131وتار

پەیڤێک لە ڕۆژى ئاڵادا

12/17/2023 2:31:00 PM
ئەحمەد حەمە ساڵح

هەمو گەلانى سەر زەوى،ئازادوسەربەست بن،يان داگيركراو ژێردەستە،يان بەشێوەى (ئۆتۆنۆمى يان فيدراڵى يان كۆنفيدراڵى)، لە چوارچێوەى حكومەتێكى مەركەزى دا بژين،خاوەنى ئاڵاى تايبەت بە خۆيانن،ئاڵا لەگەڵ سرودى نەتەوەیدا بۆ هەر نەتەوەيەک پێناسەو ناسنامەى بەرخودان و زيندويەتى و شكۆمەندین.     

 

بە درێژايى مێژو لە نێو فەرمانڕەوايەتيە جۆراو جۆرەكاندا ئاڵا بونى هەبوە،يەكەمين نەتەوەش كە ئاڵايان بەكارهێناوە وڵاتى دانيماركە،كە لە ساڵى ١٢١٩ى زايينى دا ئاڵاى نيشتيمانيان دروستكردوە و مێژوى يەكەمين ئاڵايان لە جيهاندا بۆخۆيان تۆماركردوە،ئاڵاى وڵاتى سويسراش دوەم كۆنترين ئاڵايە كە لە ساڵى ١٣٣٩ ى زايينى دروستكراوە.     

 

لە وڵاتى ئێمەشدا ئاڵاكەمان ئەگەر چى هەتا ئيمڕۆش لە ناوەندە نێو نەتەوەيەكاندا بە فەرمى نەناسێنراوە،بەڵام مايەى شانازيمانە كە ئێمەى كورديش وەک هەر نەتەوەيەكى تر لە دێر زەمانەوە خاوەنى ئاڵاى تايبەت بە خۆمانين،بە ئاوەڕدانەوەيەكى خێراش بە میژودا دەبينين كە:       

سەرەتاى دروستبونى ئاڵاكەمان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاكانى سەدەى بيستەم،لەو سەردەمەدا كە ژمارەيەک روناكبيرو سياسەتمەدار و كەسايەتى ناسراوى كورد لە ئەستەنبوڵ سەرقاڵى دامەزراندنى (كۆمەلە و ڕیكخراوە كورديەكان) و دەركردنى (گۆڤار و ڕۆژنامەى كوردى) بون،وەک سەرەتایەک ئەو شێوە ئاڵايەى كوردستان كە ئيستا هەمانە لەسەردەستى (كۆمەڵەى تەشكيلاتى كۆمەڵايەتى جەمعيەت تەعالى كوردستان) بەسەرۆكايەتى ئەمين عالى بەدرخان و بەبەشدارى ژمارەيەک لە كەسايەتى ناودار لە ساڵى ١٩١٩دروستكراوە. 

 

لە ساڵى ١٩٢٧ كە لە وڵاتى لوبنان لە يەكگرتنى (جمعيەت تەعالى كوردستان وكۆميتەى ئيستقلال وكوردستان ميليەت و كوردستان تەشكيلات) كۆمەڵەى خۆيبون پێكهێنرا،و دواتر لە ساڵانى (١٩٢٨-١٩٣٠) مەڵبەندى گشتى ئەو كۆمەڵەيە لە شاخى ئارارات لە ئاگرى داغ بەسەرۆكايەتى(فەرماندەى گشتى هێزە چەكدارەكان ئيحسان نورى پاشا)دەسەڵاتێكى خۆ بەڕێوەبردنيان  دامەزراند،لەو سەردەمەدا جگە لە هەبونى ئاڵايەكى تايبەت بەو ڕاپەڕینە ئاڵاى كوردستانيش بەرزكراوەتە.    

 

لە هەر دو قۆناغى حوكمڕانى شێخ مەحمودى نەمردا لە ساڵانى ١٩١٨ و ١٩٢٢دا لە شارى سلێمانى، حكومەتى كوردستانى جنوبى خاوەنى ئاڵاى تايبەتى خۆى بوە 

 

لە 17ى كانونى يەكەمى ١٩٤٥ لە ئاهەنگێكى گەورەدا  لە گۆڕەپانى چوارچرا لەشارى مهاباد لە ناوچەى موكريان,لە نێو ئاپۆڕاى جەماوەردا بە ئامادەبونى پێشەوا قازى محەمەد لە جێى ئاڵاى ئەو سەردەمەى ئێران كە ڕۆژێک پێشتر لە سەر دام و دەزگاكانى شار داگيرا بوو،ئاڵاى كوردستان وەک ئاڵاى كۆمارى ديموكراتى كوردستان لە پايتەختدا هەڵكرا،ئاڵاكەمان لەو سەردەمەدا كە لە هەموو ناوچەكانى سنورى كۆمارى كوردستان دا هەڵكرا، هەمان ڕەنگەكانى ئيستاى ئاڵاى كوردستان بوە، بەڵام لە هەر دوو لاى تيشكى خۆرەكە دو گوڵە گەنم هەبوە،لەگەڵ كتێبێک وقەڵەمێک لە ناوەڕاستى خۆرەكەدا. 

 

لە دێرزەمانەوە هاتا ئيمڕۆش ئاڵاکەمان پێمان ئەڵێت كە ڕەنگى سور نيشانەى بەردەوامى خەبات و نەبەزينە ، ڕەنگى سپى نيشانەى پاكى وراستييە، ڕەنگى سەوز نيشانەى بەپيتى خاک وپڕە لە سەوزايى وبەربومى دەغڵودان و كانگاى زێڕو زيوە، هەتاويش لە ناوەڕاستى ئاڵاكدا سمبولى ئازاييە.

