یادی ژیانئاوایی کاک نەوشیروان و ناسنامەی نەتەوەیی...
5/19/2026 8:32:00 PM
د.شێركۆ حەمە ئەمین
نیوەی دووەمی نەوەتەکان لەشاری سلێمانی چەند ژمارەیەکی گۆڤاری نڤار دەرچوو، ئەوەی لەیادم مابێت (ڕێکەوت عوسمان، کازیوە ساڵح) دوو لە وانەبوون لە دەستەی نووسەران بوون.
یەکێک لە ژمارەکانی چاوپێکەوتنێکی کاک نەوشیروانی تێدایە بەناوی (ناسنامەی نەتەوەیی لە هەزارەی سێیەمدا)، دیارە پێش ٢٠٠٠ جیهان لە پێشوازیی هەزارەی سێیەمدابوو.
لەوێدا کاک نەوشیروان دەڵێت: لە هەزارەی سێیەمدا ناسنامەی نەتەوەیی دەگۆڕێت، ئەشێت یاریزانێک، مۆسیقارێک ...، ئەمانە ناسنامەی نەتەوەیی دیاریبکەن، نەک ئەوەی کێ تفەنگ باش دەتەقێنێت و شەڕ باش دەکات.
ئەم خوێندنەوەیەی ئەو کاتی کاک نەوشیروان، کە ئێستا دەیبەستینەوە بە سەرکەوتنەکانی یاریزانی بۆکسێنی کورد (نامۆ فازیل) کە بە ئاڵای کوردستان و شەرواڵ و تەزبیحی قەزوانەوە دەردەکەوێت و سەردەکەوێت، یان ئەو میوزیک و گۆرانییە کوردییە (کورمانجی هەرە گولە ...) کە بوەتە ترێند و تخوبە نەتەوایەتییەکەی تێپەڕاندوە و لە زۆرترین شوێن و لەلایەن نەتەوە جیاجیاکانی جیهان دەگوترێتەوە تەواو دروستی ئەو دیدەی کاک نەوشیروان دەسەلمێنێت، چونکە نامۆ و هەردە نەوزاد و زۆری تریش لە بوارەکانی تردا ئێستا بەدەرکەوتن و سەرکەوتنەکانیان ناسنامەی کورد و لۆبی کوردن، نەک سەرکردە و ماڵباتە ئیستیعمارئاساکانی کوردستان، کە گەورەترین زیانیان بە پێگەی کورد و دۆزە ڕەواکەی گەیاندووە.
پیرۆزبایی لە نامۆ فازیل و هەردە نەوزاد و هەموو کوردە سەرکەوتووەکانی بوارەکانی تردەکەم و هیوادارم نەکەونە تەڵە و داوی دەسەڵاتی بنەماڵەیی هەرێم و بە وشیارییەکی قووڵەوە بەردەوامبن و ناسنامە و لۆبییەکی نەتەوەیی و نیشتمانی بن و هەردەم لە سەرکەوتندابن.
ئەودیدەی کاک نەوشیروانیش لەپاڵ ئەوانی دی هەشتاکانی لەبارەی گرنگی ئاو لە بری نەوت و دابەشبوونی عێراق بۆ سێ هەرێمی (شیعە، کورد، سونە) وەک چارەسەرێکی گونجاو نیشانەی بیری ورد و خوێندنەوەی قووڵی ئەو سەرکردەیەن.
بێگومان هیچ سەرکردە و کەسێکیش لە هەڵە بەدەرنییە و ئەو خۆشی تا لە ژیاندابوو، بە نووسین و بەوتە ئەمەی دەربڕییووە، کە لە شکست و سەرکەوتن بە ئەندازەی بەرپرسیارێتی خۆی بەرپرسیارە، بە دڵنیایی لە بەرپرسیاتێتی ئەو بەرانبەر بزووتنەوەی گۆڕانیش ئەمە ڕاستە و هەروایە.
ڕۆحی شاد و یادی و یادەوەری بەخێربێت.