بەردەوامی پاشەکشەی کورد لە کەرکوک لە نێوان واقیعی سیاسی و ترسی دیمۆگرافی
6/15/2026 2:36:00 PM
شوان داودی
نۆ ساڵ بەسەر پرۆسەی ریفراندۆم و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەردا تێدەپەڕێت، بەڵام دۆسیەی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە هێشتا برینێکی کراوەیە لە جەستەی سیاسەتی کوردیدا. پاشەکشەی کورد لەم ناوچانە کە لە ٢٠١٧وە دەستیپێکردووە، ئێستا لە قۆناغێکی نوێدایە: لە پاشەکشەی سەربازییەوە بۆ پاشەکشەی ئیداری و دیمۆگرافی و کولتوری.
بەپێی بەدواداچوونە مەیدانییەکان، ژمارەی فەرمانبەرە پلە باڵا کوردەکان لە دامودەزگاکانی کەرکوک کەمترە لە ٢١٪ .
لە کەرتی نەوتدا، کە بڕبڕەی پشتی ئابووری شارەکەیە، ڕێژەی کورد لە پۆستە هەستیارەکاندا گەیشتووەتە خوار ١٥٪.
لەلایەکی ترەوە، ئامارە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن نزیکەی ٣٠ هەزار خێزانی کورد لە دوای ٢٠١٧وە کەرکوکیان جێهێشتووە و ڕوویان لە هەولێر و سلێمانی کردووە. هۆکارەکەش، بە وتەی خەڵکەکە، «نەبوونی هەستی ئارامی و دەرفەتی کار»ە.
لە هەردوو قەزای داقوق و دوبز و ناحیەیەکانی سەرگەڕان و لەیلان، کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکان گەیشتووەتە لوتکە. «چارەنوسی هەزاران دۆنم زەوی کورد بە هەڵپەسێردراوی ماوتەوە ، سەدان سکاڵا تۆمار کراون و زۆربەیان لە دژی کورد بووە بۆ نمونە تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٤ ، زیاتر لە ٤٠٠ سکاڵا لەسەر زەوی لە دادگاکانی کەرکوک تۆمارکراوە کە ٧٠٪یان لە دژی جووتیارە کوردەکان بووە.
ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق کە دەبوایە تا کۆتایی ٢٠٠٧ جێبەجێبکرایە، بووەتە تەنها دەقێکی لەبیرکراو. دواین هەوڵ بۆ زیندووکردنەوەی لە ڕێگەی سەرژمێری گشتی ساڵی ٢٠٢٤ەوە بوو، بەڵام ناکۆکی لەسەر پرسی «نەتەوە» لە فۆرمی سەرژمێریدا، جارێکی تر پرۆسەکەی پەکخست.
لە ئێستادا و بەڕاستی نە بەغدا ئیرادەی جێبەجێکردنی هەیە ، و نە ئێمەش وەک کورد یەک دەنگ و جددین و هەر لایەنەو بە کەیفی خۆی دەیپێوێت.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ و دواتر هەڵبژاردنی ڕێبوار تەها وەک پارێزگارێکی کورد لە ئابی ٢٠٢٤، بە «هەناسەیەک» بۆ کورد وەسفکرا. بەڵام بە داخەوە وا دەرنەچوو ، پرسی ئاڵوگۆڕی پارێزگار لە مامەڵەیەکی شۆکهێنەری سازشکارانەی لە ناکاوی تاکڕەوانەدا ڕاستییە شاراوەکانی دەرخست و شتی تری پێ وتین.
دەرکەوت پۆستی پارێزگار بە تەنیا بەس نییە بۆ سارێژ کردنی برینەکانی کورد لەشارەکەدا لە کاتێکدا پرسە سیاسیەکان بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و لە ناندینی پایتەختە دراوسێیەکانەوە دەکوڵێندرێن و بۆ هەموو پرسەکانی تر بڕیاری کۆتایی لە بەغداوە دێت.
ئەگەر پاشەکشەی سیاسی و سەربازی کورد لە کەرکوک دوای ٢٠١٧ بە ئاشکرا ببینرێت، ئەوا پاشەکشەی کلتووری بە هێواشی و بێدەنگی ڕوودەدات. بەراوردکردنی دۆخی ئەمڕۆی کلتووری کوردی لە شارەکە بە ساڵانی دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق لە ٢٠٠٣، وێنەیەکی ڕوونی ئەم گۆڕانکارییەمان پێدەدات.
پاشەکشەی کلتووری مەترسیدارترە لە پاشەکشەی سیاسی، چونکە کاریگەرییەکەی لەسەر ناسنامەی نەوەی داهاتوو دەبێت. ئەگەر دوای ٢٠٠٣ کەرکوک بۆ کورد بووە مەیدانی خەباتێکی کلتووری کراوە، ئەوا ئەمڕۆ بووەتە مەیدانی بەرگریکردن لە مانەوە. پاراستنی زمانی کوردی لە قوتابخانە، میدیا، و شەقامەکانی کەرکوک، ئێستا خۆی لە خۆیدا خەباتێکی نەتەوەییە. کلتوور بە بڕیاری سەربازی ناگەڕێتەوە، بەڵکو بە ئیرادەی خەڵکەکەی و پلانێکی درێژخایەن بۆ مانەوە دەگەڕێتەوە.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە بەردەوامی ئەم دۆخە دوو ئەگەری مەترسیداری لێدەکەوێتەوە:
یەکەم: گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە بە شێوەیەک کە گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش ٢٠١٧ ئەستەم بکات.
دووەم: دروستبوونی «کەرکوکی نوێ» کە تێیدا کورد دەبێتە پێکهاتەیەکی لاوەکی.
ئەگەر کورد نەتوانێت پلانێکی ١٠ ساڵەی هەبێت بۆ مانەوە لێرە، ئەوا نەوەی داهاتوومان کەرکوک تەنها لە کتێبی مێژوودا دەخوێنێتەوە.
کێشەی کەرکوک ئیتر تەنها کێشەیەکی سیاسی نێوان هەولێر و بەغدا نییە، بەڵکو بووەتە پرسی مان و نەمانی پێگەی نەتەوەیەک لە جوگرافیایەکدا کە بە درێژایی مێژوو بە هی خۆی زانیوە. چارەسەریش لە وتاری توند و بەیاننامەوە نایەتە دی، بەڵکو لە یەکڕیزی، پلانی سیاسی و ئابووری و کولتوری و دیپلۆماسیەتی ژیرانەوە دەست پێدەکات.
.........
سەروتاری ژمارە 816ی ڕۆژنامەی هەواڵ
2026/6/15