حەمە هاشم، پێشانگەی «بیرەوەرییەکانی بەرد»ی کردەوە
08:13 - 25/11/2025
کولتووری زەمەن
حەمە
هاشم، هونەرمەندی شێوەکار، نوێترین پێشانگەی تایبەتیی خۆی بە ناوی 'بیرەوەرییەکانی
بەرد' لە مۆزەخانەی گەلەری لە سلێمانی نمایش کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2025، بە ئامادەبوونی د. موحسین ئەدیب بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی و نهقیبی سهندیكای هونهرمهندانی كوردستان و ژمارەیەک لە هونەرمەندان و میوانان، لە گەلەری مۆزەخانەی سلێمانی، پێشانگەی تایبەتی شێوەکاری بۆ هونەرمەند حەمە هاشم لەلایەن بەشی هونەری شێوەکارییەوە کرایەوە.
لە پێشانگەکەدا هونەرمەند چەندین تابلۆی نوێی لە کارەکانی نمایشکردبوو.
هونەرمەند حەمە هاشم جگە لەوەی هونەرمەندێکی ناسراوی بواری شێوەکارییە لەهەمان کاتدا توێژەرێکی بەتوانایە و خاوەنی چەندین کتێب و توێژینەوەیە کە بەم دواییانە لەسەر یەكێك لە كتێبەكانی بەناوی "ڕۆدان" لە ئیتاڵیا، مەدالیایەكی زێڕینی پێ بەخشرا كە لەلایەن مۆزەخانەی "ڕۆدان"ـەوە بووە.
پێشانگاکە رۆژانە لە کاتژمێر ١١وە کراوەیەو ماوەی
سێ رۆژ دەخایەنێ و لە ٢٥ تا ٢٧ی مانگ بەردەوام دەبێت.
حەمە هاشم، هونەرمەندی شێوەکار، یەکێکە لە شێوەکارە
هەرە دیارەکانی هەرێمی کوردستان و دانیشتووی هەولێرە. تا ئێستا دەیان پێشانگەی تایبەت
و هاوبەشی كردووەتەوە و زیاتر لە هەشت كتێبی بە نووسین و وەرگێڕان پێشكەشی كتێبخانە
و خوێنەری كورد كردووە.
ناوبراو دەربارەی پێشانگاکە وتی: ئەم پێشانگەیە ئەزموونێكی تازەیە لە كاری هونەری من، كە پێشتر لە شاری هەولێر
نمایشم كردبوو، پێشانگەی "بیرەوەرییەکانی بەرد" چیرۆکە خاموشەکانی بەرد
تەنیا ماددەیەکی بێ گیان نییە.
باسی لەوە کرد، لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتدا، بەرد
بووەتە شایەتی بێ دەنگی مێژوویەکی پڕ لە ئازار، بووەتە نیشانەی ستەمێک کە هێشتا لە
لەشی کۆمەڵگەماندا زیندووە، هەروەها گۆڕە بەردینەکان لە هەندێک لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتدا،
گۆڕە بێ ناوەکان چیرۆکی ژنان دەگێڕنەوە کە تەنیا تاوانیان ئەوە بوو کە ژن بوون. بەردێکی
سارد لەسەر خۆڵێکی سارد، هیچ ناوێک، هیچ مافێک، هیچ داواکاریێک، شەرەفێک کە بە خوێنی
کچان دەپارێزرێت، نەک بە مرۆڤایەتی. ئەم گۆڕانە هاوار دەکەن بەبێ دەنگ، ئێمە
قوربانی بیرێک بووین کە ژن بە مڵک دەزانرێت، نەک بە مرۆڤ.
حەمە هاشم ئاماژەی بەوە کرد، لە دەشتەکانی
کوردستان، بەردەکان شایەتی جینۆسایدێکن کە هەزاران کەسیان لە ناو زەویدا ون کرد. ئەو
بەردانەی وەک نیشانە دەنرێن بۆ گۆڕەکان، تەنیا دەنگی ماوەی ئەو قیژەی منداڵانەن کە
هەرگیز نەگەڕانەوە، ئەو دایک و باوکانەی کە هێشتا چاوەڕوانن. بەرد لێرە بووەتە بیرەوەری،
بووەتە بەڵگەنامەیەکی بەردەوام دژی لەبیرچوونەوە. لە کۆڵانە تەسک و تەنگەکانی شاری
کۆندا، بەردەکانی بیناکانی کۆن باری ژیانێکی قورسیان هەڵگرتووە. خێزانە هەژارەکان
لە ژێر قورسایی ژیاندا وەک ئەو بەردانە وردوخاش دەبن. بەردی دیوار بووەتە هێمای بەربەستێک
کە نێوان خەون و واقیع ڕاگیراوە.
هونەرمەند حەمە هاشم دەربارەی ئامانج لە چیرۆکی
'بیرەوەرییەکانی بەرد'، گوتی: ئەو پێشانگە شێوەکارییە هەوڵێکە بۆ دەربڕینی ئەو چیرۆکە
خامۆشانەی کە بەرد لە خۆیدا هەڵی گرتووە. لە ڕێگای فۆڕمی تابلۆکانەوە، بەرد دەبێتە
زمان، دەبێتە هاوار، دەبێتە پرسیار کە تا کەی ژن دەکرێتە قوربانیی "شەرەف"
؟ تا کەی مێژوومان لە ژێر بەردی لەبیرچوونەوەدا دەمێنێتەوە؟ تا کەی هەژاری وەک چارەنووسێکی
گشتگیر قبووڵ دەکەین؟
هاوکات دەشڵێت: ئەو تابلۆیانە هاوکاریمان دەکەن
کە بەردەکان تەنیا وەک شتومەک نەبینین، بەڵکو وەک شایەتی مێژوویەک کە پێویستە قسە
بکەین، وەک هاوارێک کە پێویستە گوێمان لێ بێت. هونەر ئەرکێکی کۆمەڵایەتی هەیە. کاتێک
تابلۆیەک دەتوانێت چیرۆکی ئازارێک بگێڕێتەوە، ئەوا ئەو هونەرە بووەتە دەنگی ئەوانەی
کە دەنگیان نییە، بۆیە 'بیرەوەرییەکانی بەرد' هاوارێکە لە دژی بیرچوونەوە و بانگێکە
بۆ گۆڕانکاری.