پەیڤێک بۆ ڕەوشى هەرێم لە جۆرەپەیوەندیەکى خێزانیەوە!؟
6/3/2020 2:14:00 PM
ئەحمەد حەمە ساڵح
ئەگەر هاتوو لە خێزانێکدا،باوک و براگەورەکەیان لە ژێر چەترى سالارێتى و لە بازنەى بوغز و رق و قین و لە ڕەوشى یەکتر قبوڵنەکردن و بەردەوامى شکاندنى شکۆى پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا،کە چەکى دەستیان بەڵێنى درۆ بێت،ئەو دەمە ئەو دوو کارەکتەرەنەشیاو نەگونجاوە لە دەرەوەى بازنەکانى نرخ و بەهاو نەریتە باشەکۆمەڵایەتیەکاندا،ژیانى ڕۆژانەى ئەو خێزانە پڕ نەهامەتى وشپرزەى دەکەن و کیشە دواى کێشە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە ، لەو ڕەوشە نا ئارام و ناتەبایە خێزانیەدا ،دایک لە نێو هەنسکى قوڵ و ڕژانى فرمێسکدا،هاوارو ناڵەو نزاو پاڕانەوەى دەگاتە ئاسمان،بەڵام ئەفسوس کەس کوێ بۆ پاڕانەوەى فرمێسکەکان و سۆزى هاوارەکانىناکرێ ،لەو ڕەوشەدا ئەندامانى ترى خێزانەکە لەلایەک لە نێو بەردەوامى هاوار و هەڕەش و توڕەبوونى باوک و براگەورە و لەلایەکى تریشەوە لە نێو و خەمخۆرى وسۆزو گریانى بێدەسەڵاتى دایکیاندا،لە دووڕیان و بازنەکانى چەواشەکارى و دەمامکدارى ڕاستگۆیى و بێ متمانەیدا بێ چارە لەنێو شپرزەیەکاندا تا ئاستى دابڕان لە کۆى خۆشیەکان و تا شکاندنى شکۆدارى ژیانویستى بەدیار ڕەوشى سالارێتى باوک و براگەورە و دەنگ و ناڵەى نەبیستراوى دایکیانەوە ژیانێکى دوور لە بەهاى مرۆڤویستى و خێزاندارى دەگوزەرێنن،دەمێک دەکەونە ژێر کاریگەرى ڕەوشە سالارێتیەکانەوە و دەمێکیش بەئاشکراییەکى کەم و نەهێنیەکى خۆپارێزى زۆرەوە لەگەڵ دایکیاندا فرمێسک بۆ مەینتیەکانى ژیان و بێ نرخ بونى کۆى بەهاکان دەڕێژن.
لەم چیرۆکەوە دەمەوێت بچمەوە بۆ نێوکایە سیاسیەکان وحکومەتداریە شێواوەکەى لە مەڕخۆمان،وەک لە چیرۆکەکەدادیارى باوک و براگەورەکە وێنەیەکن بۆ حکومەت و حیزبەکان کە خاوەن و خوازیارى چەک و دراون،لە ژێر چەترى سالارێتیى و لەبازنەى درۆزانیدا،درێژە بە ڕەوشى پۆپۆلیستانە و ناپێشەنگبونانەى خۆیان دەدەن،دایکیش وێنەیەکە بۆ (کۆى ڕۆشنبیران و نوسەران و ڕەخنەگران و کەسایەتیە خاوەن ئەزمونەکانى ژیان)،کە لە ژێر چەترى مرۆڤویستى و نیشتیمانیبوندا، تەنها خاوەنى پێنووس و هزرو بیرى گەشە و بنیاتنانن،لەدەرەوەى ویستى سالارێتیە کەسى و حیزبیەکاندا،بۆگەیاندنى پەیامەکان و ڕاستکردنەوەى هەڵەکان کار بۆ هۆشیارکردنەوەى گشتى دەکەن،ئەندامانى ترى خێزانەکە،هاوڵاتیانى بەشمەینەتى نیشتیمانن،کە لە دەستاڕى سالارێتیەکاندا تووشى کۆى نائارامى و نادادى و ناڕوونى و نایاسایەکان بوونەتەوە.
وەک چۆن ڕەوشى خێزانەکە لە نەزانینى بەڕیوەبردن و پێشەنگایەتى هەڵەدا بەدەست سالارێتى باوک و براگەورەوە لە بەردەم هەڕەشەى پەرەتەوازەیى و هەڵوەشانەوەدایە ، ئاواش ڕەوشە درێژخایەنە شپرزەیەکەى هەرێم کە داماڵراوە لە کۆى نرخ و بەهاکان بەدەست نەریتى سالارێتى حیزبەکان و حکومەتى حیزبی و کارەکتەرە پۆپۆلیستەکانەوەگەیشتۆتە ئاستێکى مەترسیدارى بێ متمانەیى،متمانە لە نێوان حکومەت و حیزبەکان و تەنانەت ناوخۆى حیزبەکان و کۆمەڵگاى بەناو مەدەنى و تا بۆ کۆى تاکەکانى نیشتیمانیش نەماوە،هەموان درۆ لەگەڵ یەکتریدا دەکەن،تا واى لێهاتووە ئەگەر ڕاستیش مابێ و بوترێ بڕوا بە ڕاستیەکانى یەکتریش ناکەین،خوڵقێنەرى ئەم ڕەوشى بێمتمانەیەش هەر لەسەرەتاوە درۆکردن بووە،درۆ لەهەموو شتێک و درۆ لەهەموو کایەکان و تەنانەت درۆ لەگەڵ بیروباوەڕە خودیەکانیشدا،بەدرۆ زۆر ڕاستى شێوێندراو زۆر ناحەقى کران بەحەقدار و هەر بەدرۆش ڕەوایى درا بە هەموو ناڕەوایەکان ،دەرئەنجام وەک پێشبینى دەکرا گەیشتین بەم ڕەوشە تەواو شێوێنراوە،کە دواى خاڵى بێ متمانەییە.
بەهەر حاڵ لە ژێر دروشمى (بەردەوامى ژیان و پێویستى گەشبینیدا)، پەنجەرەیەک بۆ دەربازبوون دەگەینەوە،کە مەنفەسێکەو لە هەمان کاتدا دەبێتە دەستپێک بۆ کردنەوەى دەرگاکانى تێپەڕاندنى ئەم قۆناغە شکستخواردووە،ئەویشپەیڕەوىپەیامەکانى وێنەى سێ مەیمونەکەیە کە وەک کلتوورێکى ڕۆژئاوایىناسراوە،وێنەک پێمان دەڵێت پێویستە بۆ گەڕانەوەى متمانە بڕیار بدەین ئیتر کارەبەدەستانى ئیمڕۆ یان سبەى درۆنەکن و درۆى پۆپۆلیستەکان نە ببیستن و درۆى پێنووسە هەڵپەرستە حیزبیەکان نەببینن، ئەگەر لە کۆى کایەکاندا پێشەنگە ڕاستگۆکانى ئیمڕۆ یان سبەى بیانەوێت درۆزنەکان بدۆزنەوە ئەوە لە ڕوخسارى خودى درۆزەکاندا هەوارو نیشانەى هەلپەرست و درۆزنی دەبیسترێ و دەبنرێت.
دوا وتە بە کورتى بۆ ئەوانەى کە تروسکاییەک هەستى مرۆڤویستى و نیشتیمان پەروەرى و خۆزگەیەک بۆ پاکبوونەوە و هیوایەک بۆ تۆمارى مێژویەکى پاک دەخوازن، با تەنهاو تەنها کوێ لە دەنگى ڕۆشنبیران و هەستى مرۆڤویستى ڕەخنەگرانى نیشتیمانى بگرن،دڵنیابن ئەگەر ئەوانە ژماریەکى کەمیش بن، وەک وێنەى دایکە بۆ خێزانەکەى،چونکە هەر ئەواننلە بازنەى چەمکى هاوڵاتیبونەوە دوور لە بۆنى خوێن و بوغز و رقى سالارێتى،ڕاستگۆیانەو گەشبینانە،دوور لە بەرژەوەندى خودى بۆ کۆى چەمکەکانى مرۆڤویستى و نیشتیمان ویستى و بێکەوەیىدەسوتێن.