 

لە ساڵانى ١٩٧٠ بە دواوە ناو بە ناو لە هەر بەشێكى نيشتيماندا بە ئاشكرا يان نەهێنى لە خەباتى شاخ وشاردا،ئاڵاى كوردستان بەرزكراوەتەوەو،ئەى ڕەقيبيش وەک مارشى نيشتيمانى هەستى نەتەوايەتى تاكى كوردى جوڵاندوە،لە دوايى ڕاپەڕینى بەهارى ١٩٩١ جگە لەوەى كە بە ئازادانە ئەى ڕەقيب بە ڕۆحى هاونیشتیمانیان ئاشنا بوو،ئاڵاكەشمان لەشارو دێ لە شاخ ودەشتى باشوردا دەگەشايەوە،لەساڵى ١٩٩٩ پەرلەمانى كوردستان بە قانونى ژمارە ١٤ ئالاى کوردستانى پەسەند کرد،لەو کاتەوە لە دامەزراوە فەرمى و نافەرمییەکاندا،وەک ئاڵاى نەتەوەیى مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت، ئالاى كوردستان کە پەرلەمان بڕيارى لەسەر داوە،تيشكى خۆرەكەى ٢١دانە تيشكەو لە چوار ڕەنگى ( سوور،سپى،زەرد، سەوز) پێكهاتوە، جياوازى ئەم ئاڵايەى ئيمڕۆمان لەگەڵ هەندێک سەردەم و شوێن دا (تەنها لە شێوە و قەبارەى خۆرەكە و تيشكەكان) دا بەديارئەكەوێت،لە ساڵى ٢٠٠٠ بە دواوە زۆرينەى گەلى كورد و نزيک بە سەرجەم ڕێكخراوە سياسيەكانى کۆى بەشەكانى كوردستان  ئاڵاى كوردستانیان وەک ئاڵاى  نەتەوەى كورد و سرودى ئەى ڕەقيب وەک مارشى نيشتيمانى پەسەند كردوە، لە يەكى تەموزى ٢٠٠٣ دا لە هەرێمى كوردستانى عێراقدا بە بڕيارێكى فەرمى ئاڵاى كوردستان لە پاڵ ئاڵاى عێراقدا لە هەمو دامو دەزگا حكوميەكان هەڵكرا.     

 

لەئيمڕۆ دا ئازادانە لە بەشێكى نيشتيماندا ئێمەش وەک هەر نەتەوەيەكى ترى سەر ڕوى ئەم زەمينە خاوەن ڕەمز و ناسنامەى نەتەوەين، هەر چەندە ئاڵاى كوردستان ئاواتى لەمێژينە وخەونى ئەم نيشتيمانە پەرت و گەلەپەژموردەيە بووە،ڕەمزى بەرخودان و فيداكارى وهێماى بون و مانى كورد و كوردستانيش بووە، بەدرێژايى مێژو هەر كاتێک كورد ئاڵاى نيشتيمانى لە پێناو سەربەخۆيدا بەرز كردبێتەوە دوژمنان كۆک بون لەسەرئەوەى دژايەتى بكەن،ترس وهەرەشەيان دروستكردوە،بە جياوازى سەردەمەكان ئەوەى لە ئيمرۆماندا زياتر لە ترسە دەرەكيەكان مەترسيدارتر و ترسناكتر وپڕ كێشەترە كاڵبونەوەى ئينتيماى نەتەوەى و زاڵبونى ڕۆحيەتى سالارێتى حيزبیەکانە، لايەنە سياسيەكانى ئەم بەشە ئازادەى نیشتیمان كە لەساڵانى شەستەكانى سەدەى بيستەمەوە لە پاڵ حەماسى شۆڕشگيَڕى و بەرخودانى گەلدا،ڕەوشێكى پڕ لە حەماسى شۆڕشگێڕى حيزبيان هێناوەتە بون،كە تائيمڕۆش لە ئەجينداى حيزبايەتياندا ڕەنگدانەوەى هەيە، ساڵانێكە توانیویانە ئارەزومەندانە ناوچەكان ڕەنگ بكەن ڕەنگەكانمان لا جياواز وپەسەند وناپەسەند بكەن ,بەڵام نەيانتوانى دواى سەپاندنى هەموو جۆرەکانى سالارێتیان،ئاڵاى حيزب لەبرى ئاڵاى نيشتيمان لاى هەمو تاكەكانى نيشتيمان پرۆز بكەن. 

 

لە ١٧ى كانونى يەكەمى هەموو ساڵێک كە ڕۆژى ئاڵاى كوردستانە پێويستە ئەوەمان لە بيرمان بێت كە بە درێژايى مێژو سەرەڕاى بەكارهێنانى  شێوازەكانى لە ناوبردن وهەوڵى سڕينەوەى ناسنامەمان،وەک لەسرودى ئەى ڕەقيب دا شاعير ئەڵێت: كەس نەڵێ كورد مردوە،كورد زيندوە،زيندوە قەت  نانەوێ ئاڵاكەمان

 

ئاڵای حكومەتی كوردستانی جنوبی لە سلێمانی    ئاڵای كۆماری كوردستان لە مهاباد   ئاڵای كۆماری ئارارات لە ئاگری داغ (باكوری كوردستان)


 

 

   
لە ڕۆژى ئاڵادا ودواى زیاتر لە ٣٠ساڵ حوکمڕانى ئەم وێنەیە بۆ خۆى ئەدوێ 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن