655وتار

بنەماو ڕەهەندەکانى قەیران

6/11/2022 10:30:00 AM
ئەحمەد حەمە ساڵح

وەک لە ووتارەکانى پێشووتردا،ئاماژەمان پێدا بوو ،لە ژێر چەترى چەمکى هەوڵاتیبوون و نیشتیمانیبوندا،لە بەردەوامى و پانتایى چەمکەکانى قەیراندا، لە بازنەکانى بەڕێوەبردن ولە نێوانى هەڕەشە و دەرفەتەکانى قەیراندا،شرۆڤەیەکى زانستیانەو نیشتیمانیانەى هۆکارەکان وجۆرەکانى قەیرانمان کرد،کەلە بەرداشى سالارێتیەکانى کۆمەڵگاى سەربازى و مەدەنیدا، لەبوارەکانى کۆمەڵایەتى،سیاسى،ئابوورى،کارگێڕى،یاسایى،ڕۆشنبیرى وڕاگەیاندندا،ڕوودەدەن،هەر یەک لە جۆرەکانى قەیرانیش بە پێى قەبارە و ڕێژەى زیانە مرۆیى،مادى،مە‌عنەوى و دەرونیەکانى،پۆلین دەکرێن بۆ قەیرانى بچووک، مامناوەند و گەورە،وەک تەواوى ژیانى کۆمەڵایەتى وسیاسى لە مەڕخۆمان کە لە دەستپێکى ئازادى وحکومەتداریمانەوە،نەک هەر نەتوانرا و نەویسترا چارەسەرى کارەسات و قەیرانە نیشتیمانیەکانى،سەردەمى داگیرکارى بەعسییەکان بکرێت،بەڵکو نەزانانە و خۆویستانە و مەبەستدارانە،دەسەڵاتدارانى دوێنێ و ئیمڕۆى شۆڕش و دەوڵەتدارى خوڵقێنەر و داهێنەرى زۆرێک لە قەیرانى تریش بوون،لە بەردەوامى قەبارەى کۆى قەیرانەکانەوە،ڕێژەى زیانە جۆراو جۆرەکان زیادتربوون، و بازنەى کاریگەرییەکان فراوانتر بوون ،تا لە بارگرژیەکانەوە تەشەنەیسەند بۆ بەردەوامى نادادیەکان،ناڕوونیەکان و نائارامیەکان،هەروەها لە بازنەى بنەماکانى قەیراندا، هەر یەک لە جۆرەکانى قەیران بەپێى شوێن و ئەو پانتاییە جوگرافیەى کە تێدا ڕوودەدات،پۆلێن دەکرێن بە.

قەیرانى ناوخۆیى وناوچەیى:نمونە داڕوخانى ژێرخانى ئابوورى،بە هەرهۆکارێک بێت،لە نەبوونى بەرنامەیەکى بەهێز و تۆکمە و گشتگیرى بنیاتنان و ئاوەدانى و گەشەکردندا،زیانەکان زیاتر و بەردەوام دەبن.

قەیرانى نیشتیمانى: نموونە پیسبوونى ژینگە،نائارامى نیشتیمانى،نائۆقرەیى کۆمەڵایەتى،نەمانى ئاسایشى هەواوئاو و خۆراک،ئامادەیەکانى شەڕى ناوخۆ،بەردەوامى چەنگە دەروونیەکان وناسیستەمى حکومەتدارى،کۆى ئەو نەهامەتیانە،لە بەئاگاى یان بێئاگایى بێت لە سیاسەت،ئەوە وەک تەواوى مێژوومان وتایەبەتتر ئەم زەمەنى حکومەتداریەمان، کە بەهۆکارى نخرۆبونمان لە قەیران،بەردەوام خەمەکانمان زیاتر و زامەکانیش لە برى ساڕێژبوون لە کولانەوەدا دەبن.

قەیرانى نێو دەوڵەتى،وەک بڵاوبوونەوەى برسێتى،نەخۆشى،ووشکەساڵى،هێرشى ئەلەکترۆنى،سیخوڕى،پەیوەندیە نەهێنیە دژە مرۆڤایەتى و نیشتیمانیەکان و.....هتد،بێکومان ئیمەش بێبەش نەبووین و نابین لەو قەیرانانە.

وەک زانراوە قەیران بە پێى ماوەى خایەنراو،کاریگەریەکانى پۆلێن دەکرێت،نموونە ماوەى کاریگەریەکانى نەخۆشیە ناوچەیى و جیهانیەکان،هەڵگیرسانى شەڕو کارەساتە چەنگیەکان و کێشمەکێشە ئابوورى و سیاسیەکان،ئەگەر لە ووڵاتە سیستەمدارەکاندا ماوەیەکى دیار بۆ لاواز بوون و نەمانى کاریگەریەکانى هەر کارەسات و قەیرانێک هەبێت،ئەوە لە ووڵاتە ناسیستەمدارەکاندا ،کە کارەسات و قەیرانەکان،دەسیپێکیان هەیە و کۆتاییان نییە،بە درێژایى فەرمانڕەوایەتیە سالارێتیەکان،قەیرانەکان کەڵەکە دەبن و لەژێر هەڕەشەى کاریگەریەکاندا،لە بازنەى چەمکەکانى دیموکراتى و هاوڵاتیبوندا، پێناسەیەک نادۆزیتەوە بۆ سەلماندنى شکۆداربوونى خاک و خەڵك.

لەو باسەى سەرەوەدا،دەگەینە ئەو راستییەى،کە لەڕوودان وبەردەوامى کارەسات و قەیرانەکاندا،چەندین ڕەهەند و کاریگەرى هەیە،کە پاشماوەو شوێنەوارى خراپ لە دواى خۆیان بەجێ دەهێڵێن،هەر بۆیە لەژێر دروشمى بنیاتنان و ئاوەدانى،پێویست بوو لە ڕەهەندە،سیاسى، دارایى و ئابوورى،کارگێڕى، دەروونى،کۆمەڵایەتى،خۆناسین وکۆمەڵناسى،ڕۆشنبیرى،فەرهەنگ و زمان ، یاسایى و ڕاگەیاندن و.............هتد، توێژینەوەى هەمەلایەنەى مەیدانیانە بکرایە،بەڵام بەداخەوە لاى خۆمان سەرەڕایى بوونى هەزارەها خاوەن بڕوانامەى بەرز لەو بوارانەدا،وە خاوەنى ئەو هەموو بەناوپێشەنگە سیاسیانە،کەچى چکە لەوتوێژینەوانەى کە 
بۆ مەبەستى وەرگرتنى بڕوانامە باڵاکان نووسراون،وە چەند ووتارێکى ناو ڕۆژنامە وگۆڤارو سایدە ئەلەکترۆنیەکان و هەندێک باسى کورت کورتى ناو کتێبەکان کە وەک هاندانێک نووسراون،لە بازنەکانى بوون وکرداردا،خاوەنى هیچ توێژنەوەیەکى زانستیانەى نیشیتمانیانەنین،هەر بۆیەلە کۆى نەزانین، گوێپێنەدان،کەمتەرخەمیەکان، بەردەوامى ناکۆکیە کەسى و بنەماڵەیى و سیاسیەکان ،فراوانى بازنەکانى گەندەڵى و زاڵخوازێتى سالارێتیەکانەوە،بەداخەوە لەکۆى ڕەهەندەکانەوە، لە بازنەکانى ناسیاسى نیشتیمانى و نائۆقرەیى کۆمەڵایەتیدا هەزارەها کاریگەرى خراپیان لێکەوتەوە و دەکەوێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن