نيشتيمان لە ژاوەژاوەی حیزبایەتیدا
11/11/2021 9:40:00 AM
ئەحمەد حەمە ساڵح
بۆ دەربازبوون و کۆتایهێنان بە خولانەوە لە نێو بازنە داخراوەکانی سیاسەتی تاقمگەرایی حیزبایەتی،دەمێ ساڵە بەندەش وەک زۆرێک لەڕۆشنبیران و کەسایەتیە نیشتیمانیەکان، لە نوسینەکانماندا ئەوەمان خستۆتە ڕوو کە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە شکستخواردوە نانیشتیمانیە،نا ئیداریە،سەپێنراوە سالارێتیە،پێویستمان بە دەستپێکی قۆناغی گوتاری نیشتیمانی و کاری کرداری خاک و خەڵک ویستیە.
ئێمە وتمان پێویستە کۆی حیزب وگروپ و کەسایەتیە گۆڕانخواز و چاكهخواز و ئاشتی خوازو نوێ خواز و پێشكهوتن خوازهكان،لە بازنەی شکۆداربونەوەی خاک و خەڵک دا ،بەپلان و ستراتیژ و خاوەن فکر و ڕوئیا و گوتاری جیاواز لە خوازیارانی سالارێتیەکان، لە بەرەیەکی گۆڕیندا بێنە مەیدان، نەکهەرکەس و گروپێک لە ئاوازێکی ناسازتر وناشیاوتردا بخوێنن.
دەمێ ساڵە لە کۆی نادادیەکان، نائارامیەکان،ناڕونیەکان ونایەکسانیەکانەوە،تاکە بەش مەینەتەکانی نیشتیمان کە زۆرینە بون و دەبن هاواردەکەن گەشە و بنیادنانە نیشتیمانیەکان بە ژاوەژاوەی حیزبایەتی وتاقمگەرایی وشاگردایەتی و پارێزەری سالارێتیەکان ناکرێت.
لێرەدا پێویستەجەندبارە ئەوەش بڵێینەوە کە تەنها لە ئەجێنداى نیشتیمانی و بازنەى یەکترقبوڵکردن و کارى پێکەوەیدا هەین و بە هێزین،دەمێ ساڵە ئێمە بەچاوى دوژمنکارانەوە لەیەکترى دەڕوانین،تەنانەت پێکەوەبونە ڕوکەشەکانیشمان لە دەرەوەى ویستە نیشتیمانیەکان بووە، جێگرەوەى بەرنامەی نوێ لە پێناو بنیادنان و ئاوەدانی، ئاواتى نەتەوایەتى و پێویستیە کۆمەڵایەتیەکان پێکەوە دەبەستێتەوە،لێرەوە جۆرى ژیان و نەریتە باشەکانى پەروەردە و سیستەمى پێشکەوتووى بەڕێوەبردن دێنە کایەوە،نەک بە بنپێخستنی چەمکی هاوڵاتیبوون وسڕینەوەی کۆی چەمکەکانی خاک و خەڵک وویستی، لایەنگیری ویستە نیشتیمانیەکان و بەزانستی بونی حکومەتداری،درۆزانی وجنوێ فرۆشی نێوان تاک و لایەنەكان نییە،بەڵكو هەوڵدانە بۆ گۆڕین لە بارودۆخێكی خراپەوە بۆ باشتر،ئەگەر هەوڵدان بۆ گۆڕین جێگۆڕکێی کارەکتەرانی درۆزان و خۆپەرستان وجنوێ فرۆشان بێت و بابەتەكانیش هەر وەک خۆیان بمێننەوە،ئەوە ئەو كارە زانستیانە نەبووە و نییە،بۆ وەستانی کاروانی گەندەڵکاران دەبێت گۆڕین لە بابەتدا بێت نەک لە جێکردنە وە وجێگۆڕكێدا.
ڕاستە حیزب لە وڵاتە پێشکەوتوەکاندا ماڵى ئەندامەکانێتى ،بەڵام لە کوردستاندا ماڵى بنەماڵەگەورەوبچوکەکانە،لێرە لەم نیشتیمانە زامدارە ماندوەدا حیزب نەک هەر نەبوە و نەکراوەتە ماڵى گەل،بەڵکو ماڵى ئەندامەکانى خوارەوە و لایەنگرانیشیان نەبوە و نیە، لەوە ش ترسناکانەتر ئەوەیە کە حیزبەکانمان خاک و خەڵک و کۆی دامەزراوەکانی بە مولکى خۆی دەزانێت،هەربۆیە ڕەوای دەدات بە برەودانە سالارێتیەکان.
ئێمە لە نیوەى دووەمى سەدەى بیستەمەوە هەتا ئیمڕۆش، لەبازنەیەکی داخراودا،و لە ڕەوشی چەقبەستوى و سەپێنراویحیزبایەتیداین،هەر بۆیە بەردەوام لە کەڵکەبونی کێشەوقەیرانەکانەوە بازنەکانی نائومێدیمان فراوانتر دەبن
لەو بیرخستنەوەیەی سەرەوەدا ئەو راستیە دەسەلمێنین کە ئێمە پێویستمان بە دەربازبونە لە چەقبەستوى و سەپێنراوی،لێرەوە دەگەینەوە بە و پێویستیە لەبیرکراوەو خۆدزینەوە لێى،کە گۆڕینى ژێرخانى پێکهاتە و شێوازیحکومەتداریە،کاتێک کە گۆڕینى جۆرى بیرکردنەوە و فراوانی هزری شکۆداربونی خاک وخەڵک و بۆچوون و هەڵوێستەنیشتیمانی و مرۆڤایەتیەکان دەستپێدەکا ئەو جا گۆڕینى بابەتەکان لە ڕەگ و ڕیشەوە هەنگاوی کرداری بۆ دەنرێت و هیواى نیشتیمانى بوون و هاوڵاتیبوون دەگەڕێتەوە بۆ نائومێکراوانى نیشتیمان ،بەداخەوە تا ئیمڕۆش هانگاوی نیشتیمانیانە وکارکردن بۆ چەمکی هاوڵاتیبون لە نێو حیزبەکانماندا هەر قسەی بریقەداری بێکردارە،هەر بۆیە بەردەوام لە ڕەوشی ژاوەژاوەی حیزبایەتیداین.