وتار

شرۆڤەیەک لە بازنەى سالارێتیەکانەوە!

7/16/2021 11:34:00 AM 871 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد حەمە ساڵح

دەرئەنجامى سى ساڵ لە حکومەتدارى سالارێتى حیزبی،زۆرینەى هاونیشتیمانیانى هاورا کرد لەسەر ئەوەى،کە دۆخی سیاسیمان ، لە خراپترین وترسناکترین ڕەوشە نانیشتیمانى و نامرۆڤایەتیەکاندایە،لە دەرەوەى هەموو پێوەرە نیشتیمانى ویاسایەکان خێزانە دەستڕۆیشتوەکان بۆ سەپاندنى سالارێتیەکانیان هەموو جومگەکانى حکومەتداریان بە قوڵی داگیرکردوە، لە ژێرچەترە پڕ وەهم و کومانەکەى بە ناو ئازادى و دیموکراتیدا،کۆى خوازیارانى سالارێتیە حیزبى،خێڵەکى،ناوچەیى،بنەماڵەیى و تاقمگەرێتیەکان ،خاوەن هێزی چەکدار و سەرمایەگوزارى و بازرگانى ناشەرعی و کەناڵى ڕاگەیاندنى خۆیانن.

کاتێک ئەو بیرخستنەوەیەى سەرەوە،دەکرێتە دەروازەیەک بۆ خوێندنەوەى ڕەوشى سياسەتبازى خوازیارانى سالارێتیەکان،ئەوە لەفەوزا سياسيە شێوێنراوە خوڵقێنراوەکاندا،دەگەينە ئەو ڕاستيەى،كە کۆى دەستڕۆیشتوە بنەماڵەیە خێڵەکیە ناوچەیە حیزبیەکان ، لە یەک ناوڕۆک و ئامانج و دوو ڕۆڵى جیاوازدا دابەش دەبن بەسەر ئەم دوو جۆرە کاراکتەرەى خوارەوەدا.

١/ بەشێک لەوکارەکتەرە دەستڕۆیشتوە بەناو حیزبى وبە ناونیشتیمانیانە،لەڕاگەیاندنەکان و لە ناو خەڵکدا زۆر بەکەمى دەبینرێن، بەڵام بکەری سەرەکی جۆرەکانى گەندەڵین و هەڕەشەى سەر ئازادى و چەترى پارێزەرى خێڵگەراى وتاقمگەراین،ئەمانە لە کاسبونیان  بە بۆنى خوێن وخەرقبونیان لە بوغز و رق و قیندا،بە ئاشکراو بەنەهێنى،لە ناوخۆیان و لەدژى بەرامبەرەکانیان شەڕی ناو بنەماڵەکان و خێڵەکان و حیزبەکان دەکەن، 

٢/ جۆرى دووهەمی کارەکتەرە دەستڕۆیشتوە سیاسەتبازە بە ناونیشتیمانیەکان،ئەوانەن کە بەردەوام لەناوخەڵک و لەسەر شاشەکان وەک پاڵەوان خۆیان نمایش دەکەن،ئەگەرچی لە بازنەى چەواشەکاریەکاندا،دەیان ساڵە سێبەر و سەپێنەرى سالارێتیەکان،و بکەری سەرەکی شکاندنى شکۆکانى خاک و خەڵکن،کەچی خۆیان وا وێنا دەکەن کە بەرگریکارى ئازادییەکانن،و هەر خۆشیان بە قارەمانانی چاکسازى و دژە گەندەڵکاران دەزانن.بەڵام لە واقیعدا پارێزەرى بەرژەوەندیە کەسى و بنەماڵەیى و حیزبەیەکانن.

کارەکتەرانى هەردوو خاڵى سەرەوە،لە ژێر چەترى جوڵاندنى هاوسۆزیى حیزبى و ناوچەیى و بنەماڵەیى و خەڵکیدا،رەوایى بۆ خۆیان مسۆگەر دەکەن و دەستکەوتە بازرگانیەکانیان دەچننەوە.

جێگەی داخە هەتا ئەم ساتە وەختەش،لە پانتایى نیشتیماندا،ئەم کارەکتەرانە لە هەردوو ڕۆڵەکەدا سەرکەوتوو بوون،و سوپایەک لە چەکدارو بێچەک،لە بەناو ڕۆشنبیر وخاوەن بڕوانامەبەرزەکانیش نەک هەر بەرگرییان لێدەکەن،بەڵکو نوقمی ناو دژایەتى وناکۆکی و ململانێ کەسى و بنەماڵەیەکانیان بوون،لە ئیستادا کە هیچ پێوەر و جیاوازیەک لە نێوان نەتەوەیەکان و نیشتیمانیەکان و ڕاستەکان و چەپەکاندا نەماوە، هەموان لە بازنەى پاراستنى سالارێتیەکاندا دەیانەوێت لەهەرەمی دەسەڵاتداریەتى ناوچەیى وحیزبى و حکومى خێزانیدا بمێننەوە،ئەمەش بەردەوام لە فراوانبوونى لێکترازانەکانەوە،بە ئاشکراو بە نەهێنى لە خزمەتى ئەجێندا دەرەکیەکاندا،ئەگەرى پێکدادانە ناوخۆیەکانى بەکراوەیى هێشتۆتەوە.

لەدەرئەنجامى کۆى قەیران و کێشە سیاسى و کۆمەڵایەتى و کارگێڕى و ئابوریەکانەوە،کە هەر بۆخویان،ویستراوانەو زانایانە خوڵقاندویانە،ژیانى تاکەکانى نیشتیمانیان لە نێوانى مەمرەو مەژیدا هێشتۆتەوە،بەمەش ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ،کۆمەڵگەیان بەسەر خۆیاندا دابەشکردووە، لەگەڵ ئەوەى کە خۆیان بکەری سەرەکى کۆى نائارامى و نادادى و ناڕونیەکانن،کەچى زۆربەی ئەو هەڵوێست و ناڕەزاییەتیانەى کە هاوڵاتیان وەریدەگرن،لایەک دژى ئەوى تر،بۆ خزمەتى سالارێتیان،هاوارەکان دەیبەنەوە خزمەت ئەجێنداکانی خۆیان .
 
زۆر بەکورتى لە خوێندنەوەى دۆخى سەپاندنى سالارێتیەکانەوە،هیچ کات ئەو خۆزگەو هیوا نیشتیمانیانە بەدى ناکرێت،کە ئیستاو ئایندەیەکى باش بۆ نەوەکانى ئیمڕۆ و سبەى دەستەبەربکات، ئەوەشی بڕوای وایە کە لەم شێوازە دژاییەتە حکومڕانیە بەرژەوەند خوازەسالارێتیەوە دەتوانرێت داهاتوویەکی باشترى نیشتیمانیانە دروست بکرێت، بەداخەوە ئەوە بێ ئاگایانە لە ترۆپکی بێ هیواى نیشتیمانیدایە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن