وتار

درۆ لە هەموو ڕۆژەکانى ساڵدا!

4/1/2021 12:30:00 PM 636 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد حەمە ساڵح

لەم وتارەدا باس لە ڕۆژى درۆناکەین،بەڵکو لەو گریمانەوەى کە ئەگەر تەنها بۆ یەکى نیسانى هەموو ساڵێک،ئەو قسەوقەناعەتە دڵخۆشکەرە باوە ڕاست بێت،کە دەڵێن لەو ڕۆژەدا،درۆ موباحە نەک گووناح،ئەى بۆ ڕۆژەکانى ترى ساڵ؟

پێش ئەوەى لە کایە کۆمەڵایەتى و ئابورى وسیاسى و کارگێڕیەکاندا،باس لە مەترسیەکانى درۆ و دزى بکەین،پێویستە ئەو ڕاستیە بیرخەینەوە ،کە لە ژیانى کۆن و نوێى  کوردەواریدا زۆر باس لە  مەترسیەکانى درۆ و دزى کراوە،بەراورد بە ئیمڕۆمان کە تەمەنێکە و تایبەتتر بە درێژایى ساڵانى حکومەتداریمان،کە حیزبەکانمان و زۆرێک لە بە ناو پێشەنگە سیاسیەکانمان بەردەوام ھەر درۆ ئەکەن ،تاگەیشتینە ئەو ئاستە ترسناکەى کە بە درۆ کارە گەندەڵی و نایاسایى و نانیشتیمانیەکان پەردە پۆش کران ودەکرێن ،و نیشتیمان بەرەو وێرانەتر براو دەبرێت. 

لە ئیمڕۆدا کە لە دەرئەنجامەکانى بەردەوامى درۆ و دزییەوە،بازنەکانى نائومێدى و نائارامى و نادادیەکان فراوانتر کران،زۆرێک لە تاکەکانى نیشتیمان گەیشتنە ئەو ڕاستیەى کە لە کۆندا کۆمەڵگای کوردەواری  زۆر بەختەوەرتر بووە، ناحەزی و ناکۆکی و نادادى و تەنانەت نەخۆشی و ھەژاریش وەک وێنەى ئیمڕۆ نەبووە،کە مەترسیدارانە بازنەکانى یەکترشکاندن و یەکترقبوڵنەکردنیان فراوانتر کردوە،لە ڕووى دەرونیەوە جاران خەڵکی لە تافی جوانی ولاویدا دەژیان،وەلێ ئیستا لە فراوانبوونى بازنەکانى هەژارى کۆمەڵایەتى  و سیاسى و کارگێڕى و ئابوریدا هەموان پیربووین بێتاقەت و بێحەواس و نائومێدانە ژیان دەگوزەرێنین،

لە بوارى تەندروستى دەروونیدا،لەئاکام و دەرئەنجامى بەردەوامى درۆ و دزییەوە،کۆمەڵگا بەختەوەرى  لە دەست دەچێت  و شەڕو  ناکۆکی و نائارامى و نەبوونى و نادادى  دەبێتە بەشێکى دانەبڕاو لەژیان وکۆمەڵگا بەرەو وێرانی دەچێت.

لە بەردەوامى ناتەبایى و حەزە سالارێتیەکانەوەیە،پەیام و بەڵێنە نیشتیمانى وخۆشگوزەرانیەکان نەبون و ناشبنە چەترى کۆکەرەوە وپارێزەرى شکۆدارى خاک وخەڵک،هەر بۆیە وەک بینراو دەبینرێت،لە ناپەروەردەیى ونا ئامادەسازیەکانەوە،لەفراوانکردنى بازنەکانى هەژارکردنى کۆمەڵگاوە،دژەکان لە پێناو سەپاندنى سالارێتیاندا بە هەموویان پەتى درۆ یان کردە گوریسى درۆ،ئەوەتا هەر بە درۆ خۆشگوزەرانین و بەدرۆش دیموکراتى و نیشتیمانین.

ئاى نیشتیمانم لەو ڕۆژەوەى کە ئازادیان خنکاند و دیموکراتى لەکەدارکراو یاساش کرایە ناونیشانێکى بێ ناوەڕۆک و وابەستەى ئەم لاو لاش ڕەوایى بێدرا و خیانەتیش کرایە شانازى،ئیتر شتێک نەمایەوە ناوى ڕاستگۆى و پاکى و ئینتیماى نیشتیمان بێت،کارەکتەرە بازرگانە سیاسیەکان، بۆ زیادکردنى سەروەت و سەپاندنى سالارێتیان کەوتنە پێشبڕکێى درۆ و دزى و غەدرو خیانەت،هەر بۆیە لە بەردەوامى ئەم شێوازە سواوە لە کارى سیاسیدا  نەتوانراو ناشتوانرێت ڕابردوو تێبپەڕێندرێت.

بەداخەوە لە ئیمڕۆماندا درۆو دزى وەک کولتورێک گەشەى کردووە، سەردەمى زوو ئەگەر کەسێک دزییەک یان درۆیەکى  بکردایە سزا دەدرا و ڕیسوا دەکراو بە چاوى سوک سەیر دەکرا، کەچى لە ئیستادا دز و درۆزنەکان،ڕێزدارن و کەسایەتى ناسراو ماقوڵن، ئاشکرایە لە بەردەوامى درۆ و دزى و ڕق و شەڕەنگێزى و یەکترقبوڵنەکردن و بیرى یەکتر شکاندن و هەژارکردنى کۆمەڵگاوە،ئیستاو ئایندەمان خرایە نێو تونێلە تاریەکانى حەزە سالارێتیەکانەوە، بەھەشتی نیشتیمان کرایە وێنەیەک لە دۆزەغى داگیرکەران.

دەسا تۆبی خودا ئەى پێشەنگە کۆمەڵایەتى و سیاسیەکان و لێپرسراوانی ووڵات ئامان سەد ئامان دەستمان بە دامان،دەست ھەڵگرن لە غەدرو خیانەت و دزی و درۆ،کات درەنگەو پێویستە خێراتر و زووتر لە وانەکانى ژیانەوە ئەو ڕاستیە بسەلمێنرێت، کە جوانترین خەسڵەت بۆ مرۆڤ لە هەر پێگەو ئاستێکدا بێت هەر بە تەنها پاکى و دڵسۆزى و ڕاستگۆییە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