وتار

قەیران لە هاوکێشەی خەسڵەتەکانیەوە !!

4/8/2022 7:56:00 PM 655 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد حەمە ساڵح

 

 

لەزانستی بەڕێوەبردنی قەیراندا، چەند توخم و پێکهاتە و خەسڵەتێکی تایبەت بە ئەگەرەکانی ڕوودان و ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوە و پێشهاتە مەترسیەکانی قەیران هەیە، کە پێویستە ئاماژەیان پێبدرێت و بە بەرنامە و پلانی کورت خایەن و مامناوەند و درێژخایەنەوە کاری کرداریان لە سەر بکرێت، تا لە بازنەکانی بەڕێوەبردنی قەیراندا،لەپێناو بەرژەوەندی گشتی،کە سەروەرێتی خاک و شکۆداری مرۆڤبوونە،هەڕەشەکان کەمبکرێنەوەو بگۆڕدرێن بە دەرفەت.

بەکورتی زیان و لێکەوتە مەترسیدارەکان بکرێنە دەرفەتێک بۆ بنیاتنانی ئیستایەکی باش و ئایندەیەکی دیار، ئەمەش وەک ئەزمونداران و خوێندەواران و نووسەرانی دەرەوەی حیزبەکان، تەنها لە پێناو شکۆداری خەڵک و خاکدا، ساڵانێکە هاواردەکەن هەنگاوی یەکەم لە نەخشە ڕێگەی کارکردن و کاری بەکرداری هەموانەوە دەستپێدەکات، تا گەیشتن بە کەنارەکانی ئارامی و دڵنیایی، نەک وەک لای ئێمە بە تەنها گوێکرتن لە نەخوێندەوارە حیزبیەکان،و لە فراوانکاری بازنەکانی تاڵانکاری و قۆرخکاری و سالارێتیەکانەوە،بەردەوام بازنەی قەیرانەکان لە فراوان بوندان و ساڵانێکە ژیانمان بریتیە لە ئیستایەکی فەرامۆش و ئاندەیەکی خراپ و نادیار.

بۆ قسەی زیاتر لە سەر ئەم خەمە دریژخایەنەی نیشتیمان،لەبازنەی زانستیانەی بەڕێوەبردنی قەیراندا،لە خوارەوە قسە و باسێک لە سەر چەند توخم و پێکهاتە و خەسڵەتێک دەکەین،تا زانستیانەو بە ئاگایانە پەنچەرەی ڕوانینەکان واڵابکەین و چەند بارە بە کارەکتەرە سیاسیە حکومەتداریە حیزبیە بنەماڵەیەکان بڵێین،ئەمە ڕاستی و تێگەیشتن و هەنگاوەکانی چارەسەریە، کە ساڵانێکە ئێوە لە بازنەکانی چەواشەکاری وسەپاندنی سالارێتیەکاندا خۆتانی لێ دەدزنەوە.

هەڕەشە
لە ئیستادا لە کۆی قەیرانە کۆن و نوێکانەوە، بەهۆکارەکانی بێ پلانی نیشتیمانی و فراوانخوازی سالارێتیەکانەوە، قەیرانەکان لە ئایندەدا دەبنە کۆ هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەی مەترسیدارتر، لە سەر بەرژەوەندی و ئامانجە گشتییەکان. لێرەدا پێویستە ئەوەش بڵێین کە لە بوارە کارگێڕی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانەوە،زیندویەتی حکومەت ئەو کاتەنە بەدەردەکەوێت کە بەردەوام هەڕەشەکان بۆ دەرفەتی سودبەخشی گشتی بگۆڕێت و شکۆداری خاک و خەڵک لەئامانجە باڵاکانی بێت.

کتوپڕی

ئەو ڕەوش و ڕووداوە دەستکرد یان سروشتیانەن کە لە کتوپڕ و ناکاودا ڕوودەدەن ،لە دەرئەنجامەکانی نەزانین، گوێپێنەدان،و ئەگەرە حساب بۆ نەکراوەکانی پێش ڕوودانیان،بەهۆی کەمتەرخەمیەکانەوە پێشبینی ڕێژەو قەبارەی زیانەکانیان نەکراوە، بەکورتی لە هەر ڕوشێکدا هۆکارێک لە پشتی ڕوودانی هەر ڕووداوێکەوەیە،ئەوەش ڕاستە کە لە هەندێک حاڵەدا ئەستەمە بەر لە ڕوودانی هەر ڕووداوێکی کتوپڕ بگیرێت،بەڵام ئەکرێت لە بازنەکانی پێشبینی و ئامادەکاریدا کار بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان بکرێت.

کات
لە هەر ناوەندێکی بڕیاردا  سوود وەرنەگرتن لە کات،یاخود دیاری نەکردنی کاتی پێویست بۆ ئەنجامدانی هەر کارو ئەرکێک ،دەبێتە هۆی ڕوودانی تەنگەژەو بارگرژی دەروونی،و کۆی بەرژەوەندیە کشتیەکان دەخاتە بەردەم مەترسییەوە. 

 

ئەو قسەیەش ڕاستە کە دەڵێن هیچ کات ژیانی تاک و کۆمەڵگا بێ کێشە و گرفت و هەڕەشە نەبووە و نابێت،ئەمەش بۆ خۆی بەشێک لە پێناسە و بەردەوامی ژیانە،وەلێ لەبازنەکانی سوود وەرگرتن لە کات ئەتوانرێ ئیستاو ئایندەیەکی باشتر لەوەی کە هەیە بنیات بنرێت،نەک وەک فەرمانڕوایەتی لە مەڕخۆمان،لە خراپەوە بەرەو خراپترو بەردەوامیش پانتایی بازنە داخراوەکان فراوانتر دەکرێن،لە هەر جۆرە حکومەتداریەکی سەلارێتیدا،کە نەتوانرا یان نەویسترا سوود لە کات وەربگیرێت،ئەوە بەدڵنیایەوە دەسەڵاتداران بەمەبەست بێت یاخود لە نەزانینەوە، ناتوانن و نایانەوێت دەرچەیەک بۆ باشتربوون بدۆزنەوە.

لەو باسە زانستیەی سەرەوەدا دەکەین بەو ڕاستیەی،کە بە داخەوە لەم جۆرە حوکمڕانیەی ئێمەدا، هەر لە دەستپێکەوە هەتا ئیمڕۆش، حیزبەکانمان تەنها لە بازنەی سەپاندنی باڵادەستی حیزبی و ناوچەیی و خێڵەکی و بنەماڵەیەتیدا خەبات و فەرمانڕوایەتیان کردوە، شتێکیش نەبووە و نیە ناوی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و چەتری شکۆداری خاک و خەڵک بوبێت هەر بۆیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ نیشتیمان زیاتر نخرۆی ناکۆکیەکان وقەیرانەکان بووە و دەبێتەوە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