663وتار

کێ كارەكتەرێکى سياسى نیشتیمانیە !!؟

6/26/2021 10:15:00 AM
ئەحمەد حەمە ساڵح

مرۆڤ بۆخۆى بونەوەرێكى سياسيە،بەڵام مەرج نيە هەموو کەسێک،لەڕەفتارو گفتاریدا کارەکتەرێکى سیاسیى وپێشەنگێکى خاوەن کەسایەتى بەرز بێت،لەکارى حیزبایەتى و حوکمەتداریشدا،بەرئەنجامى كارى سياسى مەسەلەكانى،مەرگ،ژيان، ئاوەدانى ، وێرانى و دواكەوتن و پێشكەوتنى،لێکەوتۆتەوە و دەکەوێتەوە.

لە ژێرچەترى چەمکەکانى هاوڵاتیبوون وديموكراتى وجیهانگیریشدا،ئەگەر سياسەت بە دەريايەكى فراوان و قوڵ بشوبهێنرێت ، ئەوا پێویستە سیاسیەکان،کابتن ودەریاوانێکى شارەزا و كارامە و لێهاتووبن،تا گەشتیەکەى نیشتیمان سەرکەوتووانە بگەیەننە کەنارەکانى ئارامى و دڵنیایى.

 ئەگەر ئەو باسەى سەرەوە بكەينە دەروازەیەک بۆ خوێندنەوەى ڕەوشى سياسەتكردنى سیاسەیەکانى ئیمڕۆمان،ئەوە دەگەينە ئەو ڕاستيەى،كەبە بەردەوامى بیرى یەکترسڕینەوە،ودرێژەدان بە قۆناغى شۆڕشگێرێتى حيزبى و قۆرخكارى وترس وتۆقاندن ، وەک ڕابردوومان کۆى ڕەوشە سەپێنراوە نامرۆڤایەتى و نانیشتیمانیەکان،بوون ودەبنەوە لەمپەر لە بەردەم دەستپێکى قۆناغێک لە بیرو کارى نيشتیمانى.

لەم فەوزا سياسيە شێوێنراوە خوڵقێنراوەدا،كە کۆى پایەکانى حکومەتدارى تيا لەرزۆک كراوە،بەپێويستمزانى لە چەند خاڵێکدا ڕاڤەیەک بۆ كارەكتەرى سياسى بخەینە ڕوو.                                                                               
1/ بۆكەسى سياسى پێويستە،بەدەستەواژەى سادە وكاريگەرگوزارشت لەديدو بۆچونەكانى بكات،نەک وەک لاى ئێمە،لە ووتەى زۆر و کردارى کەم و نەبونى ڕاستگۆيدا،زۆرێک لە حیزبیە بە ناو سياسيەكان،لە برى پەیامى پێکەوەیى و نەخشە ڕێگاى نیشتیمانى ،لە ژێر چەترى سالارێتیەکاندا درێژە بە چەواشەکاریەکان دەدەن ،ئەم جۆرانە دابەش دەبن بە.

ئەلف/ هەندێک لەو سياسيانە هزرو بيرۆكەيان پێیە،بەڵام لە دوواندندا نەزانن يان کۆیلەى ڕێگەپێنەدراون نەتوانن گوزارشت لە بۆ چونەكانيان بكەن،ئەمانە هەر نەبێ لە پێناو پاراستنى كەسايەتى خۆياندا،بە ناوى ئاشكرا يان خوازراو بنوسن باشترە لەوەى بدوێن .

ب/ هەندێک لەو سياسيانە قسەزانن،هەمیشە دەیانەوێ دەربکەون،ئومێدى درۆینەدەبەخشنەوە، بۆخۆ دزینەوە لە ووتنى حەقیقەت زوو زوو ڕاى خۆیان دەگۆڕن،بۆ سەپاندنى بۆچونەکانیان زۆر دەدوێن،و کەمتر گوێدەگرن ،ئەمانە لەژێر چەترى سالارێتیدا،پارێزەرى پەررژەوەندى حیزبى وخود و کەسانى ترن،ئەمانە كە زمانى شەڕ و ڕق و كينە و دژايەتى و چەواشەكارين،لە سەقامگیرى ئارامى و كەمبونەوەى كێشەكاندا،هەر زوو دەبنە ناوێكى لەبيركراو،هەر بۆیە بەردەوام لە هەوڵى درێژکردنەوەى ڕەوشە ناسیستەم  و نانیشتیمانیەکاندان.

ج/هەندێک لەو سياسيانە هزرو بيرۆكەيان پێیە و لە هونەرى ئاخاوتنيشدا بە توانان،ئەمانە هەرچەندە لە بازنەكانى پاراستنى پەرژەوەنديشدا بن، ئەتوانن وا لە گوێگر بكەن گوێیان لێبگرن،لە دەرئەنجامى هەڵسەنگاندنى كارو كرداریاندا،ئاستى ڕاستگۆييان لە پارێزەرى پەرژەوەندى گشتيدا دەبێتە سەنگى مەحەک بۆ بڕوابهێنانیان،بەڵام بەداخەوە تا ئیمڕۆدەرئەنجامى هەڵسنگاندنەکانیان ئومێد بەخش نین.

٢/ بۆكارەكتەرى باڵاى سياسى پێويستە وەک چۆن بە شێوەيەكى ڕاستەوخۆ گوێ لە هاوبيرانى دەکرێت،بە هەمان شێوە گوێ لە ديدو بۆچونەجیاوازەکانیش بکرێت،ئەم شێوازە بۆ بنیاتنان دۆزینەوەى کلیلەکانى چارەسەرکردن و ئەنجامدانى کارى هاوبەشە،بەڵام بەداخەوە لەلاى ئێمە سیاسیەکانمان تەنها لە ڕێگاى ڕاوێژکار وڕاپۆرت نوسەكانيانەوە لە جياوازيەكان و داواكاريەكان تێدەگەن ، ئەمەش ڕێگە هەڵەکەیە کە بەردەوامى پێدراوە.

٣/بۆ كارەكتەرى سياسى پێويستە ئەو بزانێت،كە بەسەپاندنى بيرو بۆچونەكانى و دوركەوتنەوە لە چەمكەكانى ديموكراتى،ئازادى و دادوەرێتى،و هەروەها بەردەوامى بە ئەقڵیەتى یەکترقبوڵنەكردن و سەپاندنى قۆرخكاریەکان و قەيرانەکان ،لەلاى هەموان نابێتە خاوەن هەيبەتێکى نیشتیمانى.هەر ئەو هۆكارانەشە كە چگە لە سمبولى حیزبى و فراوانکردنى بازنەى سالارێتیەکان ،ئێمە تائيستا نەمانتوانيەوە،وەک سمبولێکى گشتكيرى نەتەوەيى و نيشتيمان رابەرێک دروستبكەين.

٤/ مەرج نيە سياسەتمەدار ئەو كەسەبێت كە حيزبايەتى کردۆتە پیشە،هەروەها مەرجيش نيە ئەو كەسەش بێت كە لە ڕەوشێكى بۆ ماوەيدا كەوتۆتە جيهانى سياسەتكردنەوە،بەدڵنيايشەوە ئەو بەناو پێشەنگەش نیە كە لە يەک كاتدا سياسى و كاربەدەست وبازرگانيش بێت،بەڵکو يەکێک لە پێوەرەكانى كەسى سياسى ئەوەيە كە بەڕاوێژ  خاوەنى (دەستپێشخەرى ئاشتى وديدگاى پێکەوەیى و چۆنایەتى سياسەتى نیشتیمانى و گەشەى ئابورى وچەسپێنەرى چەمكەكانى  دیموکراتى و هاوڵاتیبوون بێت .

٥/ ئارامگرتن يەكێکە لە نيشانە گرنگەكانى كەسێتى سياسى ، لە شكست و سەرهەڵدانى هەر قەيرانێکدا ئارامى و ڕاپرسى و پێکەوەیى،دەبنە هۆكار بۆ ئەوەى کێشەکان نەچنە بازنەى ڕوخاندنەوە،كەواتا كەسى سياسى  دەبێت خاوەنى فرە ڕوانين بێت و ڕوانينەكانى بەرجەستەبكات،ڕونتر سياسى ئەو كەسە نيە كە لەهەموو  زەمەنە جياوازەكاندا يەک ديدگاو بۆچونى هەبێت و هەوڵ بۆ ملكەچى بەرامبەرەكانى بدات،و وابەستەى ئەجێنداى دەرەکى بێت، بەڵكو ئەو كەسەيە كە لە ساتەكانى بون و نەبونى كێشەدا ديدگاو بۆچون و پلان و نەخشە ڕێگاى نیشتیمانیانە دەخاتە ڕو.

بە تێڕوانينمان لەو کورتە باسەى سەرەوە،ئەتوانين بڵێبن ئەم شرۆڤەیە دەبێتە بەرگێک بەقەد باڵاى كام سياسيانە،ئەوانەى كە بە تێگەڵ كردنى چەمكە دژبەیەکەکان و بەردەوامى چەواشەكاريەكان و کارکردن بە ئەجێنداى دەرەکى،وەک ئەو نەزانەيان لێهاتوە كە بەردى گەورە دەخەنە گۆمەوە،یاخود ئەو فێلباز و خۆشێن وقاوەگرەوانەن كە ڕۆژانە نێو ماڵى كوردى دەشێوێنن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن