30 جیهان

رۆژنامەیەك نهێنی ناچاربوونی ترەمپ بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران ئاشكرادەكات؟

02:04 - 13/06/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"، کەمبوونەوەی یەدەگی نەوت لە کۆگاکانی جیهاندا بووەتە هۆی دروستبوونی فشارێکی زۆر لەسەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، تاوەکو بگاتە رێککەوتن لەگەڵ ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و رێگەدان بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.

 ئەمڕۆ شەممە، ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ''نیۆڕک تایمز''ی ئەمریکی کە هەینی ١٢ی حوزەیران، بڵاویکردووەتەوە، کۆگاکانی نەوت و سووتەمەنی کە پێشتر بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی بازاڕ بەکار دەهاتن، ئێستا لە زۆر شوێن بەرەو نەمان دەچن، هاوکات کۆگاکانی حکوومەتی ئەمریکاش گەیشتوونەتە نزمترین ئاستی خۆیان لە ساڵی 1983ـەوە.

ئەم راپۆرتەی نیویۆرک تایمز دوای ئەوە دێت، رۆژی پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، واشنتن و تاران لە رێککەوتنی ئاشتی نزیکبوونەتەوە، ئەم لێدوانە دەستبەجێ نرخی نەوتی لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ خوار 90 دۆلار دابەزاند، بەڵام هێشتا دیار نییە کە ئایا ئەم رێککەوتنە مەرجی تێدایە بۆ خێراکردنی هەناردەی نەوتی ناوچەکە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی سووتەمەنی و دابەزاندنی نرخەکان یان نا.

شارەزایانی وزە هۆشداری دەدەن، بەردەوامیی داخستنی گەرووی هورمز بازاڕی نەوت تووشی شڵەژانێکی گەورە دەکات، چونکە جیهان رۆژانە 100 ملیۆن بەرمیل نەوت بەکار دەهێنێت و وڵاتانی وەک ژاپۆن و کۆریای باشوور کە پشت بە هاوردە دەبەستن، بە توندی کاریگەر بوون.

ئەمریکا کە گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە، ئێستا 172 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە یەدەگی ستراتیژی خۆی دەرهێناوە، کە ئەمەش یەکێکە لە گەورەترین پرۆسەکانی بەکارهێنانی یەدەگ لە مێژوودا، لە لایەکی دیکەوە ئێران ملیۆنان بەرمیل نەوتی لە کۆگاکانیدا هێشتووەتەوە و چاوەڕێی کردنەوەی گەرووی هورمز دەکات بۆ ئەوەی بیفرۆشێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن