یەکێتیی زانایان داوا دەکات هاووڵاتیان ئەو جۆرە “پێپسی”یە نەکڕن
04:29 - 17/06/2026
یەکێتیی زانایانی
ئایینی ئیسلامیی کوردستان هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان لە کڕینی جۆرێکی خواردنەوەی پێپسی
کە ئاڵای عێراقی لەسەرە، بەهۆی بوونی وشەی (الله أکبر) لەسەر قوتووەکە.
ماوەیەکە لە
بازاڕ و مارکێتەکانی هەرێمی کوردستان جۆرێکی پێپسی بڵاوبووەتەوە کە وێنەی ئاڵای عێراقی
لەسەر قوتووەکەی نەخشێنراوە.
بەهۆی ئەوەی ئاڵای
عێراق وشەی (الله أکبر)ـی لەسەرە، ئەم بابەتە کاردانەوەی زۆری لەناو خەڵکدا لێکەوتووەتەوە
و یەکێتیی زانایانیش بە فەرمی داوا دەکات هاووڵاتیان ئەو جۆرە پێپسییە نەکڕن.
د. عەبدوڵا شێرکاوەیی،
وتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا لە پەڕەی تایبەتی
خۆی ئاماژەی بەوەکردوە، ئەو جۆرە پێپسییە ئاڵای عێراقی لەسەر نەخشێندراوە کە ناوی
پیرۆزی (الله)ی تێدایە.
جەختیکردوەتەوە،
کە ناوی خودا پیرۆزە و نابێت بۆ مەرامی بازرگانی بقۆزرێتەوە، بەتایبەت لەسەر کاڵایەکی
وەک قوتوی پێپسی کە دوای خواردنەوەی فڕێدەدرێتە ناو زبڵدان و شوێنە پیسەکان، کە ئەمەش
بەپێی شەریعەتی ئیسلام بێڕێزیکردنە بە پیرۆزییەکان و حەرامە.
وتەبێژی یەکێتی
زانایانی ئایینی داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت کردوە کە دەستبەجێ بێنە
دەنگ و ڕێگری لەم بابەتە بکەن، بۆ ئەوەی ڕێگە نەدرێت لەژێر ناوی کاڵا و خواردەمەنیدا
سوکایەتی بە ناوە پیرۆزەکان بکرێت و هاوڵاتیانیش توشی کاری حەرام نەبن.