نەوشیروان مستەفا دەروازەیەک بۆ کەسە بێ کەسەکان.
5/20/2026 12:10:00 PM
بەختیار نامیق
لە دوای ڕاپەڕین و پێکهێنانی دەستەڵات لە بەرەی
کوردستانییەوە تا پاشکۆیەتی وڵاتانی هەرێمی و دوو حکومەتی و دوو ئیدارەیی ، فۆرمێک
لە دەستەڵات دروست بوو ، کە کارئەکتەرەکانی ناو حکومڕانی دەبێ شەرعیەتی شۆڕشگێڕی
شاخیان هەبێت ، ئەم شەرعیەتی شۆڕشگێڕییە یان نەوەکانیان بوبو بە سیڤی بۆ حکومڕانی
و کارگێڕی ، کە لەسەرەوەی کارگێڕی ناوەندەکانی حیزبیش هەروا بو ، وەێنەیەکی
دروستکرد کە لە هەر شارێکدا دوو شار دروست بوبو ، ئەوانەی ناو حیزب و حکومەت هەر هەمان
شەرعیەتی شۆڕشگێریان هەبوو بەهۆی خراپی ئیدارەدانەوە دوو چین دروستبوو ، چینی ناوەڕاست
نەما و بوە هۆی دروستبونی دوو شار لەهەر شارێکدا ، گرنگی بە توانا نەدەدرا و ئەو کەسانەی
بێ کەس بون دەرفەتیان بۆ نەدەڕەخسا نە حیزب
و نە لە حکومەت تا تواناکانی وەگەڕبخەن ، نەوشیروان مستەفا وەک سەرکردەیەک قۆناغی ڕیفۆرمی هەرێمی ڕاگەیاند و بوە دەروازە
و دەرگایەک لەناو ئەو شۆرایەی بۆ دەستەڵاتەکانی ناو حیزب و حکومەت دروست بوبو ،
توانی ئەو دەرگایە بکاتەوە بۆ کەسە بێ کەسەکان ، هەم لەناو گۆڕان و هەم لە چونە
ناو حکومەت ، وە توانی ئەزمونی شۆڕشگێڕەکان و وزەی گەنجە بێ کەسەکان پێکەوە گرێ
بدات و پاڵپشتی خەڵک لە ڕێی هوشیاری تاک و کۆمەڵایەتییەوە دروست بکات.
لەم نێوەندەدا هەم کۆمەڵێک لە شۆڕشگێڕەکان و کەسە
بێ کەسەکان پشتیوانیان کرد ، لە نێوان ئەم دوو گروپەدا ،هەندێ لە بێ کەسەکان نەیانتوانی
وەک دروشمەکان بن شکستیان هێنا و هەندێکیان بە هەموو جیاوازیی بۆچونیانەوە تا ئێساش
بەردەوامن ، لە ناو شۆڕشگێڕەکانیشدا هەندێکیان وا دەرنەچون و هەندێکیان غەدری گەورەشیان
لێکرا ، لە دوای خۆی جیاوازی بۆچون بزوتنەوەکەی وێران کرد ، بەڵام نەوشیروان مستەفا
وەک بەرنامە و پلان تا ئێستا لەناو چاوەڕوانی هاوڵاتیاندایە ، بۆیە هەر حیزب و لایەنێک
هەڵگری ئەم گوتارە بێت ، خەڵک دەنگی دەداتێ بەڵام کە لەوە دەرچو لەبەر ئەوەی نەوشیروان
مستەفا بەرنامەکەی سەرچاوەی مرۆییە سزای دەدەن و سفری دەکەنەوە.
لەدوای خۆی هەوڵ زۆر درا و شکستی هێنا بە پێی ئەمری
واقع کە ئێستا دەروازە و دەرگاکانی ناو شورای حیزب و حکومڕانی داخراوەتەوە کەس نەیتوانی
ئەو دەرگایە بۆ ڕیفۆرم و کەسە بێ کەسەکان بکاتەوە ، بە پێی واقع ئێستا کلیلی ئەو دەرگایە
لە گیرفانی کوڕەکانی کاک نەوشیرواندایە چونکە واقعەکە وایە دوو بنەماڵە لەناو ئەم
شورادایە و دەروازەکەیان داخستوە بە موڵکی خۆیانی دەزانن ، تاکە نەوەیەک کەهەقی لەم
شورایەدا هەیە کوڕەکانی کاک نەوشیروانن ، ئەوان دەتوانن جارێکی تر دەروازە و دەرگاکە
بکەنەوە بۆ کەسە بێ کەسەکان و ڕێفۆرمی هەرێم بکەن پێش ئەوەی هەرێم لەم چەقبەستوییەوە
بەرەولەناوچون بچێت ، جا کوڕەکان ئەو کارە دەکەن یان نا ئەوە بەرپرسیاریەتی مێژوییەوە
خۆیان لێی بەرپرس دەبن.