گەشتی حەج لە پەرلەمانتاران قەدەغە کرا تا دوای دەنگدان بەكابینەی حكومەت
01:16 - 13/05/2026
زەمەن - هەواڵ
بڕیارە سبەی پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، پەرلەمانی
عێراق بۆ متمانەپێدان بە حکوومەتی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق کۆببێتەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: کاتژمێر 04:00ی ئێوارەی سبەی پێنجشەممە دانیشتنی دەنگدان لەسەر بەرنامەی حکومەت و کابینەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو بەڕێوەدچێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لایەنە سیاسییەکانی شیعە ناکۆکییان لەسەر چەندین وەزارەت هەیە و لەمبارەیەوە، محەممەد حوسێنی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ڕەوتی حیکمە بۆ ڕۆژنامەی فەرمی ئاشکرای کرد: تا ئەمڕۆ چوارشەممە 80%ی کابینەی نوێی عێراق یەکلایی کراوەتەوە و دیاریکردنی ناوی کاندیدەکانیش بووەتە سەرەکیترین گرفت، چونکە لایەنەکان لەسەر ئەو کەسایەتییانەی پۆستەکان وەردەگرن هاوڕا نین.
هەروەها موشرق فرێجی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی
ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە، پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە
بۆ ئەوەی دەنگ بە کابینەی نوێ بدات و دەنگ بە 50+1ـی کابینەکە دەدرێت و ئەوانی تر
دوادەخرێن.
لەلایەکی ترەوە سەفوان گەرگەری، ئەمینداری گشتیی
پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، رێگە بە پەرلەمانتاران نادرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی حەج
گەشت بۆ سعوودیە بکەن تاوەکوو دەنگ بە کابینەی نوێ دەدرێت.
بڕیار بوو ئەمساڵ دەیان پەرلەمانتار گەشت بۆ
سعوودیە بکەن بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی حەج، بەڵام بە رۆیشتنیان رێژەی یاسایی بۆ کۆبوونەوەکە
تەواو نابێت. بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، پێویستە پێش 48 کاتژمێر کارنامەی
هەر کۆبوونەوەیەک رابگەیەنرێت و پەرلەمانتاران ئاگادار بکرێنەوە.
لە رۆژی 27ی نیسانی 2026، سەرۆککۆماری عێراق بە
فەرمی عەلی زەیدی بۆ پێکهێنانی حکوومەت راسپارد. بەگوێرەی دەستوور تەنیا 30 رۆژ لەبەردەم
سەرۆکوەزیرانی راسپێردراودایە بۆ ئەوەی کابینەکەی پێشکەشی پەرلەمان بکات، هاوکات بڕیارە
رۆژی 27ی ئایار دوایین وادە بێت بۆ پێدانی متمانە.
لە ماوەی رابردوودا ناکۆکییەکی زۆر لە نێوان لایەنەکانی
چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر پۆستەکان دروست بوو، بەتایبەتی لە نێوان دەوڵەتی یاسا و
هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی وەزارەتی ناوخۆ، ئەمەش
وای کرد پرۆسەی متمانەدان بە کابینەکە ببێتە دوو بەش و بەشێکیان دوابخرێن.