توێژینەوە یەکەم هەنگاوى چارەسەرکردن؟!
7/26/2022 9:35:00 AM
501 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد حەمە ساڵح
سەرەتا پێویستە ئەو
ڕاستیە بیر هەموان و تایبەتتر فەرمانڕەوایانى حكومەتداری بخەینەوە،كەسایەتیەكی
سەركەوتوو
كە خۆی بە پێشەنگێكی كاراو لێهاتوو و ڕاستگۆ و خەمخۆر بزانێت، پێویستە بەم
خاڵبەندیە زانستیانەی خوارەوە هەنگاو بۆ چارەسەركردنی كۆی كێشەو قەیرانەكان بنێت.
*زانین و سەلماندنی كێشەكان و دەستنیشانكردنی كێشەسەرەكیەكان
*دەستنیشانكردنی هۆكارە سەرەكیەكان
*دەستنیشانكردن و هەڵسەنگاندنی ئەگەرە چارەسەریەكان
*دیاریكردن و جێبەجێكردنی باشترین
چارەسەر
*دواتریش دڵنیابونە لە دروستیی چارەسەرەكە
لێرەوە
دەگەینە ئەو ڕاستیەى، کەبۆ چارەسەرى هەر قەیرانێک سەرەتا پێویستە جۆرى قەیرانەکە
دەستنیشان بکرێت،قەیرانەکە قەیرانێکى(سیاسى،ئابورى،کارگێڕى،کۆمەڵایەتى....هتد)،ئەم
دیاریکردنە کلیلى کردنەوەى ڕوانینەکانە،لەوسەرەتایەوە یەکەم هەنگاوى ڕێگاى توێژینەوەى
زانستیانە دەستپێدەکات،کە زانین
ودەستنیشانكردنی کێشەکان و هۆكارەکانى سەرهەڵدانە ،لێرەوە زانیارى وورد و دروست بە
مەبەستى شیکردنەوەى زانستیانە بە دەست دەکەوێت،لە ڕوانگەى توێژینەوەکانەوە
دەتوانرێت پێکهاتە وفاکتەر
و کاریگەریەکان بزانرێت،شێوازى هەڵسەنگاندنی ئەگەرە چارەسەریەكان، مامەڵەى گونجاو،دەستنیشانکردنى
پلان و جێگرەوەى گونجاو دابنرێت،دواتر هەنگاوەکان بە کردار جێبەجێبکرێن و سەرکەوتنیش کۆتایى هێنانە بە کێشە و ئاریشە و قەیرانەکان.
لەتوێژینەوەى قەیراندا،گرنگترین و سەرەکیترین ڕێگا ڕاست و زانستیەکان،کە
هەنگاوەکانى چارەسەرکردنن بریتین لە:
١-شیکارى:- باسکردنى دیاردەوناسینەوەى ڕووخسارى گشتى قەیرانەکە و جۆر و پێکهاتەو
توخمەکان و فاکتەر و بوار و ڕەهەند و هۆکارو کاریگەریەکانى قەیرانە.
٢-مێژووى:- بۆ هەر یەک لە قەیرانەکان لێکۆڵینەوە لە پاشخانى ڕودانى قەیرانەکە،وهاوشێوەى
ئەو قەیرانە لەڕابردوودا ،وەک هۆکار و ماوەو مەوداى سەرهەڵدان و درێژخایەنى
کاریگەریەکانى ، ئەمەش کە دۆزینەوەى ڕەگ و ڕیشەى مێژووییە،هۆکارێکى ترە بۆ
دۆزینەوەى ڕێگا چارەسەریەکان.
٣-
توێژینەوەى حاڵەتەکان:-چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ ڕوودانى هەر حاڵەتێکدا،کەدەبێتە
هۆکارى پێشێلکاری یاسایى، کارگێڕى،نادیارى و ناڕۆشنیە دارایەکان، لە کایە سیاسى و
کۆمەڵایەتیەکانیشدا لادان لە پێوەر و داب و نەریت وبەها بەرزە مرۆڤایەتى و
نیشتیمانیەکانە،دووبارە بوونەوەى حاڵەتەکان واتاى بوون بە دیاردە زۆربوونى دیاردە
جۆراو جۆرەکانیش واتا سەرهەڵدانى قەیرانەکان.
