وتار

قەیران ،لە نێوان هۆکار و کاریگەریەکاندا!

2/27/2021 1:34:00 PM 800 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد حەمە ساڵح

حکومەتى هەرێم کە نزیک بە سێ دەیەى حکومڕانیەتى،بەردەوام لە کێشەو قەیراندا بوە، کێشە و قەیرانەکان دەستپێکیان هەبوە  و کۆتاییان نییە،کەڵکەبونى قەیرانەکان و فراوان بونى بازنەى سالارێتیەکان و تەسلیمبون بە ئەجێندا دەرەکیەکان و مانەوە لە ڕەوشەکانى چەواشەکارى و دژایەتیە ناوخۆیەکاندا، ئەو ڕەوشە نەخوازراوە سیاسى و کارگێرى و ئابورییەى لێهاتە بون،کە لەبرى گەش و بنیاتنان،لە کۆى کایەکاندا گوزەرانمان بەردەوام خولانەوە بوە لە نێو بازنە داخراوەکاندا.

کاتێک کە کۆمەڵگە توشى هەر قەیرانێک دەبێت، پێویستە گشت دامەزراوە حکومى و حیزبیەکان و گشت تاکەکانى کۆمەڵگا، بێجیاوازى کاریگەرى هەڕەشەکانى قەیرانیان لە سەر بێت وخۆیان لەگەڵ بارودۆخەکەدا بگونجێنن،نەک وەک لاى ئێمە کە حیزبەکان و کارەکتەرە دەستڕۆیشتوەکان،قەیرانەکان وەک دەرفەتێک بۆ سەپاندنى سالارێتیەکانیان بەکاردەهێنن و، هەڕەشەى قەیرانەکانیش تەنها بۆ خەڵکە بەشمەینەتەکە ماوەتەوە،خۆگونجاندنى گشت لەگەڵ بارودۆخە قەیراناویەکاندا هەنگاوى یەکەمى ناسینی کێشەکان و کاریگەریەکانى قەیرانە لە سەر هەموان .

هیچ کۆمانێکیش لەوەدا نییە کە قەیران هەمیشە هەڵگری مەترسییەکی زۆرە، بەڵام لە سنورى هەر حوکمڕانیەکدا کە وەک لاى ئێمە حکومەتى دامەزراوەى نیشتیمانى بونى نەبێت،ئەوە نەتوانراو ئەگەریش نیە بتوانرێت هەڕەشەکان کەمتربکرێنەوە،هەر بۆیە بەردەوام بازنەى قەیرانەکانمان مەترسیدارانەو ئاڵۆزاوترانە فراوانتر بون و دەبن،تەمەنێکە و بەردەوام نائومێدى و بێمتمانەیی و لێکترازانەکان لە دۆخێکەوە دەکەونە دۆخێکى نەخوازراوترەوە.

بۆ دۆزینەوەى هۆکارەکان و سەلماندنى کاریگەریەکان و دۆزینەوەى ڕێگە چارەسەریەکان ناسین و کاریگەریەکانى قەیرانەکان لە سەر هەموان بەشێکی گرنگە لە ڕەوتی به‌ڕێوه‌بردن،کەواتا ناسینی قەیران بە گشت ڕەهەندەکانییەوە مەرجێکی سەرەکییە و بوار دەڕەخسێنێت تا کۆمەڵگە کەمتر زەرەرمەند بێت،لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت،ئایا بۆچى حکومەتى هەرێم بەردەوام لە قەیراندایە؟ لەگەڵ هۆکارەکانى سەرهەڵدانى قەیرانەکاندا،کە زۆر بەکورتى بریتین لە،( هەڵگیرسان و بەردەوامى جۆرەکانى جەنگ و  نەبونى پلان و بنیاتنەنانى ژێرخانى ئابورى و پشت بەستن بە یەک تاکە سەرچاوەى ئابورى وپشت گوێ خستنى کۆى کەرتە ئابورى بەخشە بە هێزەکان و بەدامەزراوەى نەکردنى پایەکانى حکومەتدارى وگەندەڵى و بەهەدەردانەکان و نائارامیەکان و نادادیەکان و ناڕونیەکان و...هتد)لە بەردەوامى قۆناغى حکومەتدارى سالارێتى حیزبیدا،قەیرانەکان بەردەوام بون ودەبن و شتێکیش نەماوەتەوە و نامێنێتەوە ناوى شکۆدارى مرۆڤ و پیرۆزیەکانى نیشتیمان بێت.

