکە دەبن،یان ئەوەتا لە هاوکێشەیەکى دەرەکیدا بە هۆى لاوازیی ناوخۆوە ڕودەدات، بە هەر هۆکارێک بێت مانەوە و کەڵکەبوونى قەیرانەکان گه‌یشتنە به‌ ڕەوشێکى تەواو شێواو وئاڵۆز کە رێگه‌ی ده‌ربازبوون ته‌واو به‌رته‌سك دەکاتەوە.

لە ئیمڕۆدا هەر وەک ڕابردوومان، کۆى قەیرانەکان ،ئەو قسەو باسە گەرمانەى ڕۆژن، کەسیاسیەکان، ئابوریناسان، کارناسان، پسپۆران و شارەزایان و کۆى کیرۆدەبوان،لەم کۆمەڵگە هەژارکەوتوەماندا، بەردەوام لێدوانى لە سەردەدەن،قەیرانە ناوخۆیەکانمان بە شێوازێک تووشى شپرزەیى سیاسى،کۆمەڵایەتى،ئابورى وکارگێڕى کردوین،کە لەگەڵ زانینى کاریگەرى قەیرانە سیاسى و ئابوریە ناوچەیى و جیهانیەکانیشدا،کەمترین ئامادەیى هەیە بۆ قسە لەسەر ئەو کاریگەریە دەرەکییانە،وا نزیک بە سى ساڵ لە تەمەنى حوکمڕانیمانە و ڕۆژ نییە گوێمان ،چاومان، دڵمان، بیرۆهۆشمان بە قەیرانە ئابوورى ،سیاسى ، یاسایى و نەبوونىکۆى خۆشگوزەرانیەکان ڕوون نەبێت، لە تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامەکان و دیوەخان و شوێنە ئاینیەکان و لەپارک و سەیرانگەکان و لە ناو تەکسی وپاص و لە بازاڕ و فەرمانگەکان و بارەگای حیزبەکانیش بەردەوام قسە و باس لە مەڕ قەیرانەکانە، لێرە و لەوێ بە سەدان پێناسە و ڕاڤەی بۆ دەکرێت و لە ڕەوشێکى ناشایستەو نەشیاودا کورد وتەنی:(هەرکە سە بۆ لەیلاى خۆی گۆرانی دەبێژێت)،ساڵانێکە لە بازنەى خۆنواندنە سالارێتیەحیزبیەکان و ڕەوشى مەمرەو مەژى گەلدا، ئەوەندە وتراو نەبیسترا، ئەم وشە هەژارە بۆ خۆی لە نێوان هۆکارەکانى خوڵقاندن و کاریگەریەکان و چارەسەریەکاندا واقی وڕماوە،چونکە لەگەڵ ئازار و نەهامەتیەکاندا،لەوێستگە جیاوازە دژ بەیەکەکانى هەژاربوونى کۆمەڵگا و سالارێتى سیاسیە بازرگانەکانەوە، بەپێی کاریگەریەوێستراو نەویستراوەکان لە قاڵپ دەدرێت !

قەیران نەک بە تەنها هەڕەشەیە،بەڵکو دەرفەتێکیشە بۆ ڕاستکردنەوەى هەڵە سیاسیەکان و لارییە کارگێڕیەکان،ئەم بیرخستنەوەیە بۆ هەموان و تایبەتتر بۆ حیزبە سیاسیەکان و حکومەت و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنیە،تا لە خۆیان بپرسن،ئایا  تا چ ئاستێک زانیارى و شارەزاییان لەدۆخە قەیراناویەکاندا هەیە و ناوەڕۆک و هۆکار و کاریگەرى هەر یەک لە قەیرانەیەک لەدواى یەکەکان چۆن پێناسە دەکەن ؟ 
                                                                                                                                                                              بۆ گەیشتن بەڕێگا چارەسەریەکان،پێویستە لە سەر هەردوو لایەنى (هەڕەشە ودەرفەت) ئەوەش بڵێینکە قەیران هەڵگری کۆمەڵێک کاریگەرى وتایبەتمەندییە،کە سیاسیە ڕۆشن فکرە نیشتیمانیەکان دەخاتە قۆناغێکی هەستیاری سیاسی و بەڕێوەبردنەوە،لە بوون و کارابوونى ڕۆشنبیریەتى نیشتیمانیەوە ئەرک و دەوری سیاسیەکان لە دۆخە قەیراناویەکاندا چەندقات هەستیارتر و بەرپرسیارانەتر دەبێت،کە دوور لە چەواشەکاریەکان و  بۆیاخکاریەکان و خۆبەپاڵەوانکردن،هەموان بە جیاوازیەکانەوە لە پێناو ڕاستکردنەوەدا دان بە هەڵەکانىخۆیان و دواتر ئەوانى تردا بنێن،چونکە دانان بە هەڵە سیاسى و ئیدارى و ئابوریەکان سەرەتایى دۆزینەوەى ڕێگا ونکراوەکانە،دواتر  لە بیروروژاندن وخوێندنەوەیەکى ئەقڵانى و بەرهەمداردا،کە لە ژێر چەترى فکرە نیشتیمانیەکاندا بێت، نائومێدیەکان دەگۆڕترێن بە ئومێد بەخشى نیشتیمانى .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