لە یادى کاک نەوشیرواندا، پەیڤێک بۆهزری سیاسی
5/23/2023 12:22:00 PM
ئەحمەد حەمە ساڵح
بۆ قسەکردن لە سەر هزرى سیاسى پێویستە لە دەستپێکدا،شرۆڤەیەکى کورتى فەلسەفەی سیاسی بخەینە ڕوو،کە لەژێر چەترى بەرژەوەندى گشتیدا،بریتییە لە توێژینەوەی زانستیانەى هەمەلایەنەى چەمک گەلێک بە نمونە ئازادی،دادپەروەرى،ماف، یاسا، هەموو ئەمانەش لە توێژینەوەیەکى گوتاریدا بۆ کردارێکى واتا بەخش لە کۆى کایەکانى،کارگێڕی،کۆمەڵایەتى وئابوریدا بەجێبەجێکردن لە لایەن دەسەڵاتەوە دێنەدى،ھەر بۆیە لە قوتابخانە سیاسیە جیاوازەکاندا،هەر لایەنێک لە بانگەشەى بەرنامە و وتارى سیاسیاندا،بە شرۆڤەکارى چەمکە کارگێڕی و سیاسیەکان، وەڵامی ئەو پرسیارانە دەدەنەوە کە سەلمێنەرى فەلسەفەی سیاسەتى پاراستنى بەرژەوەندیە گشتیەکانن،کەواتا فەلسەفەی سیاسى بە واتای گێڕانەوەی مێژوی کارە شۆڕشگێڕیەکان نییە، بەڵکوو لەژێر چەترى مرۆڤایەتی ونیشتیمانیدا،لە ئیستادا بۆ ئیستایەکى ئومێد بەخش و ئایندەیەکى گەش بە واتای بیرکردنەوە لە سیاسەت دێت،
بۆچوونە نێو کرۆکى بابەتەکەمان،پێویستە ئەوەش بڵێین کە,هزری سیاسیی بنەمایەکى گرنگى پێكهاتەكانی زانستی سیاسەتە ،بەپێی سەرچاوەكان،یەكەم كار كە لە هزری سیاسیەوە، هەوڵی دروستكردنی ژیانی سیاسیی دابێت،دەگەڕێتەوە بۆ فەیلەسوف (ئەفلاتۆن) ،دواتر فەیلەسوف ئەرستۆ لەكتێبی سیاسەتدا باس لە پێكهاتەی كۆمەڵایەتی و بنەماكانی سیاسەت دەكات،کە بە مێژووی سەرەتای هزری سیاسیی دادەنرێن،لە سەدەكانی (16) بۆ (1٩) لەئەوروپا و ئەمریكاش لەسەر دەستی بیرمەندان و فەیلەسوفان هزری سیاسیی گەشەی زیاتری بەخۆیەوە بینی، دەرئەنجام لێکدانەوەکان هاوڕابون کە بونی هزری سیاسیی باش، بنەمای دروستكردنی كۆمەڵگاو حوکمڕانیەکى باشە.
لە مێژووی هاوچەرخی سیاسیمانەوە،تا ئیمڕۆى حوكمڕانیشمان لەم هەرێمەدا، لەناو پارتە سیاسییەكاندا كەمترین گرنگی دراوە بەهزری سیاسیی،کە ئەتوانرا بە سوودوەرگرتن لەئەزمونى نەتەوەكانی تر، بنەمایەكی گرنگ بۆ هزری سیاسیی دابنرایە،لێرەدا ئەو پرسیارە دێتەپێش،کە ئایا لە ئیستادا ژێرخانی هزری سیاسیمان لە چ قۆناغ و ئاستێكدایە؟ بۆ گەیشتن بە وەڵام لە خوارەوە ئەو ڕاستیە دەخەینە ڕوو ،کەلە فیکری سیاسییدا دوو بۆچوونی بڵاو هەیە بۆ حکومڕانی و دادپەروەری.
بۆچوونی یەکەم لە فیکری ئەفلاتۆندا ئەوەی حکومڕانی دەکات دەبێت فەیلەسوفان بن،چونکە بەتەنیا فەیلەسوفان شایستەن و دەتوانن دادپەروەری بچەسپێنن،ئەفلاتۆن کۆمەڵگە دەکاتە سێ چین،یەکەم چین جەماوەرە،کەزۆرینەن وبەتاک سەرقاڵى کارى ڕۆژانەى خۆیانن،دووەم چین سەربازەکانن،کە سیفەتی توڕەییان تێدایە،ئەفلاتۆن بۆچوونی وایە فەیلەسوفان کە چینى سێیەم ،جیاوازن لە جەماوەر و سەربازەکان، هەر بۆیە شایستەی حکومڕانین،چونکە ئەوان عەقڵانیانە دەجوڵێنەوە.
