7وتار

گەلی باشوری کوردستان لە کۆچێکی سەختی مەدینە نادیارا

6/16/2026 12:59:00 PM
ئەبوبەكر كاروانی

واتە، بەروونی نازانرێیت ئێمە کێین؟ بەرەو کوێ دەچین؟ دەبێت چۆن بین؟ چ شتێك بە یەکمانەوە دەبەستێتەوە و دەمانکات بە هاوئازار و چارەنووس؟ بۆیە کۆمەڵگەی کوردستانی باشور لە کۆچدایە، بەڵام بەجیاواز لە کۆچی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێ) و هاوەڵە بەڕێزەکەی، بەهۆی نەبوونی سەرکردایەتی و ستراتیژێکی نیشتیمانیی سازان لەسەرکراو، دامەزراوەی سەروحیزبیی نیشتیمانیی بەهێز، کۆچێکی مەدینە نادیارە. نازانێ مەنزڵی کوێیە و کوتومت بەرەو کوێ دەچێت و بۆ دەبێت بچێت و لەوێ دەگات بە چی و چی دەست دەکەوێت و ستراتیژی داهاتووی چییە؟ ئەمەش جۆرێک لە سەرلێشێواوی فیکری و سیاسی  و لە هەندێ ڕووشەوە کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی لێکەوتۆتەوە، چونکە کۆچەکە سووڕانەوەیە لە بازنەیەکی نیمچە داخراودا! کە هەر ئەوەش لە کۆچەوە، کە گەڕانەوەی قارەمانانە و سەرکەوتووانەی بەدوادا دێت، دەیکات بە گرتنەبەری ڕێگەی هات و نەهات! 

چەندین ساڵە هەرێم و باشور بەگشتی، لەناو یەک جۆر کێشە و گوتار و پاساو و بازنەیەکی نیمچە داخراودا دێن و دەچن، قەیرانەکانیان بەرهەم دەهێننەوە، ناتوانن مەککەی ناکۆکی و دووبەرەکی و یەکتر شکاندن و ناعەدالەتی (کە خەسڵەتگەلێکی کۆمەڵگەی نەزانینن ) جێبهێڵن و بەرەو مەدینەی گەل و نیشتمانسازی و خۆبنیاتنان و بوون بە هێز و خاوەن ستراتیژ و یەکدەنگی و دادپەروەری هەنگاو بنێن! هەر بۆیە ئەگەر کۆچ بۆ پێغەمبەری ئیسلام(د.خ) سەرەتای پێکهێنانی ئوممەت و دەستکاریکردنی هاوکێشەی هێز و بەرەو مەزنیەتی ڕۆیشتن و ڕێگەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی قارەمانانە بووبێت، بۆ ئێمەی کوردی باشور لە هەندێ ڕووەوە، دەموچاوی خۆڕنینەوە، یەکتر بە نەفرەتکردن و داخی دڵ بەیەکتر ڕشتن، لەدەستدانی دەرفەتەکان،  ئەگەری بچووکبوونەوەی بوارەکانی مانۆڕ و خەون و دەسەڵەتەکانە! 

چونکە ئەوەی هەیە، گیرخواردنە لە کۆڵانێکی تەسکی مێژوویی خۆ درووستکەر و بنبەستێکی سیاسی درێژخایەندا! کۆچی شارستانی و نەتەوەیی و ئەخلاقییش، پێویستی بە گەلێکی خاوەن ناسنامە و هەست و ئامانجی هاوبەش، سەرکردەیەکی ئیلهامبەخش، سەرکردایەتییەکی بەرچاو ڕوون و خاوەن ستراتیژ و نیشتیمانیی دەخوازێت، کە لە ئاسۆکانی گەل و بەرژەوەندییە باڵاکان و چاکەی گشتیەوە بروانێتە، ململانێ، ڕووداو، دەرفەت و پێشهات و تەحەداکان، شتێك، کە درێژەکێشانی ناکۆکی و گەندەڵی، نەیهێشت بەو ئەندازەی هەشن کاری خۆیان بکەن، لەبەرئەوەی بوونە بەربەست لەبەردەم درووستکردنی، دەسەڵاتێکی ناوەندیی بەهێز، ڕەمز و چوارچێوەی کارکردنی سەروحیزبیی ڕاستەقینە.

 ئەمەی وتمان، لانی کەم تاکو ئێستا، بەو جۆرەیە کە ئاماژەمان پێکرد، واقیعی بنبەستی چەند ساڵەی لەئارادابووش گەورەترین بەڵگەیە، داخۆ لە داهاتوودا دەتوانین و دەرفەتی ئەوەمان لەبەردەمدا دەمێنێت، ڕۆحمان گەورەتر و خەیاڵمان فراوانتر بکەین، بۆئەوەی بتوانین هەموو ئەوانەی کوردن، یاخود بە ڕەسەنیی لە کوردستاندا دەژین، بەدەر لە ناسنامە جیاوازەکانیان، لەوانەش حیزبیی، لە وێنای گەلێکی یەکگرتوودا وێنایان بکەین، تەنها دوای ئەوە باس لەکێبڕکێ و ناسنامەی حیزبیی، پێکهاتەیی، فیکریی، زار، مەزهەب و خێڵ و ئایدۆلۆژیا بکەین و واتایان پێ بدەین؟ بۆ ئەوەی ئەو هەستە لای هاووڵاتیان دروستت ببێت،  بەحوکمی هاووڵاتیبوونیان ماف و ئازادی و کەرامەتیان پارێزراوە؟

بەو هیوایە و لەو پێناوەدا نوێژدەکەین و چیشمان پێ بکرێت درێغی ناکەین چونکە لەبەردەم سەرەپێچێکی مێژوویی نوێی هەستیار و چارەنوسسازداین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن