ئاگر هێماى نەورۆزە
3/21/2021 11:38:00 AM
ئەحمەد حەمە ساڵح
نەورۆز داب و نەریتێکی دێرینە،کە لە لایەن کورد و فارس و نەتەوەی دیکەوە، بە شێوەی جیاواز پەیڕەو دەکرێت، ھەندێ پێیانوایە زاڵبونی کاوە بە سەر زوحاکدا سەرچاوەی نەورۆزە، بەڵام نەورۆز زۆر لەو ئەفسانەیە کۆنترە. شارەزایانی نەورۆز، بڕوایانوایە جەمشێد کە یەکێک لە پاشاکانی پێشدادییەکان بوە، نەورۆزی داھێناوە. ژیانی ئەو پاشایانە لە ئەفسانە بەدەر نییە و بە سەرھاتەکانیان زۆر خەیاڵین و سەردەمەکەشیان دەگەڕێتەوە بۆ چاخە دێرینەکان.
جەژنی نەورۆز پێشینەى دورودرێژی ھەیە و بە پێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەو بوارەدا کراون، کۆنترین مرۆڤەکانی سەر گۆی زەوی، ئەو کاتەی کە لە ئەشکەوتەکاندا ژیاون، رۆژی یەکەمی بەھاریان کردوە بە جەژن.
لای کوردان نەورۆز تێکەڵ بوە بە کۆمەڵێک ئەفسانە، فیردەوسی دانەری پەرتوکی شانامە، بنەچەی نەورۆز دەباتەوە سەر ئەفسانەی کاوە و زوحاک.
لە کەس شاراوە نییە کە کورد ھەر لە کۆنەوە، گەلێکی ئاژەڵدار بوە و بە دەم ئاژەڵداریشەوە کشتوکاڵیشی کردوە، لە ژیانى کوردا گۆڕانە وەرزییەکان، گرنگی تایبەت بە خۆی ھەبوە، هەر بۆیە تەواوبونی وەرزی سەرما و سۆڵەی زستانی کردوە بە جەژن. مامۆستا ھێمن موکریانی جەژنی نەورۆز دەباتەوە سەردەمی ئاژەڵداریی و پێیوایە ئەو رۆژە رۆژی مەڕ زایینە. لەو سۆنگەیەوە ئەو ڕۆژە کراوەتە جەژن.
نەورۆز لە کوردەواریدا جەژنێکی تایبەتە و مێژویەکی کۆنی ھەیە. لە ھەمو شوێنەکانی کوردەواریدا ئەم جەژنە بەڕێوە دەچێ. یەکێ لە خاڵە ھاوبەشەکان لە نێوان زۆربەی کوردەواریدا ئاگر ڕۆشنکردنی نەورۆزە. یەکەمین نوسەری کورد کە بە کوردی باسی دابونەریتی نەورۆزی کردبێ ئەحمەدی خانی بوە. زۆرێک شاعیرانی تری کوردیش ھۆنراوەیان بۆ نەورۆز داناوە. ئاگر ھێمای نەورۆزە لەلای کوردەکان، ھەمو ساڵێکیش بە ئاگر یادی دەکەنەوە.
سەرەڕای ئەوەی،کە لە ھەندێ لە ئەفسانە کۆنەکاندا باس لەوە دەکرێ کە ئەو ڕۆژەی مرۆڤ بۆ یەکەم جار ئاگری تێدا دۆزیوەتەوە، دەکەوێتە کۆتا شەوی زستان و یەکەم رۆژی نەورۆز، بە گشتی ئاگر لە باوەڕی کۆنی کوردەواریدا ھێمایەکی لە مێژینەیە. کەس نکۆڵی لەوە ناکات کە بەر لە ھاتنی ئایینی ئیسلام کوردەکان زەردەشتی بون، ئاگر بەلایانەوە وەک ھێمایەکی پیرۆز پارێزراوە.
ھەر لە کۆنەوە مرۆڤ کە بیری لە پێکھاتەی جیھان کردوەتەوە، پێیوا بوە کە ئەم جیھانە لە چوار توخمى( خاک،ئاو،با،ئاگر) پێک ھاتوە،«خاک و با و ئاو» پیس دەبن، لەو نێوەندەدا ئەوەی پیس نابێت ئاگرە، لە نێو ئەو چوار توخمە پێکھێنەرەدا، ئەوەی روناکە، ئاگرە. ئاگریش بەردەوام لەگەڵ تاریکیدا لە شەڕێکی نەبڕاوەدایە، ئاگر ھێمای شەڕی دەسەڵاتی حەق و راستییە بەسەر تاریکیدا.
لە شیعری ئەو شاعیرانەدا کە باری نەتەوەیی و بەرەنگارییان ھەیە، ئەوە رەنگی داوەتەوە، ئەوەیە کە ھەمیشە دەسەڵات بە شەوەزەنگ وەسف کراوە و لایەنی ئازادیخوازیش بە مژدە بەخشى روناکی.