304وتار

چارەسەرێک بۆ کەرکوک و ناوچە کێشە لە سەرەکان

9/29/2023 7:53:00 PM
ئەحمەد حەمە ساڵح

ئەم بابەتە کۆتا بەشى زنجیرە وتارێکە،کە وەک پرۆژەیەک بۆڕاستکردنەوەى هەڵەکان خستومەتە ڕوو،هیواخوازم بە دیدێکى ئەرێنیەوە هەر سێ بەشى بڵاوکراوە،بەناونیشانى،گۆڕانکارى لەسیاسەتدا،ژه‌هر‌نیە،بەڵکو بەرگرییە لەمانەوە،بکاتە لاى لایەنە سیاسیەکان،ڕۆشنبیران،شارەزایان وئەزمونداران،تا بەکۆ دەنگى لە پرۆژەیەکى نیشتیمانیدا بکرێتە کلیلێک لە نەخشە ڕێگاى دەربازبوون لە ڕەوشە چەقبەستویەکان.

لە سەردەمی دەوڵەتی پاشایەتی عێراق و دەسەڵاتی فەیسڵ پاشای یەکەمەوە،دواتریش لەساڵى ١٩٥٨ کە دەستپێکى سەردەمی کۆمارییە،ھەتا ئێستاش دەسەڵاتدارانى عێراق بەردەوام چاویان لەسەر شاری کەرکوک بووە،ئەمە بێجگە لەوەی کە تورکەکان لە سەردەمی عوسمانلییەکانەوە ١٥١٤ ھەتا ئێستاش چاوی داگیرکاریان لەسەر ئەم شارەیە.

