734وتار

لە نائەخلاقیی سیاسیەوە بۆ مەترسیەکانی بێمتمانەیی!؟

12/3/2021 8:00:00 PM
ئەحمەد حەمە ساڵح


سەرەتا زۆر بەکورتی پێناسەیەکى ئەم چەمکانەی خوارەوە دەخەینەڕوو،تا لەکۆژانەکانی نائومێدییەوە، لە هۆکارەکانی خەمی دابڕان،شێواندنی پیرۆزیەکان، بەردەوامی دزی و درۆکان،شکاندنی شکۆکانی خاک وخەڵکەوە، لە فراوانبوونی بازنەی سەپاندنی سالارێتیەکانەوە لە مەترسیەکانی بێمتمانەی بدوێین.

سیاسەت:- لە بازنەى فکر و پاراستنی بەرژەوەندی گشتیدا،بۆ چوون و پێناسەى جیاوازی هەیە،زۆر بە کورتى ئەوەى کە زۆرینەى بیرمەندان لە سەرى کۆکن دەڵێن: سیاسەت پرۆسەیەکى بەردەوامى کارو بڕیاری بەرهەمدارە،هونەرى کەڵک وەرگرتنە لە دەرفەتەکان ،لە بازنەى حکومەتداریدا نەخشە ڕێگاو پرۆگرامە بۆ بەڕێوەبردن،هونەرى ڕێکخستنى کۆمەڵگایە و هونەرى مومکینە بۆ بەدیهێنانى کۆى خۆشگوزەرانیەکان.

ئەخلاق:- بۆ تێگەیشتن لە نا ئەخلاقی سیاسی،ئەو پرسیارە دێتە پێش، ئایا  ئەخلاق کە پرسێکی کۆمەڵایەتیە،دەتوانێ پرسێکی سیاسیش بێت؟،بۆ وەڵامی هەرپرسیارێکی تایبەت بە ئەخلاقی سیاسی، پێویستە ئەوە بزانین کە ئەخلاق یەکێکە لە بەشەکانی فەلسەفە، لە بازنەکانی چاک و خراپ،باش و هەڵە،ڕاست و نادروستدا،هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی کار و کردەوەکانە.

ئەخلاق لە ڕوانگەی فەیلەسوفان ئەفلاتون و ئەرستۆ وە بە کۆڵەکەی سیاسەت دادەنرێت،لەڕوانگەی میکیاڤێلەوە هیچ شتێ سیاسەتمەداران پابەند ناکات بە رەوشتە باشەکان،بەڵکو بۆ وەدەست هێنانێ دەسەڵات و مانەوە پەنا بۆ فێڵ و درۆدەبن.

فەیلەسوف کانت پێی وایە کە مرۆڤێکی سیاسی دەبێ خاوەنی ئەخلاقێکی باش و شایستە بێت. .

لادان لە نەریتە باشەکان و زەوتکردنی مافەکان ودابیننەکردنی پێداویستیە گشتیەکان،کۆمەڵگە دەخاتە خانەی بێ ئەخلاقیەوە، هەر وڵاتێک یا حزبێک یا گروپێک یا هەر تاکێک،کە پەنا بۆ توندو تیژی وشەڕ و تاڵانکاری ببات،وبەردەوام بازنەوتۆڕەکانی درۆ و دزی فراوان بکەن،مانای ئەوەیە کەبنەما ئەخلاقیەکانیان لاوازە،هەر بۆیە لە روانگەی ئەفلاتونەوە ئەو دەوڵەتە یا ئەو گروپە یائەوتاکە بەبێ ئەخلاق هەژمار دەکرێت.
کەبەدیهێنان و پاراستنی ماف و ئازادی و دادوەرێتی و سەروەربونی یاسا و یەکترقبوڵکردن و دابینکردنی خۆشگوزەرانیەکان لە بنچینەکانی ئەخلاقدا ئەرکی دەسەڵاتداران بن،لەبازنەی چەمکی هاوڵاتیبونیشدا،زانین و دابینکردن و پاراستنی ماف و ئەرکەکان، دەبنە هۆکاری دروستبونی متمانەبون ،کۆی ئەو راستیانەش پێمان دەڵێن کە هەبوونی ئەخلاقێکی باش بۆ مرۆڤە سیاسیەکان و کاربەدەستان لە پێداویستیە بنجینەیەکانی مرۆڤایەتین.

متمانە:-لە بازنەى مرۆڤایەتیدا،ئەو چەمکە فراوانەیە کە لەنێوان تاکەکان و گروپەکان و کاربەدەستاندا پەیوەندیەکى درووست دەهێنێتە کایەوە، ئەو پەیوەندیە کۆمەڵایەتى،سیاسی، ئابوری،یاسایی وکارگێڕیانە،لە کارى پێکەوەیدا و لە هەڵسەنگاندندا ،دڵنیا بوونە لە زانینی ماف و ئەرک ویەکترقبوڵکردنەکان، لە کۆی پێکە وکایەکانی سیاسەت وحکومەتداریشدا،کە پەیوەندیەکان لە بازنەى سالارێتیەکاندا سەپێندران،ئەوە وەک بینیمان و دەبینین بازنەى بێمتمانەیەکان فراوان و فراوانتر بون و دەبن.

کە متمانە و دڵنیایش پردەی دروستکردنی پەیوەندیە سودبەخشەکان بێت،ئەوە لە کۆی کایە سیاسی وکارگێڕی و کۆمەڵایەتیەکاندا، ئەو گرێبەستە ئەخلاقیەیە،کە مرۆڤەکان لە ڕووی باوڕەوە پابەند دەکات،لە هەر سنورێکی فەرمانڕەوایەتیشدا ،کە هەناوی حکومداری خاڵی بویەوە لە متمانەو دڵنیایی ئەوا ئەو دەسەڵاتدارێتیە بەرەو داخوران دەڕوات..

لەکەڵەکە بونی زیاتری ئەرکەکان و بەتاڵ بونەوەی دروشمەکان و فراوانتربونی جیاوازیەکاندا،بێمتمانەی و نەبونی دڵنیایی ترسناکانە
 باڵی ڕەشیان فراوانتر دەبێ ،ئەو کات هیچ نرخ و بەها و بایەخ و گرنگیەک بۆ فەرمانڕەوایەتی خۆماڵی نامێنێتەوە.




.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن