دروستکەرانی قبوڵکردن
6/15/2026 12:51:00 PM
سەمیر میرانی
کاتێک باس لە خراپە دەکەین، لە ڕاستیدا باس لە مرۆڤی خاوەن ئاوەز و بەتوانا دەکەین؛ مرۆڤێک کە هۆشیارییەکەی، لەبری ئەوەی بۆ گۆڕینی دەسەڵات و چاکەی گشتی بەکاریبهێنێت، بەپێچەوانەوە لە ڕێگەی زانستەوە کارەسات دەخوڵقێنێت و دەبێتە دڕندە. ئەم ڕێڕەوە لەو ساتەوە دەست پێدەکات کە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و پەروەردگارەکەی تێکدەچێت، پاشان لە ڕێگەی پەیوەندییەکی قووڵی پڕ لە ناڕوونی و ناکۆکی لەگەڵ مرۆڤەکانی دیکەدا فراوانتر دەبێت، تا دەگاتە دۆخێک کە لەناوبردنی ئەوانی دیکە دەبێتە خەون و ئامانج. لێرەوە ئەم وێرانکارییە وردەوردە بەرەو لەناوبردنی خۆی پەل دەکێشێت و ئەم ڕەفتارە خۆبەزلزانیە تا خاڵێک بەردەوام دەبێت کە هەڕەشە لە خودی مانەوەی دەکات، وەک ئەوەی مرۆڤ فشار بخاتە سەر بوونی خۆی تا لە ناوەوە دادەڕزێت و بەهۆی کەڵەکەبوونی ئەوەی بە دەستی خۆی دروستی کردووە، ڕووبەڕووی نەمان دەبێتەوە. ئەم ڕێڕەوە لەو کەسایەتی و دامەزراوانەدا بەرجەستە دەبێت کە هۆشیاریی کۆمەڵگە دادەڕێژن و ئاراستەی دەکەن، چونکە چەندە کاریگەریی تاک لەسەر مێشکی کۆمەڵ زیاتر بێت، ئەوەندە توانای زیاتری هەیە بۆ دروستکردنی قبوڵکردن یان ڕەتکردنەوە ی بۆ نزیککردنەوەی ڕاستی یان دوورخستنەوەی. لە نێو کاریگەرترین گرووپەکان لەم بوارەدا ئەوانەن کە خاوەنی دەسەڵاتی گوتار، دەسەڵاتی مانا و دەسەڵاتی بڕیاردانن، چونکە ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە داڕشتنی شێوازی تێگەیشتنی خەڵک لە خۆیان و لە جیهانی دەوروبەریان. لەم سەردەمەدا بانگەشەکاران وەک نوخبەی کۆمەڵگە و پارێزەرانی دەسەڵات دەردەکەون؛ ئەوانەی کار بۆ مانەوە لە ناوەندی کاریگەریدا دەکەن و لەو شوێنەوە بیرۆکەکان بە جۆرێک دادەڕێژن کە خەڵک وەک شتێکی سروشتی و قبوڵکراو بیبینن. لە کاتێکدا فەرمانڕەوایی، دەسەڵاتی خۆی بەسەر خەڵکدا سەپاندووە، ئەوان لە ڕێی پەیامەکانیانەوە هەوڵ دەدەن هەژموونی خۆیان بەسەر مێشکی ئەوانی دیکەدا بسەپێنن و داگیری بکەن شێوازی تێگەیشتنیان دیاری دەکەن پێش ئەوەی شێوازی کردار دیاری بکەن. لەم هاوکێشەیەدا وتاربێژەکە وەک هەڵگری کلیلی بەزەیی و لێخۆشبوون دەردەکەوێت کە لە ڕێگەی وتارەکانییەوە ڕەزامەندی و ناڕەزایەتی بڵاو دەکاتەوە و نزیکایەتیی خۆی لە دەسەڵاتەوە بە بەرگێکی ئەخلاقی دەپۆشێت تا قورسایی و دەرهاویشتە کردارە خراپەکانی کەم کاتەوە، هاوکات سیاسەتمەدارەکەش وەک هەڵگری گەنجینەی دیاری و بەخشینەکان وێنا دەکرێت کە پەیوەندییەکان و کاریگەرییەکان دووبارە ڕێکدەخاتەوە بۆ پاراستنی هاوسەنگی و بەردەوامیی دەسەڵات، لە کاتێکدا ڕۆشنبیرەکە وەک شارەزا لە دابونەریت و ئاوازدانەری دەقەکان دەردەکەوێت کە وشە و ماناکان دووبارە دادەڕێژێتەوە بۆ ئەوەی ڕووخسارێکی قبوڵکراوتر بە واقیع ببەخشێت و گەندەڵی بە زمانێک دە شارێتەوە کە لەبەرچاوی خەڵکدا کەمتر قێزەونی بکات. ئامرازەکانی هەموو ئەم چینانە لەسەر یەک ئامانج کۆدەبنەوە، کە ئەویش پاراستنی ئەو دەسەڵاتەی کە پێگەیان پێدەبەخشێت و پاراستنی ئەو پێگەیەی کە کاریگەرییان پێدەدات؛ هەر بۆیە ئەوان حەز بە بوونی مرۆڤی وشیار ناکەن، چونکە کەسی وشیار لە پشتی گوتارەکەوە ڕاستییەکان دەبینێت و لە نێوان حەقیقەت و وێنە دەستکردەکەیدا جیاوازی دەکات. ئەم دەستەبژێرە، تۆوی خراپەکاری دەچێنن کاتێک ستەمکار بەرهەم دەهێنن، و لەم ساتەدا ستەمکاری چیتر کردارێکی دابڕاو لە تاکەکان نییە، بەڵکو دەبێتە دەرەنجامی پرۆسەیەکی درێژخایەن کە تێیدا گوتار لەگەڵ دەسەڵات و مانا لەگەڵ کاریگەریدا تێکەڵ دەبن، تا ئەو کاتەی وێنەی جیهان لە هۆشی خەڵکدا دروست دەبێت پێش ئەوەی لە واقیعدا بوونی هەبێت؛ پاشان ئەوەی ڕوودەدات چیتر تەنها وەک سەپاندنێکی دەرەکی نابینرێت، بەڵکو وەک درێژکراوەی ئەو بنەمایانە دەردەکەوێت کە پێشتر لە تێگەیشتن و قبوڵکردنی گشتیدا جێگیر کراون. کاتێک ئەم تێکەڵاوییەی نێوان هۆشیاری، دەسەڵات و مانا ئاشکرا دەبێت، پرسیارەکە ئیدی ئاراستەی کەسانی دیاریکراو ناکرێت، بەڵکو ئاراستەی ئەو سیستەم و شێوازە دەکرێت کە مرۆڤی لەناو کۆمەڵگەکەیدا پێ داڕێژراوە؛ چونکە هەر داڕشتنێکی مانا، نیشانەیەکی ئەخلاقی لەخۆدەگرێت و هەموو گوتارێک شوێنەواری خۆی لەسەر ئەوە جێدەهێڵێت کە خەڵک بە ڕاست یان هەڵە، پەسەند یان ناپەسەند پۆلێنی دەکەن. بەم شێوەیە و لە کۆتاییدا، مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دوورییە سەرەتاییەی نێوان هۆشیاری و ڕەوشتدا؛ ئەو خاڵە جەوهەرییەی کە تێگەیشتنی ڕاستەقینەی لێوە دەست پێدەکات و لێرەدا شێوەی جیهان وەک خۆی دەبینرێت، واتە وەک ئەوەی هەیە .