 دەسەڵاتە یەک لەدوایەکەکانی عێراق بەمەبەستی سڕینەوەی بەڵگەنامەکانی کوردبون،بەبەرنامە تەعریبی ناوچەکانى خانەقین،مەندەلی،شەنگال وکەرکوکیان کردوە،بەتایبەت لەسەردەمی حوکمڕانى بەعسیەکاندا ١٩٦٨ - ٢٠٠٣،لەم قۆناغە فەرمانڕەوایەتیە نوێیەى عێراقیشدا،کەدەستێوەردانە دەرەکیەکان وخەونە مێژوییە داگیرکاریەکانى سەفەوی و عوسمانیەکان لەئێران وتورکیاى ئیمڕۆدا،زیادیان کردوەو،لەپشتى عێراقیەکانەوە بۆ بەرژەوەنیەکانیان لە هەرێم و ناوەندا چالاکن،هەر بۆیە لەعێراقى ئاڵۆز و فرە جەمسەردا،بیرە شۆڤێنی،ڕەگەزپەرستى،داگیرکارى وکۆنەپەرستیەکان،لێنەگەڕان ولێناگەڕێن ئەو ناوچانە،نەک هەر بگەڕێنەوە سەر ھەرێم،بەڵکو بەکوردستانیشى ناوببرێن.
حکومەتەکانى عێراق لەڕابردوودا سودیان لەھەڵەو براکوژی و بیری تەسکی حیزبایەتى کوردی بینیووە،دوای ئەوەی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لە ٢٠٠٣دا بەعسیەکانیان لە دەسەڵات دورخستەوە،کێشە و ناکۆکی لەسەر چۆنییەتی پێکھێنانی فەرمانڕەوایەتى دروست بوو،دەرئەنجام لە کۆماری پەرلەمانی فیدراڵیدا،سیستەمی پشک پشکێنە پەیڕەوکرا،هەردوو لایەنى عەرەبى سونە و شیعە کە لە پەرلەمان وحکومەتدا باڵادەستن،سوودیان لەپەرتەوازەى کورد و دامەزراوەیى نەبونى حکومەتى هەرێم وتەماحى بەش و پشکى زیاترو شەڕی ساردی نێوان لایەنە کوردیەکان بینیووە،هەربۆیە لەدرێژەى شەڕى گەرم وساردى پارتى و یەکێتی و دابەش بونى بەرژەوەندخوازى ونەتەوەیى ومەزهەبى بەسەرئەجێندا دەرەکیەکاندا،پاڵپشت بە مادەى ٥٨دەستورى کاتى ومادەى ١٤٠دەستورى هەمیشەیى،لە ڕووی سیاسى،کارگێڕى،ئابوری،کۆمەڵایەتى و سەربازییەوە،وەپاڵپشت بەبەڵگەنامە مێژوییەکان نەک هەر نەتوانرا بە شێوەیەکى یاسایی و دەستورى کار بۆ ھێنانەوەی ئەو ناوچانە بکرێت،بەڵکو چگە لە دروشمەکانى بە دڵ وچاو قودس کردن،نەتوانرا بەکردار کوردستانى بونی ئەو ناوچانە بسەلمێنرێ.
لەگەڵ ئەوەى کورد لەسەرەتاکانى دوو قۆناغى گۆڕانکاریدا،(١٩٩١ و ٢٠٠٣)دووجار کەرکوکی بەخوێن رزگارکرد،بە تایبەت لەدوەم جاردا کەھیچ دەسەڵاتێک لەبەغدا بوونی نەبوو،وە لەقۆناغى شەڕى داعشیشدا،نەک هەر نەتوانرا کەرکوک بخرێتەوە سەرھەرێم کەچى نەزانرا ونەتوانرا بەبەرنامەیەکی جوان لەناو شاری کەرکوک وخانەقین وجێگاکانی تر تورکمان،عەرەب،ئاشووری،کلدان و مەسیحیەکان بکرانایەتە دۆستێک،کەخۆیان دەسەڵاتی بەغدایان ڕەت بکردایەتەوە،ودەسەڵاتی کوردیان ھەڵبژاردایە،بەداخەوە دواى ڕیفراندۆمى٢٥ئەیلول وڕوداوەکانى ١٦ئۆکتۆبەرى ٢٠١٧دەرئەنجامەکان سەلمێنەرەوەى ئەوەبوون،کەئەحزابى کوردى دواى دەیان ساڵ لە خەبات وحکومەتدارى،فێری زانست و هونەرى کاری نیشتیمانى،نەخشە ڕێژى و پارێزەرى بەرژەوەندیە گشتیەکان، کاری هاوبەش و پێکەوەیی،خاوەندارێتى گشتى بۆ شکست و سەرکەوتنەکان نەبووە،هە ر بۆیە بەردەوام لە نێو بیرى قوڵى خۆ بە پاڵەوانکردندا،لە برى کارتە نیشتیمانیەکان،کارتە تاقمگەرایەتیەکان باڵاتربووە.
ئەو ڕاستیانەى سەرەوە پێمان دەڵێن،بۆچارەسەر لە بەرنامەیەکى گونجاندندا،بەمەرجى کۆدەنگى وداننان بە هەڵەکان ووازهێنان لە دژایەتى یەکترى وعینادى سیاسى،بیر لە نەخشە ڕێگایەکى نوێ و گۆڕانکارى لەسیاسەتدابکرێتەوە،ئێمە لێرە دا بە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنمان بۆ ڕابردوو ئیستا و داهاتوو،لە بیرکردنەوەیەکى کراوەى نیشتیمانیانەدا،لە خوارەوە ڕێگە چارەسەرێک شرۆڤە دەکەین،
ئاشکرایە کەرکوکى فرەڕەنگ و فرەنەتەوە،خاوەنى مێژویەکى شارستانى تایبەت بە خۆیانن,بەردەوام لەوشار وناوچە فرەیانە گونجاندنێکى کۆمەڵایەتى لە نێو بەشى خوارەوەى پێکهاتەکاندا،کەهاوڵاتیانى ڕەسەن و ڕاستەقینەن هەبووە ،لە هەر سەردەم و قۆناغێکیشدا،تایبەتتر لە حوکمڕانى بەعسیەکان ودواى گۆڕانکاریەکانى،١٩٩١ و ٢٠٠٣و شەڕى داعش وکارلێک و ڕوداوەکانى تر،کە  ڕەوشەسیاسى وکارگێڕیەکانى هەر نەتەوەیەک باڵادەستبووبێت،ئەوانى تر  هەستیان بە چەوسانەوە کردوەو خوێنی دەمارگیری ڕژاوەتە نێو بیرو گیانیان، کورد کە بە درێژایی مێژووى ژێردەستەیی قوربانیەکى گەورەى چەوسانەوە و دەمارگیریە،نەدەبوو لە باڵادەستیدا بەباسى کوردایەتى خوێنی دەمارگیری بڕژێنێتە گیانی ئەوانی تر ، یەکێ لە سیاسەتە چەوتەکانى هەر پێکهاتەیەک لە کەرکوکدا ئەوەیە کە بیەوێت هەموو دەسەڵاتێکى سیاسى،ئابورى و کارگێڕى  بۆ خۆى بێت،ئەمە سیاسەتە هەڵە کەیە،کە بەردەوامى داوە بە ڕەوشە دەمارگیریەکان،بۆ گەیشتن بە خاڵەهاوبەشەکانى گونجاندن و پێکەوەبوون، پێویستە لەکەرکوکدا تەنها باسی مافی مرۆڤو چەسپاندنى چەمکەکانى هاوڵاتیبون،ئازادى و دیموکراتیەت بکرێ، مام جەلال ووتەنى چارەسەرى کێشەى کەرکوک وەک چارەسەرى نەشتەرگەرى مێشک وایە،زۆر ئالۆزە وکارى ورد و ژیرانەى دەوێت،ئەى کەوابێت باشترین چارەسەرچییە،بێکومان بۆ ئاشتەواى،سەقامگیرى،پێکەوە ژیان وکۆتایهێنان بەدەمارگیریەکان وخولانەوە لەنێو بازنە بەتاڵاکاندا، بیرکردنەوە لە بەهەرێم کردنى کەرکوک گونجاوترین ڕێگەیە،بۆ ئەمەش پێویستە هەموو پێکهاتەکان و تایبەتتریش کورد هەمو وزەی خۆیان بۆئەم ڕێگەى پێکەوەژیانە سەرف بکەن،کە تاکە ڕێگەى مانەوەى کەرکوکە بۆ دانیشتوانە ڕەسەنەکەى
دوا وتە تکایەکى نیشتیمانیانە بۆ پۆپۆلیزمەکانى نێو دەسەڵات و دەرەوەى دەسەڵات،پێش هەر بڕیارێکى دژتان بەم بیرۆکەیە، لەشەقامە فەوزەوییە ناوخۆیى، ناوچەیى و دەرەکییەکان وەرنە دەرەوە،تا لەوە زیاتر لە کێ بڕ کێى جەنگی بەرژەوەندییەکان ، ماکی کوردى لەو ناوچانەدا  لەکیس نەدرێن،چونکە ناکرێت تاماوین لە بازنەیەکى داخراوى شکستهێنەردا لە جەنگدابین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن