وتار

سووڕى ژیانى قەیران !؟

8/8/2022 5:14:00 PM 317 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد حەمە ساڵح

قەیران لە دەستپێکەوە تا کۆتایى، وەک هەر دیاردە و ڕەوشێکى نائارامى کۆمەڵایەتى و ناڕۆشنى سیاسى،لە هەر بارودۆخێكى ناڕوون و ناجێگیرى یاسایی وکارگێڕیدا، لە ژینگەیەکى خوڵقێنراوى دژ بە شکۆداریەکانى خەڵک و خاک، بەچەند قۆناغێکدا تێپەڕدەبێت، شارەزایان و ئەزمونداران و توێژەران،قۆناغەکانى هەر قەیرانێک،وەک سووڕى ژیانى هەر بوونەوەرێک، و سووڕى تەواوکارى نەخۆشیەکان وێنادەکەن.
لەو ڕوونکردنەوەیەى سەرەوە،کە بۆ هەموو جۆرە و قۆناغەکانى قەیران دروستە،لە خوارەوە باسێک لە دابەشکاریى و سووڕى ژیانى قەیران دەخەینە ڕوو.


١- قۆناغى دەرکەوتنى نیشانەکانى قەیران:-


 لە پێش ڕوودانى هەر کێشەو کارەسات و قەیرانێک،هەندێک لە ئاماژەکانى ڕوودانیان بەدەردەکەون،کە وەک زەنگێکن،ئەگەر حکومەت و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى،بەئامادەکارى وپلانى خۆپارێزى ڕووبەڕووى نەبنەوە، بازنەکانى ڕوودان و ئەگەرى زیانەکانى فراوانتر دەبن،نموونە لە کارەساتە سروشتیەکان،ئەگەرەکانى روودانى لافاوو ئاگرکەوتنەوە،لە کارگێڕیدا دەرکەوتنى سەرەتاکانى پێشێلکاریە یاسایەکان و پلە بەندى هاوڵاتیبوون،کە نایەکسانیەکان و جیاوازیەکانە لە ئەرک و مافدا،هەروەها بەدەرکەوتنى کێشەکانى ئاو و خۆراک و سەرەتاکانى کەمى و خراپى خزمەتگوزاریەکان،لە کایە کۆمەڵایەتى و نیشتیمانیەکەشدا سەرەتاکانى دەرکەوتنى شکاندنى شکۆداریەکانى خەڵک و خاکە،
لەم قۆناغەدا،بەداخەوە وەک حوکمڕانى دەیان ساڵەمان،کە ڕێگرى نەکراو ناکرێت،حاڵەتەکان بوون و دەبنە دیاردە،و چوون و دەچنە قۆناغێکى مەترسیدار و ترسناکترەوە.


٢- قۆناغى تووشبوون بە ڕوودانى قەیران:-


لە جۆرەکانى قەیراندا،ئابوورى،سیاسى،کارگێڕى،کۆمەڵایەتى،ڕۆشنبیرى ،یاساى و خزمەتگوزارى،کە بە هۆکارێکى سروشتى یا دەستکرد،لە نەزانین،گوێپێنەدان،کەمتەرخەمیەوە ڕووبدەن،قۆناغى ڕوودانى راستەقینەى قەیرانە،لەم قۆناغى تووشبوونەدا، ناسینى گرفتەکە،دەستنیشانکردنى هۆکارو کاریگەرى و ڕەهەندەکانى،خێراى بەدەمەوەچوون و وەڵامدانەوەى داواکاریەکان، بوونى پەیوەندیەکى بەهێز لە نێوان حکومەت،تۆڕەکانى ڕاگەیاندن،ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى وهەمئاهەنگى دەرەکى، لەو هەنگاوو ڕێ و شوێنە سەرەتایانەن،کە بە کارى کردارى لە پلانى پێش وەختەى ئامادەکراوى کورتخایەن و مامناوەند و درێژخاندا، ئەتوانرێت قەیرانەکە کۆنترۆڵ بکرێت.


