پەیوەندییەکان ڕێگایەک لە بەڕێوەبردنى قەیراندا ؟1
1/13/2023 4:46:00 PM
ئەحمەد حەمە ساڵح
سەرەتا
پێویستە لە پێناسەى چەمکى پەیوەندى گشتییەوە،ئەو ڕاستیە بزانین کە لە مافەکانى
مرۆڤ و چەمکى هاوڵاتیبووندا ، پەیوەندى گشتى وەک کۆڵکەو ستوونێکى تۆکمەو پتە و،بە
بڕبڕە پشتى بەڕێوەبردن و فەرمانڕەوایەتى نیشتیمانى دادەنرێت،بۆ ڕوونکردنەوە و
تێگەیشتى زیاتر لە بایەخ وگرنگى پەیوەندیەکان،لە خوارەوە ولە سێ خاڵى تایبەتمەندیەکانەوە،پێناسە
وڕۆڵ و کاریگەرى پەیوەندیە گشتیەکان دەخەینە ڕوو.
پەیوەندى گشتى پرۆسەیەکى کارگێڕی و نەخشەڕێگاى بەردەوامى وگەشە و بنیاتنانە،لە یەکگەیشتن و یەکترقبوڵکردن وکارى پێکەوەی وهاوبەشییە،لە نێوان تاکەکانى نیشتیمان وحکومەت و ڕێکخراوە مەدەنیەپیشەیی وسیاسیەکان،کە واتا کارابوون و پاراستنى پەیوەندیە گشتیەکان چالاکیەکى سێ لایەنەى ستراتیژى درێژخایەنە، لە نێوان هاوڵاتیان وحکومەت و ڕێکخراوەکان.
پەیوەندى گشتى هونەرو زانستێکى کۆمەڵایەتیە،بۆ شیکردنەوەى بیروڕاکان و زانینى ڕاى گشتى و پێشبینى ڕوودا و کۆڕانگاریەکان،کەواتا پەیوەندى گشتى بەشێوەیەکى ئەخلاقى پشتبەستوو بە هزرو توانا مرۆیەکان فەلسەفەیەکى کۆمەڵایەتیە بۆ بەڕێوەبردن،چونکە لەبازنەى چەمکى هاوڵاتیبووندا،پەیوەندیەکان ڕێکدەخات.
پەیوەندى گشتى هەوڵ دەدات لەکۆى فەرمان و ئەرک و بەرپرسیارێتى وچالاکییەکان بکۆڵێتەوە،و لەبازنەى بیر و هێزى کاردا،سوود لە هەموو زانین و توانا و تایبەتمەندیەکان وەربگرێت، بۆ خۆشگزەرانى گشتى ،کەواتا پەیوەندى گشتى پرۆسەیەکى پلاندارى بەرنامە ڕێژییە بۆ پاراستنى بەرژەوەندیە نیشتیمانیەکان.
لەو
تایبەتمەندیانەوە دەگەینە ئەو ڕاستیەى،کەلە بەڕێوەبردنى قەیراندا،دامودەزگا فەرمیە
تایبەتەکان لە هەردوو کەرتى گشتى و تایبەت،بە بوونى پەیوەندیەکى بەهێز وکارا لە
نێوان خۆیان و جەماوەردا،بەسود وەرگرتن لە فاکتەرە ناوخۆى ودەرەکییەکان ،وەک لە
خوارەوە لە سێ قۆناغدا ڕوونى دەکەینەوە،بۆ قەیرانە سروشتى یان دەستکرد ،بەئەنقەست
یان بێ ئەنقەست،لە هەر بوارێکى سیاسى،سەربازى،ئابوورى،کۆمەڵایەتى،کارگێڕى،
تەندروستى،هونەرى،ڕۆشنبیرى و پەروەردەیی بێت،ئەتوانن لە ئاریشە و کێشەو کارەسات و
قەیران و تەنگەژەکان بکۆڵنەوە و ڕێگەچارەى هەنوکەیی و کورتخایەن و درێژخایەنیان بۆ
دابنێن.
یەکەم
/ ڕۆڵى پەیوەندیەکان لە پێش ڕوودانى قەیراندا:
دەوترێت
کە بۆ زۆرینەى ڕووداو وکارەسات و قەیرانەکان،پێش کات پێشبینى ڕوودانیان دەکرێت،کەواتا
وەک لە خوارەوە ڕوونى دەکەینەوە دەکرێت بە ئامادەکارى و خۆسازى و توێژینەوە و
بەدواداچوونى پێشوەختە،خاڵە لاوازەکان دەستیشان بکرێ ،و دەست بە ڕێگار و هەنگاوەکان
بکرێت.
١-گەڕان
و کۆکردنەوەى داتا و زانیارى لە سەر ئاماژەکانى ڕوودانى قەیران،دواتر لە دیاریکردنى
سەرچاوەى هەڕەشە و تەنگەژەو مەترسیەکانەوە،بەرنامەڕێژى بۆڕووبەڕوو بوونەوە لە
پێناو ڕوونەدان ولەئەگەرى ڕوودانیشدا بۆ کەمکردنەوەى زیانەکان بکرێت.
٢- بۆ
ئەگەرى ڕوودانیش بە کۆکردنەوەى زانیاریەى
لە سەر جۆر ،پانتایی،قەبارە،پيکهاتە،فاکتەر،مەودا و ژینگەى سەرچاوەى مەترسى قەیرانەکە،وەبەدەستنیشان
کردنى هۆکاروکاریگەریەکانیش،وەک لە خوارەوە ڕوونکراوەتەوە،ئامادەسازى بۆ چۆنیەتى
کۆنترۆڵکردن بکرێت.
*
پێکهێنانى تیمى تایبەتى کارا و ڕاهێنراو ڕێکخراو،هەروەها دابینکردنى کەرەستەو
پێداویستیەکان بۆ بەڕێوەبردنى قەیرانەکە.
*
دەستنیشانکردنى سیناریۆ وڕێگەچارەى جێگرەوە،بۆ بەرەنگاربوونەوەوکۆنترۆڵکردن،بەکەمترین
کات و بڕى تێچوون .
*کۆنترۆڵکردنى
ژوورى ئۆپراسیۆنى یەکەى پەیوەندیەکان و پێکەوەبەستنیان،بۆ بەئاگابوون وئاڵوگۆڕ و
گەیاندنى زانیاریەکان.
دووەم
/ ڕۆڵى پەیوەندیەکان لە کاتى ڕوودانى قەیراندا:
وەک لە
خوارەوە شرۆڤەى ئەرکەکان دەکەین،ئەم قۆناغە ڕوونکردنەوەى ڕۆڵى پەیوەندییە گشتیەکانە،
بۆ چۆنایەتى شێوازى ڕووبەڕووبونەوە،کۆنترۆڵکردن،خستنە ڕووى ڕاستیەکان،هۆشیارکردنەوە،کەمکردنەوەى
زیانەکان و ئاسایکردنەوە،پێویستیەکى خێران بۆ گەڕانەوەى ئاسوودەیی، دڵنیایی، متمانەو
خستنەروى تواناکانى پشت بە خۆبەستن.
١- چۆنایەتى
شێوازى مامەڵەکردنى درووست و ئامادەسازى پێویست وخستنەڕوى جێگرەوە گونجاو ،بۆ
زیاتر تەشەنەنەکردنى قەیرانەکە،وزووکۆنترۆڵکردن و چارەسەرکردن.
٢-لە سەرچاوەى ڕاسپێردراوى فەرمیەوە، هەواڵ وداتا و زانیارى لە سەر چۆنیەتى،هۆکارەکان،کاریگەریەکان
و دەرئەنجامەکانى ڕوودانى قەیران کۆبکرێنەوەو،بە نەفەسێکى نیشتیمانیانەش بۆ ڕاى
گشتى ڕوونبکرێنەوە.