لە دوای ناسینی لایەنە جۆراوجۆرەکانی قەیران پێویستە بە بەرنامە و پلانى کورت خایەن و درێژخایەنەوە،کۆى هاوڵاتیان لە ئاست و پێگە جیاوازەکانەوە، لە چوارچێوەی ڕێکخراوە سیاسی، مەدەنی و پیشەییەکاندا دەوری گرنگ ببینن لە به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ و چارەسەرکردنى قەیران،تا ئاڕاستەی قەیرانەکان لە هەڕەشەوە بۆ دەرفەت بگۆڕدرێ.
ئەو بەشداریەش  بریتییە لە:کەڵکوەرگرتن لە توانای تاک و دامەزراوە سیاسى، ئابورى،ڕۆشنبیرى و کۆمەڵایەتیەکان،تایبەتتریش ڕۆشنبیران و سیاسیە نیشتیمانیەکان و زانکۆکان کە سامانێکى گرنگن،لەسەر بنەماکانى زانست و زانیارى و هەڵسەنگاندن و بەدواداچون، بەشداریکردن لە پرۆسەکانى خۆگونجاندن وئامادەکارى و بڕیاردان بۆ چارەسەر، دەبنە هەنگاو بۆ گەیشتن بە ئامانجە نیشتیمانیەکان، لەکۆمەڵگە دامەزراوەکاندا هەموان بەئەرک و ئاستە جیاوازەکانەوە،هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن و بێ ترس و دڵەڕاوکێ، بیر لە ڕێگەچارەسەرەیەکان دەکەنەوە.

کاتێک تاک وگروپە سیاسى و کۆمەڵایەتیەکان،هەستیان بە بونی خۆیان کرد،ئەوا هەستی بەرپرسیارێتی بەهێز دەبێت. کۆمەڵگەیەکی بەهێزیش،واتاى بەشداریکردنی هەموان لە ڕوبەڕوبونەوە وخۆگونجاندن و ئامادەکارى بۆ نەخشەڕیگاى ڕزگاربون ،لێرەدا پرسیارێک لاى خوێنەر دروست دەبێت،ئەى بۆ لەلاى ئێمە بۆ هیچ کام لە قەیرانە کۆن و نوێکان بەشێوازى کەمکردنەوەى هەڕەشەکان هەنگاوەکانى چارەسەرکردن نەبوە و نیە؟ڕاستە بەنمونە لە تەمەنى حوکمڕانیمانەوە قەیرانە خزمەتگوزاریەکانى (ئاو،کارەبا،سوتەمەنى،ڕێگەوبان)،وە لە بوارى ئابوریشدا (نەبونى ئاسایشى خۆراک و سستکردنى کەرتە ئابورى بەخشەکان و نادادى و ناڕونى لە داهات و خەرجیەکان)،وە لەکایە سیاسیەکانیشدا( بێمنەت بون و بێمتمانەى و نائومێدیەکان بەردەوامن ) ، وەڵامەکەش ڕونە چونکە ئێمە بەردەوام لەدۆخى ڕەتکردنەوەى یەکترى و سەپاندنى سالارێتیدان،لە مێژە حیزبەکانمان نەیانتوانیوە ڕابردو تێپەڕێنن،هەر بۆیە لە دۆخى چەق بەستویى و نانیشتیمانبوندا  ماونەتەوەو هیچ کرێیەکى سیاسى، ئابورى،کارگێڕى و کۆمەڵایەتى نیشتیمانیان بۆ ناکرێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن