حیزبایەتى لە نێوان خەڵات و غەدرى نیشتیمانیدا!؟
6/17/2020 7:01:00 PM
741 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد حەمە ساڵح
لەم وتارەدا بۆ بەراوردکارى دەگەڕێینەوە بۆسەرەتاکانى خەباتى چەکدارى حیزبە فەرمانڕەواکانى ئیمڕۆ،کە لە نێوانى بەرداشەکانى داگیرکارى و شەڕى ناوخۆدا،بەردەوامى درا بە خەباتى گەل و شۆڕشى حیزبایەتى شاخ ،لە شاریشدا لە دواى ڕاپەرین و جەولەى دووەمى شەڕى ناوخۆ، لە نێوانى خولیاکانى سالارێتى ئەوان وهەستى کوردبوون وخۆشباوهڕیی لهڕادهبهدهری خهڵك به بەڵینە نیشتیمانیەکان,هەر لە سەرەتاوە لە نێو بۆنى خوێن و بەردەوامى خولانەوە لە بازنەکانى بوغز و رق و قینى حیزبایەتى و لە فراوانتربونى بازنەى پۆپۆلیزمیدا کە بۆ ئامانجە سیاسیە کەسیەکان درۆ و راستى بونە تێکەڵەیەکى ترسناک،بەئاشکراو بە نەهێنى بۆشکاندنى شکۆى خاک و خەڵک و خۆشیان جینەما بەرامبەر بە یەکترى و کۆى پیرۆزیەکان نەکرابێت.
لەبیرتانە ئەودەمانەى کە حیزبەکان لە شاخدا بوون،كشتوكاڵ نەک هەربە ئەندازەى خۆبژێوى بەڵکوزۆریش پێشكهوت بوو،بە بەراورد بەو ڕۆژگارە پیشەسازیش لە ئاستێكی زۆرباشدا بەرهەمداربوو،تەندروستى و پهروهردهو فێركردنیش،بەخۆڕایی وبێجیاوازى لە گەشەدا بەردەوام بوون،لە بیرتانە بەهۆکارى بوونى یاسا تاقمگەرایى و دهرهبهگایهتیش بهرهو پوكانهوه دهچوو،لە کۆیى کایە و بوارەکاندا تا دەگاتە كهلتوورو فهرههنگیش ئێستاشی لهگهڵ دا بێت زۆر كهس ئەو سەردەمە لەگەڵ ئەوەى ژێردەستە بووین ، بەسهردهمی زێڕین ناوی دهبهن،لەگەڵ ئەوەى کە هیواو ئاواتمان بوو لە لە کوردستانێکى ئازادا،لەوە زیاتر بکرێتە خەڵاتى نیشتیمانى،بەڵام ئەفسوس لەدواى سوتماککردنى خاک و ئەو هەموو ماڵوێرانى و قوربانیە کە بۆ دیموکراتى و مافى کوردبون و نیشتیمانیبونمان بەخشرا،گەیشتین بەم قۆناغە لە بێمتمانەى و بێبەرهەمى و گەندەڵکارى وقۆرخکاریە ترسناکە .
وەک پێشەنگە حیزبیەکان و خوازیارانى سالارێتیش،ئاگادارن ساڵانێکە زۆرینەى هاونیشتیمانیان،لەحکومەتدارى کوردیدا خۆزگە بە زەمەنى ژێردەستەیى دەخوازنەوە، لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە، ئەرێ خوازیارانى سالارێتی ئێوە قەد لە خۆتان پرسیوە بۆ، هاوڵاتیان دۆژمنى نەتەوەییان لە سالارێتى ئێوە لا باشترە!؟ئەو پرسیارانە و زۆرێک لە پرسیارى تریش کە ڕۆژانە لە شەقامدا دەبیسترێن ، لە بازنەى نیشتیمانیبون و ئەخلاقى سیاسیدا زەنگێکى مەترسیدارن.
بۆچى حیزبایەتى لە خەڵاتەوە بوو بە غەدر؟
چونکە لە برى باڵابونى حکومەتدارى نیشتیمانى،حیزبەکان و کەسایەتیە دەستڕۆیشتوەکان دهستیان به سهر داهات و خێرو بێری سهر زهویی و ژێر زهویی ئهم وڵاتهدا گرت،چونکە نیشتیمان کرایە مهیدانی زۆرانبازى سالارێتیە جۆراوجۆرەکان و لە ژێر چەترى سالارێتى ناوخۆشدا کارایە بازاڕیک بۆ ساغكردنهوهی ململانێ ئیقلیمیەکان،بەداخەوە لە زەمەنى حکومەتدارى خۆماڵیدا ژێرخان و سهرخانی هەرێمەکەمان وێران تر کرا،لە داهێنانى پلە بەندى هاوڵاتیبونیشدا هێزى کار وکەرتە ئابورى بەخشەکانیش لەکارخران و قەیران لە دواى قەیران نەک هەر چەمکەکانى(دیموکراتیبوون و هاوڵاتیبون و نیشتیمانیبون) بەڵکو لە دوڕیانێکى نادیاردا کۆى خۆزگە و حەزەکانى ژیانویستیش خرانە نێو تارمایە ترسناکەکانەوە.
ئەگەر دەتانەوێت ئەم ڕەوشە کە پێشبینى تارماییەکانى ئاشبهتاڵێکى ترى لێدەکرێت و نە بێتە ڕاستى،ئەوە تا کات لەمە درەنگتر نەبووە پێویستە بە فکرى نیشتیمانیبونانە و لە بازنەکانى ئەخلاقبەندى سیاسى ویەکترقبوڵکردن و کارى پێکەوەیدا،بۆ پرسیارە کۆن و نوێکانى خەڵک کە دەپرسن (کوا بەڵێن و پەیامە نیشتیمانیەکان،کوا شەفافیەت و کەوا گەشەى کەرتەئابورى بەخشەکان و کوا ئاوەدانى دێهات و بەرهەمدارى ناوخۆمان ،کوا پەیوەندیە نیشتیمانیەکانیەکان،وکوا لێ پرسینەوە لەگەندەڵکاران وخیانەتەکاران،کوا شکۆی تاک و خاکمان،کوا پەروەردەى نیشتیمایبون و ئەخلاقی سیاسى وکوا دابنکردنى کۆى خۆشگوزەرانیەکان و کوا موچەی مانگانەی موچەخۆران،کوا پلانەکان و کارى کردار بۆ ئاشتەوای کۆمەڵایەتی و بەدامەزراوەیى کردن و سیاسەتى نیشتیمانى و تەندروستی وسەروەری یاسا ودادوەرێتى کۆمەڵایەتى و پەروەردو فێرکردن و فێربوون)ئەمان ودەیان پرسیارى ترى کوا و چۆن و بۆچى و کەى و کێ،مافی هەموو هاوڵاتیەکە لەکۆى دەستەبژێرانى سیاسى و لە حکومەتى خۆماڵى بکەن،پرسیارە بێوەڵامە کەڵەکەبوەکان وەڵامى کرداریان دەوێت،نەک بەردەوامى بەڵێنە پۆپۆلیستیە زارەکیەکان .
دوا وتە بۆ بڕیاربەدەستان ودەستەبژێرانى سیاسى تکایە ئیتر لەوە زیاتر لە کەمەى سیاسى نێوانتانا،بەیەکتر تاوانبارکردن و خۆدزینەوە لە ڕاستیەکان درێژەمەدەن بە چەواشەکارى و هەلپەرستى چونکە دلنیابن نیشتیمان لە بادینانە بۆ گەرمیانى بە خاک و خەڵکیەوە هەمو قوربانی دەستی سیستمی سالارێتیە حیزبى و کەسیەکانن.