سێیەم
/ ڕۆڵى پەیوەندیەکان لە پاش ڕوودانى قەیراندا:
لە خوارەوە دوو ئەرک و ڕۆڵى لەپێشینەى پەیوەندیە گشتیەکان
دەخەینەڕوو،کە پێویستە بە زووى و بە کەمترین ماوە ئەنجام بدرێن.ئەنجامدانیشیان بەڵگەى
ڕاستگۆیی،دڵسۆزى،پەرۆشی و بایەخدانى بەکردارە بۆ گەڕانەوەى متمانە، بەردەوامى
گەشەو بنیاتنان،سەلماندنى شکۆدا رى خاک و خەڵک.
١-لەدواى هەرئاریشە وکارەسات وقەیرانێک،پێویستە هەوڵى ئاساییکردنەوەى
ڕەوش وبارودۆخە نالەبارو نەخوازراوەکان بدرێت ،ئاشکرایە بە پێى جۆر و ماوەو مەوداى
قەیرانەکان،زیانەکانن جۆراو جۆرن،کە پێویستە هەنگاوى خێراو کردارى بۆ چارەسەرى
زیانلێکەوتووەکان و زەرەرمەندان بنرێت،تا خێراتر ڕەوتى کارەکان ئاسایی ببنەوە.
٢- لەپاش هەرکارەسات وقەیرانێک،ئەرک وڕۆڵێکى ترى پەیوەندى
گشتى لەبەڕێوەبردنى قەیراندا،هەڵسەنگاندن وبەدواداچوونە ،دەستنیشانکردنى خاڵە
بەهێز و لاوازەکانە،کە پێویستە لە ڕاپۆرتى کۆتایدا بڕیار و ڕێنمایی وڕاسپاردەى
گونجا هەبێت،هەروەها خستنە ڕووى پلان و بەرنامە و نەخشە ڕێگاى کارکردنى نوێ،بەکورتى
لە شکست وکارەساتەکانەوە پەند و ئەزموون وەربگیرێت ،تا لەئەگەرى ڕوودانى قەیرانى تر و هاوشێوەدا ،باشتر و شیاو
تر کارەپێویستەکان ئەنجام بدرێن.
دوا ووتە بە کورتى،لەبەڕێوەبردنى قەیراندا،پەیوەندى گشتى
ڕایەڵەیەکى بە هێزى بەیەکەوە بەستنەوەى هاوڵاتیان وحکومەتە ، کەواتا پێویستە بەو
ڕێوشوێنانەى سەرەوە لە پێناو ئیستایەکى گەش و ئایندەیەکى دیاردا کاربکرێت ،نەک بەو
پەرتەوازییەمان، کە لە دەستپێکى حکومڕانیمانەوە هەتا ئیمڕۆش،فەرمانڕەوایانمان نەک
هەر لە خەمى چارەسەرى نیشتیمانیانەدا نەبوون،هەربۆ خۆشیان لە بازنە سواوەکەى حیزبایەتى،سالارێتی،ناوچەگەرى
وتاقمگەرایدا ،لە بەردەوامى یەکترشکاندن و یەکترسڕینەوەدا، خوازیارو ئاسانکار وخوڵقێنەر
و هۆکارى بەردەوامى کۆى تەنگەژەو ئاریشەوکارەسات وقەیرانەکان بوون،هەر بۆیە لە
ئیستادا لە دواى بچڕاندنى کۆى ڕایەڵەکانى پەیوەندیە،سیاسى،کۆمەڵایەتى،کارگێڕى،تەنانەت
پەروەردەیی و ڕۆشنبیریەکانیش نەوەیەک پێگەیشتوە کارى سەختییان،ئەوەیە کە چۆن لە کۆى کەمتەرخەمى،گوێپێنەدان،نەزانین، ناڕێکى وچەوتیەکاندا،ڕێگاى ڕاست و هەنگاوى ڕاست بدۆزنەوە،بۆ
ئەوەى ڕێ لە دیاردە ناڕەواو قێزەونەکان بگرن.... ئەگەر نا...دونیا هەر خەراباتە.....