لە لای ئێمە کە زیاتر لە سێ دەیەى حکومڕانیمانە، کۆى کێشەو قەیرانەکان مەترسیدارانە تووشى شپرزەیى سیاسى،ئابورى، کارگێڕى و کۆمەڵایەتى کردوین،بە کەڵکەبونى قەیرانەکان و فراوان بونى بازنەى سالارێتیەکان و تەسلیمبون بە ئەجێندا دەرەکیەکان و مانەوە لە ڕەوشەکانى چەواشەکاریدا، لە کۆى کایەکاندا گوزەرانمان بەردەوام خولانەوە بوە لە نێو بازنە داخراوەکاندا.


لەئیستادا کە بە قۆناغێکی پڕ لە تەنگەژەو کێشەو بێمتمانەی و نائومێدیدا تێپەڕدەبین،ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەر قەیرانەو قەیرانی گەورەتر بە دوای خۆیدا دەهێنێ لەکۆى بەردەوامى نەبوونیەکان،خراپیەکان،کێشەکانەوە،بازنەکانی ستەم، نادادی،نائارامیەکان فراوانتربووە، وەک دەبینین نە لە هەنگاوەکانى بنیاتنان و نە لە هیچ جۆرێکى قەیراندا،نەگەیشتین و ناگەینە کۆتا قۆناغ کە قۆناغى دواى قەیران و بنیاتنانەوەیە.


لە سۆنگەی كۆڵنەدان بۆ  شكۆداربونی خاک و خەڵک، وەک بیرمەندان و ڕۆشنبیران و   ئازادیخوازان لایان وایە, پێویستە بەردەوام لە ناو شەپۆلەكانی بێهیوایدا بەلەمی رزگاری دروست بكرێت، لێرەدا بۆ ئایندەیەکى دوور یان دوورتر،بە ئومێدى سوود وەرگرتن و وانەیەکى فێرکارى، لە خوارەوە قسەیەک لە سەر کۆتا قۆناغەش دەکەین


3- قۆناغى دواى قەیران:-


ئەم قۆناغە،کەگەڕانەوەیە بۆ بارودۆخى ئاسایى،بەکردارکردنى ڕێ و شوێنە چارەسەریە بنەڕەتیەکانە، بەدەستهێنانى دڵنیاییە لە باشى و دروستى هەنگاو ڕێگا چارەسەریەکان،کە بە بەردەوامى پەیوەندى بەهێز و بەرهەمدارى لایەنە پەیوەندارە ناوخۆى و دەرەکیەکان دێتەدى ، کۆى هەنگاوە چارەسەریەکانیش واتاى سوور بوون لەسەر پارێزگارى لە شکۆدارى خەڵک و پایەو پێکەى دامەزراوەکانى حکومدارى،ئەم هەنگاوانەکە بەرەوهەورازى سەرکەوتنن،پێچەوانەکەشى لە بازنەکانى نەزانین، گوێپێنەدان ، کەمتەرخەمیەوە،مانەوەیە لە ڕەوشى چەقبەستووى و خەرقبوونە لە قەیرانەکان و بەردەوامى خولانەوەیە لە نێو بازنە داخراوەکاندا. 


دوا ووتە لە ووڵاتە سیستەمدارەکاندا ماوەیەک بۆ لاواز بوون و نەمانى کاریگەریەکانى هەر کارەسات و قەیرانێک هەیە،بەڵام لە سنورە فەرمانڕەوایەتیە ناسیستەمدارەکاندا،لە بەردەوامى ناسیاسى نیشتیمانى و نائۆقرەییە کۆمەڵایەتیەکانەوە ، کەکێشە و کارەسات و قەیرانەکان،دەسپێکیان هەیە و کۆتاییان نییە،بە درێژایى فەرمانڕەوایەتیە سالارێتیەکان،قەیرانەکان کەڵەکە دەبن و ،لە بازنەى چەمکى هاوڵاتیبوندا، پێناسەیەک نادۆزیتەوە بۆ سەلماندنى شکۆداریەتى خەڵک و خاک و حکومەت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