جەژن و گەردن ئازادى!
7/31/2020 4:08:00 PM
794 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد حەمە ساڵح
لە نێو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانى ڕۆژانى جەژندا، ووشەکانى پیرۆزە و گەردن ئازادى زۆرترین جار دەوترێ و بەکاردەهێنرێت،لەگەڵ ئەوەى لە بازنەى یەکترقبوڵکردندا بۆ سەلماندنى ڕاستگۆى و متمانە و دڵسۆزى نێوان مرۆڤەکان،ئەو ووشەیە یەکێکە لە پێویستیەکان،لەو کاتانەدا کە گەردن ئازادى پێویستى بە ووتنە،پێویستیشە جێى خۆى بگرێت.
کاتێک کەسێک یان گروپێک بە هۆى سوودگەیاندن بە شکۆداربوونى بەرامبەرەکەیەوە، کە هیلاکى جەستەى و ماندووبوونى ڕۆح و پێشکەشکردنى هەست و پێداویستیەکانە،بۆ پەروەردەکردن، هاوکارى کردن و رزگارکردن لە ناڕەحەتیەک،چاودێڕى کردن بۆ پەروەردەو خۆشگوزەرانى و سەلامەتى و ........هتد،لەو حاڵەتانەداگەردن ئازادى وەک سوپاس و پێدانەوەى پاداشتە،هەروەها بەئاشکرا یان نەهێنى لە کاتەکانى باسکردن وگلەیى کردندا،ئەگەر بۆ ئەوە بێت کە راستیەکان و باشیەکانى کەسێک بە نمونە بهێنرێتەوە، یان کار بۆ ڕاستکردنەوەى هەڵەکانى کەسێک بکرێت،لەم حاڵەتانەشدا کە دەستخۆشى و ڕاستکردنەوەیە گەردن ئازادى پێویستە،بەڵام ئەگەر باس و خواستەکان بچنە خانەى شکاندنەوە ، لەو کاتانەدا گەردن ئازادى پێویست و مەرجدارە،پێویستە بۆ ڕاستکردنەوە و پێدانەوەى حەقێک و مەرجدارە بەوەی،کەئەو هەڵەى لەکەدارکردن و بریندارکردن و شکاندنە جارێکى تر دووبارە نەکرێتەوە. تا ئێرە ئەو باسەى سەرەوە بۆ پێویستى گەردن ئازادى بوو،لێرە بەدواش قسە لەسەر شێواندن و بەلارێدابردنى ئەم ووشە دەگەین، ئاخر ناکرێت لە کایە کۆمەڵایەتیەکاندا ،بەفراوانبوونى بازنەکانى (بوغز و رق و قین و درۆ و غەدرو خیانەت) بەردەوام دڵەکان بشکێنرێن و هەستەکان بتۆرێنرێن و ڕاستیەکان بشێوێنرێن و لە کۆتایشدا بە ووشەى گەردنم ئازاد بکە،و پاشان بچیتەوە سەر هەڵەکانى دژە پەروەردەى مرۆڤ بوون،ئەوە چگە لە خود هەڵخەڵەتاندنێک هیچ شتێکى تر نیە،ئاخر هەر تاک تاکى هەڵەکان و نەزانینەکان و ڕۆحیەتە سالارێتیەکانە،کە زۆر دەبن و کۆمەڵگایەکى شێواو دەهێننە کایەوە، پڕکردنى تەرازوى (حق الناس و شکۆدارى مرۆڤ) بە چاکەو ڕاستگۆى و دوبارە نەکردنەوەى هەڵەکانە ، کەواتە بۆ هەر یەکەمان پێویستە وەک مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤەکان ڕەفتاربکەین و بە جوانى و ڕیزەوە بدوێین،کە وەک ئەوە وابێت لەگەڵ ناخى خۆماندا بدوێین،تکایە با هەمووان چەوتیەکانى ژیانمان ڕاستبکەینەوە،پێش ئەوەى داواى لێبوردن و لێخۆشبوون و گەردن ئازادى بکەین، با (ڕاستگۆبین،هەڵە نەکەین ،درۆنەکەین.........هتد)،پێویستە هەمووشمان ئەوە بیرخۆمان بخەینەوە کە لە بازنەى متمانەدا هەست و دڵى مرۆڤەکان وەک شوشەیە کە شکا چاکنابێتەوە،کەواتە با هەموومان پارێزەرى شکۆدارى خود و خەڵک بین.
بەکورتى ئەگەر لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا ئەم ووشەش بە هەمان شێوەى چەمک و دیدگا و فکرو ئایدیا و زانستە(سیاسى و کارگێڕى و ئابوریەکان) بشێوێنرێت و بە شێواویەکى ئارەزوومەندانەوە بئاخنرێتە نێو فەرهەنگى کۆمەڵایەتى و ڕۆشنبیرى کۆمەڵگاى کوردیەوە، ئەوە لە بەها ڕەفتاریەکاندا بەدئەخلاقى و بێویژادانیەکى ترە،ئاى بەش موردەکانى نیشتیمانم،لە بازنەى ناپەروەردەیى خود و کۆى نا بەرپرسیارێتیەکانەوە تەمەنێكە ڕۆژانە گوێمان،چاومان، بیروهۆشمان،بەشێواندنى چەمکەکانى ژیانویستى ڕوون ئەبێتەوە،قسەو باس لە مەڕ (ئازادى و ڕاستگۆیى و چەمکەکانى یەکترقبوڵکردن و.....هتد) پێناسەو ڕاڤەى ئارەزوومەندانەى خود پەرستى بۆ دەكرێت و كورد ووتەنى (هەركەسە بۆلەيلاى خۆى گۆرانى دەبێژێت) ،لە ئيمڕۆى نیشتیماندا كە ئەوەندە ووتراو نەبيسترا،ئەم ووشە هەژارەى پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان وەک کۆى چەمکەکانى ژیان ویستى و مرۆڤبوون و نیشتیمانیبوون بۆخۆى واقى وڕماوە،چونكە لەهەر وێستگەيەكدا بەپێى خواستى ويستراو لە قاڵپ دەدرێت ! کە هەمووان كۆكبین لەسەر هەبوون وترسناك بوونى کۆى نەخۆشیەکانى نا پەروەردەیى و ناتێگەیشتن و زاڵخوازێتى سالارێتیە جۆراوجۆرەکان،كە تا سەر ئێسقان ڕۆچووە بەناخى کۆمەڵگاى كوردەواریدا،کەواتەلە کۆى کایە سیاسى و ئابورى و کارگێرى و کۆمەڵایتیەکانەوە،دەگەینە ئەو خاڵە هاوبەشەى کە پێویستمان بە خود پەروەردەکردن و نوێبوونەوەى گشتیە،تا بە هەموان و لە کۆى کایەکاندا کاریگەریەکانى فاکتەرە ناوخۆیەکانمان،کەمبکەینەوە کە بە دڕیژایى مێژوو هۆکارى سەرەکى بووەنە لە زیان گەیاندنک بە شکۆدارى خەڵک و خاکمان.