٤-بەراوردکارى:- بەراوردکارى لە نێوان دوو حاڵەت،دوو دیاردە،دوو قەیرانى هاوشێوە،کە دەکرێت کۆن و نوێ بن و لە دوو کات و
دوو شوێنى جیاوازدا ڕویاندابێت، ئەم بەراوردکاریە لە شوێن و ژینگە جیاوازەکاندا،بۆ
دۆزینەوەى خاڵە هاوبەش و لێکچوو و جیاوازەکانە،بۆ تێگەیشتنە لە ڕەوشى ڕوودان و
کاریگەریەکان و دۆزینەوەى ڕێگاچارەسەریەکان،ئاسانکاریە لە گەیشتن بە کۆتاییەکى
ئومێد بەخش،لەبەراوردکاریدا،کات و شوێنى ڕوودان، هۆکار و فاکتەرەکان، ڕێژەى زەرەر
و زیانە مادى و مرۆیەکان،لە گرنگترین بنەماکانى بەڕێوەبردنى قەیرانن.
ئەو خاڵانەی سەرەوە ڕێگە
ڕاستەكەی چارەسەركردن و پێشكەوتن و بنیاتنانن، کە ئەتوانرێت هەڕەشەکانى قەیران
بگۆڕدرێن بە دەرفەتى ئومێد بەخش،نەک ئەو نەزانین، گوێپێنەدان، کەمتەرخەمیانەى
لە مەڕ ئێمە كە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕەوشە نەخوازراوە دژ بە شکۆداریەکانى خاک و خەڵک ئاڵۆز
و ئاڵوزتر دەكات.
كەواتا پێویستە کارەکتەرە
سالارێتى خوازەکان،سیاسیە نانیشتیمانیەکان، ڕۆشنبیرە حیزبیەکان،ڕێکخراوەکانى بەناو مەدەنى و بەناو نیشتیمانى،کە
خوڵێقێنەری قەیرانەكان،پێش هەموان ئەو ڕاستیانە بزانن،کە ڕوودان وبەردەوامى
کارەسات و قەیرانەکان، پاشماوەو شوێنەوارى خراپ لە دواى خۆیان بەجێ دەهێڵن،هەر
بۆیە لەژێر دروشمى بنیاتنان و ئاوەدانى،پێویست بوو لە کۆى کایە،سیاسى،
ئابوورى،کارگێڕى، کۆمەڵایەتى، دەروونى، ،ڕۆشنبیرى، یاسایى و
ڕاگەیاندن و...........هتد،توێژینەوەى هەمەلایەنەى مەیدانیانە بکرایە،بەڵام
بەداخەوە لاى خۆمان سەرەڕایى بوونى هەزارەها خاوەن بڕوانامەى بەرز لەو
بوارانەدا،وە خاوەنى ئەو هەموو بەناوپێشەنگە سیاسیانە،کەچى جگە لەوتوێژینەوانەى
،کەبۆ مەبەستى وەرگرتنى بڕوانامە باڵاکان نووسراون،لە بازنەکانى بوون وکرداردا،خاوەنى
هیچ توێژنەوەیەکى زانستیانەى نیشتیمانیانە نین،هەر بۆیە لە بەردەوامى ناسیاسى
نیشتیمانى و نائۆقرەیى کۆمەڵایەتیەکانەوە هەزارەها کاریگەرى خراپ کەوتۆتەوە و
دەکەوێتەوە.
دوا
ووتە: پێویستە هەموان ئەو ڕاستیە بزانین،كە كۆی
قەیرانەكان زەنگن وپێمان دەڵێن: ئێمە وەک تاک پێویستمان بە
ژیانێكی شایستەیە،ئێمە وەک نەتەوە پێویستمان بە پێشكەوتن و بنیاتنان و
دیموكراتیەتە،ئێوەش وەک سەركارێكی خۆسەپێن کە لە كۆتایدا هەر تاكێكی ئەم
نیشتیمانەن، پێویستە رەحم بە دروشمە سیاسیە نیشتیمانیەكانتان بكەن،تا لە ئایندەدا
مێژوو بە رەحمەوە باستان بكات.