887وتار

لە شكستەكانەوە،ترس و نائومێدى !!

8/24/2021 10:51:00 AM
ئەحمەد حەمە ساڵح

لە پێناو خەمی نیشتیمان و هەرێمێكی كەرت و گەلێكی بەژموردەدا،ئەم بابەتەش دەخەمە سەر خەرمانی بابەتەكانم،دڵنیاشم ئەم جۆرە نوسین و بیركردنەوانە بە دڵی بازرگانە سیاسیەكان و خوازیارانی سالاریەتیەكان نیە،لای خەڵكە بەشمەینەتەكەش،كە بە هۆی نادادیەكان و ناڕونیەكان و نائارامیەكان و ناتەبایەكانەوە كەوتونەتە بازنە فراوانەكەی دابڕان و نائومێد بونەوە، كۆلانەوەی ئەو ئازارانەیە كە بە شمشێری كاسبكارانی سیاسەتبازیەوە  لە جەستەی نیشتیمان دراو شكۆی خاك و خەڵكی بێشكێنرا،

لە سۆنگەی كۆڵنەدان بۆ بنیادنان و شكۆداربونی خاك و خەڵك،وەك بیرمەندان و ڕۆشنبیران و   ئازادیخوازان لایان وایە, پێویستە بەردەوام لە ناو شەپۆلەكانی بێهیوایدا بەلەمی رزگاری دروست بكرێت، هەر بۆیە لەم بابەتەماندا،كە قسەكردنە لە خەونی دەستپێكی  قۆناغی كاری نیشتیمانی ،پێویستە لەو ڕاستیەوە دەستپێبكەن كە بارودۆخە سیاسی ،كۆمەڵایەتی ، ڕۆشنبیری، كارگێڕی و ئابووریەكان، لە فراوانبونی بازنەی سالاریەتیەكان و قسەی بێكردارەوە ، له ئیمڕو وسبەدا نەشیاوی و نەخوازراویەكان ناگۆڕێن بۆ شیاوی نیشتیمانی و خوازیاری هاوڵاتیبوون

تەمەنێكە لە نێو رەوشە سیاسی ‌ و كارگێڕیە پڕ لە وەهم و هەڵەشەیی‌ و چەواشەكاری و پەرتەوازەیەكاندا،كه هۆكاری سەرەكی شكسته كانن بەردەوام بازنەی فاكترە ناوخۆیەكانمان لە فراوانبوندان، بەداخەوە بۆ بەكرداركردنی كۆی چەمەكانی ژیانو یستی و لە سەرو هەموشیانەوە چەمكی هاوڵاتیبون وەك ئەوەیە هیچ نەكرابێت، هەر بۆیە بەردەوام لە قۆناغی پەروەردەكردنداین، پەروەردە لە هەموو كایەكان و لە ئاستە جیاوازەكانیشدا بۆ تێگەیشت و پاراستنی بەرژەوەندی گشتی خەباتی بێوچانی مرۆڤە هۆشیار و ڕۆشنبیرەكانى پێویستە، لەرابردویەكی تیكۆشان و فراوانبوونی بازنەی  سالاریتیەكانەوە ئێمە نەگەیشتین بە نیشتیمانێكی ئازاد و ئاوەدان كە ژیان تیایدا واتای هەبێت، ئەوە ئەو ڕاستیە سەلمێنراوەیە كە لە دەرئەنجامی هاوكێشە دژە ناوخۆیەكانەوە لە كاروانی بنیاتنان وگەشە  بەجێماین .

  لە و مێژووە پڕ شكستەی كە بە هۆی سالاریەتیە كەسی و خێڵەكی و بنەماڵەیی و حیزبایەتیەی كەهەمانە، لە ئیستادا خەڵك وەك سەرچاوەی هەموو نەهامەتییەكان‌و بەدبەختییەكان تەماشای ئەم قۆناغی حكومەتداریە دەكات، چونكە حیزبەكانمان لەڕووكەشدا هەڵگری كۆمەڵێك دروشم‌و چەمك‌و ناونیشانی گشتین، بەڵام لە جەوهەردا بوونەتە كۆمپانیاو ‌ كارەكتەرە باڵاكانیشی بوونەتە سیاسەتبازو بازرگانی سیاسی  
لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە،ئایا ئەم قۆناغی حكومەتداریەمان  بۆ هەر لە سەرەتاوە هەنگاوەكانی دژ بە كۆی چەمكە مرۆڤویستی و نیشتیمان ویستیەكان ئاراستەكرا؟

بەڕاستی حیزبەكانمان تائیستاش نازانن یان ڕێكنەكەوتوون لەسەر ئەوەی چیان دەوێت و هەر لایەنە و تەنانەت هەر تاقم و دەستەو گروپێكیش  لە ئاوازێك دەخوێنن ،لەم بابەتەدا لەبەر ئەوەی زۆر درێژە نەكێشێت ناگەڕێینەوە بۆ مێژوویان، چونكە هەمووان دەزانین چ كراو چۆن كراو چی گوزەرا،بەڵام گرفتەكە ئەوە یە كە تا ئیستا  وانەمان لە شكستەكانی ڕابردوو وەرنەگرتووە ، هەتا ئیمڕۆش حیزبەكانمان لە بەرگی جیاوازدا لە بازنەی سالارێتی حیزبی و كەسیەكاندا ماونەتەوە، بە تێپەربوونی كات و جیاوازی سەردەمەكان نەك هەر لە قۆناغی سەرەتایی خەباتی حیزبایەتیدان بەلكو لەو قۆناغەش پاشەكشەیان كردوە،بەكورتی قۆناغی ڕابردوو تێنەپەڕینراوە، هەربۆ یە نەتوانراوە داخوازیە نیشتیمانیەكان جێبەجێبكرێن و   چەمكی هاوڵاتیبونیش بۆ هەموان،پر بە واتای خۆی كە زانین و جیبەجیكردنی ئەرك و مەفەكانە بەدینەهینراوە. لە بەردەوامی گاڵتەچاڕیەكان بە كۆی چەمكەكانی ژیانویستی و نیشتیمانویستيدا،نە حكومەتێكی یەكگرتووی ناحیزبی و نە لەشكرێكی یەكگرتووی ناحیزبی و نە چارەسەر كردنی كۆی كێشەكان و نە سوود وەرگرتن لە كۆی سەرچاوەكانی ئابووری و نە بنەبڕكردنی گەندەڵی و  نە چارەسەركردنی هەڵئاوسانی نرخ و نەكەمكردنەوەی ڕێژەی بێكاری و نە ئامادەكردنی ئەلفوبێی شارستانێتی بۆ خەڵك وەك (ئاو كارەبا سووتەمەنی و پێداویستی تەندروستی) هەروەها نەخزمەتی زمانی كوردیی و نەپاراستنی ئاسەوارە مێژوییەكانی .............هتد،
بەكورتی حیزب لە دۆخێكی چەقبەستویدا ماوەتەوە ئەندامەكانیشیان وەك كاسبكار حیزبایەتی دەكەن ،ئەزمونەكانی ڕابردوو ئەو ڕاستیەمان بۆ دەسلمێنن كە ئێمە پێویستمان بە لایەنگیری ڕامیاری و حیزبایەتی و خێڵەگێتی و خزمایەتی و بنەماڵەیی نیە بەڵكو پێویستمان بەلایەنگری بابەتە مرۆڤویستیەكان و نیشتیمانویستیەكا نە

لە ئەخلاقێتی سیاسیدا ،و لە حكومەتداری مەدەنیدا پێویستە داكۆكی لە مافەكان بكرێت و كۆی حزمەتگوزاریەكان دابینبكرێن، نەك وەك ئەوەی بینیمان و دەیبین حیز بەكانمان هەر بە ڕووكەش هەڵگری كۆمەڵێك دروشم‌و چەمك‌و ناونیشانی گشتین، كەواتا لەبەردەوامی پەروەردە سالارێتیەكان و  ناكامڵبووە نانیشتیمانیانەكانەوەیە كە رۆژانە لاى هاوڵاتیان بازنەكانی ترس و نائوێدی و بیمتمانەیەكان فراوانتردەبن

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن