وتار

گفتوگۆ یەک لە نێوان سیاسیەکى حیزبى و ڕۆشنبیرێکى نیشتیمانیدا!

10/11/2020 9:12:00 AM 382 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد حەمە ساڵح

 
سیاسیەکە:-ئەو ڕۆژانەى کارمان بۆ ئابوورى سەربەخۆ دەگرت،مەبەستمان بوو نەوت بکەینە سەرچاوەیەکى بەهێز،بەڵام بەخت یاوەرمان نەبوو!
ڕۆشنبیرەکە:- هەر لە سەرەتاوە،پلان و نەخشە ڕیگەى سیاسەت و ئابوریتان نیشتیمانیانە نەبووە،
سیاسیە کە:- چۆن وا دەڵێیت،ئەى ئێمە لە سنورى نیشتیمانەکەماندا،کارمان نەکردوە؟
ڕۆشنبیرەکە:- سیاسەتى ئابوورى بۆ ئیستا و ئایندەى نیشتیمان کارکردنە لە کۆى پایەکانى ئابووریدا،لەلایەک فراوانکردنى بازنەى قۆرغکارى و سالارێتیەکان و لە لایەکى ترەیشەوە  پشت بەستن بە یەک سەرچاوەى ئابوورى دوو هەڵە کوشندەى سیاسەت و ئابوورى بوون،ئەمەش کە نەبوونى پلان و بەرنامەیە واتا مانەوە لە دەرەوەى بیرکردنەوەى نیشتیمانیانە.
سیاسیە کە:-کاتێک هەموو سەرچاوەکانى نەوت و خاکمان بەدەستەوە بوو،کارمانکرد بۆ سەربەخۆیى،بەڵام دوو بارە بەخت یاوەرمان نەبوو،لە برى سەربەخۆیى بەشێک لە خاک و پێگەى ئابووریمان لە دەستدا،ئەمەش خەتاى ئێمەى تیانەبوو،خەتاى ئەوان بوو.
ڕۆشنبیرەکە:- ئەرێ بە ڕاست ئێوە و هەموو ئەوانەى تر،کەى لە بازنەى چەواشەکارى و بیرى یەکتر سڕینەوە،دێنە دەرێ و لە بۆنى خوێنى یەکترى و بیرى یەکترشکاندن و فراوانکردنى بازنەى سالارێتیە حیزبى و کەسیەکان،دەربازتان دەبێت،ئەى کەى ئەو ڕاستیە دەسەلمێنن و کارى لەسەر دەکەن کە بە درێژایى مێژوومان و هەتا ئیمڕۆش فکتەرە ناوخۆیەکانمان هۆکارى سەرەکى خولانەوەمان بووە لە بازنە داخراوەکاندا،ئێوە و ئەوانیتریش نەتان توانیوە ڕابردوو تێبپەڕێنن،سیاسەت لاى ئێمەوە وەک یارى مار و پەیژەى لێهاتوە، بە هۆى نەزانین و شاردنەوەى ڕاستیەکان و بەردەوامى چەواشەکارى نەک نەبوونى بەخت، ساڵانێکە و بەردەوام دەگەڕێینەوە بۆ چوار گۆشەى یەکەم!
سیاسیەکە:- باواز لە ڕابردوو بهێنین ،لە ئیستادا گرنگترین کار پرۆژە چاکسازیەکەمانە و ئەنجامى دەدەین
ڕۆشنبیرەکە:-

  ١- باسى مێژووت کرد،مێژوو ئەوە نیە کە ئێوە دەستان داوەتێ و بە ئارەزووى خۆتان دەینووسنەوە،لە مێژووى خۆ ویستى و خۆ نووسینتاندا هەموون پاڵەوانن و کەس خۆى ناکات بە خاوەنى شکستەکان،لە دوێنێ و ئیمڕۆماندا نیشتیمان غەرقى کۆى نەهامەتیەکانە،هەر بۆ خۆشتان لە شاخ و شاردا خاوەنى شکستەکان بوون ،تا لە ئیمڕۆدا ئیستایەک لە فەرامۆشى و ئایندەیەک لە نادیارى لە کۆى شکستەکانەوە هێنرایە کایەوە

٢-ببورە ئومێدم بەم ،بە ناوچاکسازیەکە نیە،ئەمیش هەروەک کارە بەناونیشتیمانیەکانى ترتان ،وەک ناو دەبێتە شانازیەکى بێکردار بۆ ئێوە و ئەوانى تریش، وەک ناوەڕۆکیش دەبێتەوە بە شکستێکى تر،بنەبڕکردنى گەندەڵى و هەنگاوى درووستى چاکسازى،وەک پاککردنەوەى قادرمە وایە کە پێویستە لە سەرەوە دەست بە پاککردنەوەى بکرێت نەک بەدزییەوە و شەرمنانەوخۆ خەڵتێنرانە و چەواشەکاریانە لە خوارەوە دەست بە پاککردنەوەى پێبکرێت.

سیاسیەکە:-چیە بۆ وا بەکارەکانمان ڕەش بینى ،ئەم جارەیان ئێمەو ئەوانى تریش ،واتا هەمووان بەڵینمان داوە و واژوومان کردووە
ڕۆشنبیرەکە:- نەک من هەموو ئەوانەى کە جیاواز لە ئێوەى بازرگانى سیاسى بیردەکەنەوە و لە دەرەوەى بازنەى سالارێتیەکانى ئێوەدان و لە نێو کۆى ڕەوشە خوڵقێنراوە نانیشتیمانیەکاندا ،کە غەرقى نێو ناڕونى و نادادى و ناتەبایى و نائارامیەکانین،لە بیرمانە و دەزانین ئەوەتەى هەن لە گەورەترینتانەوە بۆ بچوکترینتان،لە خۆتانەوە بۆ نەوەکانتان خاوەنى دەیان بەڵێن و واژووى بێبەرهەمن، حیزبەکانمان و کارەکتەرە سیاسیەکانمان لە بازنەکانى خۆژێنى و خۆ دەوڵەمەندکردن و خۆسەپاندن و خۆ خۆرى و وابەستەى ئەم لاو لادا ،هەر خاوەنى گفتارى بێکردارن.

سیاسیەکە: ئێمە گەشبینین و لەم کاروانە بەردەوام دەبین،ئەمە دوا ووتمە و من دەڕۆم ،تۆش کەیفى خۆتە بیر لەو نیشتیمانە بکرەوە کە خەونى پێوە دەبینى.

ڕۆشنبیرەکە،دروست وایە،گەشبینن بە فراوانکردن و بەردەوامى بازنەى سالارێتیەکانتان،چونکە تەنها کارتان پاراستنى بەرژەوەندیە حیزبى و کەسیەکانتانە،هەر یەکەشتان جەماوەرى حیزبەکانتان بە جەماوەرى کوردستان دەزانن و نەوەکانى خۆشتان بەنەوەى نیشتیمان و سیاسی نوێ دەزانن!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