لە کتێبی کۆمار دا،ئەشکەوتەکەی ئەفلاتۆن بابەتێکی فیکریی قووڵ و گرنگە،یەکێک لەو کەسانەی ناو ئەشکەوتەکە زنجیرەکەی دەپسێنێت و دەچێتە دەرەوە خۆرو دەوروبەری بەحەقیقی دەبینێت،دواتر دەگەڕێتەوە و باسی حەقیقەتی واقیع بۆ هاوڕێ بە بەستراوەکانى دەکات،ئامۆژگاریان دەکات کە ئەوان سێبەرەکان دەبینن نەک حەقیقەتی شتەکان،هەر بۆیە پێی وایە هەموان نەزانن و لە وەهمدا دەژین،خۆشی خاوەن حەقیقەتە.
بە خوێندنەوەی سیاسیی بۆ ئەشکەوتەکەی ئەفلاتۆن دەکرێت،کەسە ڕزگار بووەکە فەیلەسوف بوو بێت،هەر بۆیە ئەفلاتۆن لاى وایە کە نوخبەی فەیلەسوفان شایستەی حکومڕانین و ئەوانی تر نەزانن و دەبێت ڕزگار بکرێن، ئەفلاتۆن کۆمەڵگەیەکی دادپەوەرو خۆشگوزەران دەبەستێتەوە بەسەرکردەیەکی فەیلەسوف،ئەوسەرکردەیەک دروست دەکات کە خاوەنی حەقیقەتەو ئەوانی تریش جاهیلن،ئەمەش مەترسییە بۆ دروست بوونی دیکتاتۆری سیاسیی، مێژوش پڕیەتی لەو نمونانە،وەک هیتلەر ، ستالین،خومەینی و سەدام حسین.
بۆچوونی دووەم لەفیکری ئەرستۆدا،کەپێچەوانەی ئەفلاتۆنی مامۆستایەتی،خۆشگوزەرانی کۆمەڵگەودادپەروەری نابەستێتەوە بە بوونی سەرکردەیەکی لێهاتوو،بەڵکو دەیبەستێتەوە بە هەبونی یاساو دامەزراوەکانى دەوڵەت،ئەرستۆ بۆچوونی وایە کاتێک سەرکردەیەکى باش دەمرێت لەوانەیە سەرکردەکەی دواتر باش نەبێت، بەڵام کاتێ دەزگاکانی دەوڵەت دامەزراوەو باش دەبن خۆشگوزەرانی بەردەوام دەبێت.
تا ئێستاش لەدونیاى سیاست و دەسەڵاتدا، بەشێک لە ژێر چەترى سالارێتیەکاندا خەریکی چەسپاندنی سەرکردەی پیرۆزکراوو بنەماڵەی خۆسەپێنن،بەشەکەی تریش لە ژێر چەترى چەمکى هاوڵاتیبوندا،لەگەڵ بەدامەزراوەکردنى دەزگاکانی دەوڵەت و چەسپاندنی دەستورو یاسادان،لەهەرێمی کوردستانیش ئەم دوو ستایلە هەبووە هەیە،ئەوانەی تەمەنێکە لە دەسەڵاتدان، ئەفلاتۆن ئاسا،لە ژێر چەترى سالارێتى داهێنراویاندا،هەر خەریکی پیرۆزکردنی سەرکردەو حیزب و بنەماڵەکانیانن،کاک نەوشیروان لە دوا ویستگەى کاروانى سیاسیدا ،کە بزوتنەوەکەى وەک هێزێکى کاراو کاریگەر لە نوێکاری وتار، شیکار، هزر و فیکرى سیاسیدا بە بەرنامەى چاکسازى سەر قاڵى چەسپاندنی دەستورو دامەزراندن و بەهێزکردنى دەزگاکانی دەوڵەت بوو، بڕواى وابوو کە دەزگاکانی حوکمڕانیمان باش بن ئەو دەمە خۆشگوزەرانیمان باش و بەردەوام دەبێت،بە کۆچى دوایی کاک نەوشیروان لە جەندین خوێندنەوەى جیاوازدا بەرنامەو دیدگاکانى بۆ خۆشگوزەرانى سیاسى و کۆمەڵایەتى کۆتایهات،لە ئیستاشدا هێزەکانى دەرەوەی دەسەڵات لە ئامادەکاریدا بە وتار سەرقاڵى دامەزراندن و بەهێزکردنى دەزگاکانی حکومەتدارین،
دوا وتە،ڕەنگە زیادەرۆیی نەبێت،ئەگەر بڵێین گەورەترین و ترسناكترین قەیران،لە هەرێمى کوردستاندا قەیرانی هزری سیاسیە، هەربۆیە لە نەبونى هیچ دیدگاو بۆچوونێكی روونى حکومەتدارى دامەزراوەى نیشتیمانیدا، بەردەوام لە ئیستایەکى فەرامۆش و ئایندەیەکى نادیاردا،مەترسیدارانە بازنەکانى نائومێدبوون فراوانتردەبن.