لە یادى ڕاپەڕیندا، پێناسەیەک بۆ پەرلەمان!
3/9/2020 4:37:00 PM
821 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد حەمە ساڵح
لە دەستپێک و پێش چونە ناو بابەتەکە، بەپێویستمزانى ئەوە بڵێم کە لەم بابەتەدا باس لە زەمینە سازى و هۆکارەکان ومێژووى دروستى بوونى یەکەم پەرلەمان وقسەش لە سەر هەڵبژاردنەکان خولەکانى پەرلەمان و کابینەکانى حکومەتى هەرێم ناکەم، بەڵکو وەک لە ناوەرۆکى بابەتەکەدا دیارە، لە بازنەى نیشتیمانیبوندا ولەخەمى خۆزگەیەکى بەدینەهاتوى ڕاپەڕیندا،باسێک لە دامەزراوەیەکى نیشتیمانى دەکەین .
لە فەرهەنگى سیاسەت وکۆمەڵایەتى و کارگێڕیدا،پەرلەمان ئەو دەزگایەیە،کە خەڵکى بۆ دابین دەکرێ و دەخرێتەگەڕ،بەرئەنجامیش پێویستە لە سەرى بۆ کۆى خەڵک کاربکات،خوێندنەوەکان بۆ شێوازومەبەستى کارکردنى ئەو دەزگا نیشتیمانیە جیاواز و جۆراو جۆرن،لەپێناو کام ئامانج و بۆ چى مەبەستێک بەکارخراو بەکاردەخرێ و کاردەکات؟
کاتێک هەر تاکێکى نیشتیمان لە بازنەى چەمکى هاوڵاتیبووندا ولە پێناو بەرژەوەندى گشتیدا،یاخود بە پێچەوانەوە،لە بازنەى پلەبەندى هاوڵاتیان و لە پێناو بەرژەوەندیە سالارێتیەکاندا ، بیر لە کارى دەزگایەکى وەک پەرلەمان دەکەنەوە،بیر لە ڕێرەوى گەشە و چۆنیەتى کارکردن وگەیاندنى سود دەکەنەوە ،ئەم بۆچون وتێڕوانین وبەنیازبونە بۆ هەر دەزگایەک هەروایە،پێکهێنەران کە کۆى تاکە بەشداربوەکان وهاونیشتیمانیانن،لە بازنەى سوودمەندبوندا و لە بەرزى ئاستى گەشەو گەیشتن بە خۆشگوزەرانیەکان پێوانەوە هەڵسەنگاندنى بۆ دەکەن.
بۆ ئەوەى دەزگایەکى وەک پەرلەمان بە باشى و شیاوانە بە شکۆى خەڵک و خاک،ودوور لە بڕیار و دەستێوەردانە سالارێتیە کەسى و حیزبیەکان، بەڕێوەببرێت پێویستە کۆى لایەنە سیاسیەکان و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى بەهەست وسۆز و ئاگایەوە ، بە دیدێکى مرۆڤایەتى و نیشتیمانیەوە بۆ بەرژەوەندى گشتى و لە بازنەى یەکترقبوڵکردن وبڕوابوون بە کارى پێکەوەیدا بۆ بەهێزکردنى پەیوەندیە سیاسى و کۆمەڵایەتیەکان تێگەڵ بە کارى پەرلەمانى ببن.
لێرەدا پێویستە ئەو ڕاستیە بیربخەینەوە کە پەرلەمان یان هەر دەزگایەکى تر بە جۆرێک بەرهەم دێت کە لە ژێر کاریگەرى و تایبەتمەندیەکانى پێک هێنەرەکانیدا دەبێت، لەو بۆچونەوە دەکرێت بپرسین.
چى دەبێت کاتێک پێکهێنەران و هەڵسوڕێنەران بەدیدێکى کراوە و دونیابینى پڕ لە هزرى مرۆڤ ویستى و نیشتیمانیەوە، یاخود لە بازنە داخراوەکانى سالارێتیە کەسى و حیزبیەکان و لە بەردەوامى ڕەوشەکانى چەواشەکارى و وەهم و گومانەوە،ببنە بەشێک لە دەزگایەکى وەک پەرلەمان؟
لە ئەزمونى کارى هەردوو پەرلەمانى هەرێم و عێراق دا و لە بازنەى (وەهم و حەقیقەت ) و (کار و بەرئەنجامدا) بەشێکى وەڵامەکە بۆ خوێنەران بەجێدەهێڵین.
بەڵام لێرەدا و لە بازنەى هاندانى بیروروژاندندا ،بۆ نزیک بونەوە لە وەڵامێکى بەراوردکاریدا،وەک بیرمەندان وشرۆڤەکاران پێیان وایە،بۆ بەڕێوەچونى هەر دەزگایەک ئەم دوو خاڵەى خوارەوە گرنگن.
١/ سێ کوچکەى فەرمى کە بریتین لە ( دەستور،یاساکان، تەکنیکەکان)
٢/ سێ کوچکەى نافەرمى کە بریتین لە ( باوەڕ، ئاگایى، سۆز)
بە هەستێکى یەکتر ویستى کە پێکهێنەرێکى کۆمەڵایەتیبونە، و بریتیە لە باوەڕێکى پتەوبە چەمکى هاوڵاتیبون و ئاگاییەکى کراوە بە گەشەى ئابورى وسۆزێکى نیشتیمانیبون،لە جێگیربونى ئەو بەهاو باوەڕانەوە،لە بازنەکانى ئیستایەکى پڕ لە بنیاتنان و ئایندەیەکى گەشەدا،سێ کوجکەى فەرمی کە دەستورو یاساکان و تەکنیکەکانە،بۆ شکۆى خاک و خەڵک کاراو بەرهەمدار دەبێت.
بە کورتى تەنها وتەنها بە تێگەیشتن لە گرنگى پەرلەمانى نیشتیمانى،دەگەین بە کۆى خۆشگوزەرانیەکان و کۆمەڵەى خەسڵەتە گشتیەکانى نیشتیمان ،لێرەوە کۆتایى دێت بەو بۆچونە باوەى کە دەڵێن (ئیمڕۆمان هەروەک دوێنێیە)،لە فەرهەنگى سیاسەتدا و لە بازنەى گەشەدا،نابێت ئیمڕۆ و دوێنێ لە یەک بچن،ئەگەر وابوو ئەوە بێشک ڕەوشەکە خولانەوەیە لە نێو بازنە داخراوەکاندا