حیکمەتی ترێند، کاتێک جووڵە شوێنی بیر کردنەوە دەگرێتەوە .
5/20/2026 12:04:00 PM
فارس نەورۆڵی
جاران بابەتێک، ئیتر گۆرانی بووبێت، جلوبەرگ
بووبێت، یان بەژن و باڵا بووبێت کە لە ناو خەڵکدا جێگەی باس و خواست بووبێت، بۆ
نمونە دەیانوت: "باو باوی ئەو گۆرانییەیە". ئەو کاتە دەماودەم لە شارێکدا
ئەو بابەتە دەبووە قسەوباس یان ڕۆژباو ،ئەگەر
لە شارێکدا شتێک باو بووبێت، مەرج نەبوە لە
شارێکی دیکەدا ڕۆژباو بوبێت ئەویش بەهۆی نەبونی پەیوەندی ڕاستەوخۆ وکراوە لە
نێوان شار ە کاندا . بەڵام ئێستا چەمکی " باو، یان "ڕۆژباو" لە
کوردییەکەوە گۆڕاوەو لەفەزای گشتیدا بووە بە "ترێند".
ئێستا لە دەرەنجامی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا، سەردەمی
دیجیتاڵی و پەرەسەندنی خێرای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چەمکی ترێند ( ڕۆژباو)لە بابەتێکی
لۆکاڵییەوە بووەتە بابەتێکی جیهانی. ڕۆژباو بەهێزترین ئەو هێزانەیە کە بە شێوازی ڕاستەوخۆ
و ناڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر ڕای گشتی، بەتایبەتی لە ناو نەوەی نوێدا (گەنجان).
ترێندەکان تەنها بابەتێکی کاتی نین بۆ کات بەسەربردن
لە جیهانی مەجازیدا، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی خێرای ئەو بابەتانە دەبنە جێگەی سەرنجی زۆرینە
لە کاتێکی دیاریکراودا؛ ئەمەش دەبێتە هێزێک بۆ دروستکردنی فشار یان گۆڕینی ئاراستەی
گفتوگۆکان لە ناو فەزای گشتیدا. ئیتر لێرەوە، جووڵە شوێنی بیرکردنەوە دەگرێتەوە،
چونکە مرۆڤایەتی لە هیچ سەردەمێکدا وەک ئێستا لێشاوی زانیاری مێشکی داگیر نەکردووە.
له ڕابردوودا پێگەی کۆمەڵایەتیی مرۆڤەکان بەپێی
بەرهەمە فیکری و ئەدەبی و سیاسییەکان و ئەو خزمەتانەی کە بە چاکەی گشتییان دەکرد دەپێورا،
بەڵام لە دەرەنجامی "حیکمەتی ترێند"دا، هاوکێشەکە پێچەوانە بووەتەوە. ئێستا
جووڵەیەکی سەیروسەمەرە یان قسەیەکی نامۆ، وا کاریگەری لەسەر ڕای گشتی دروست دەکات
کە لە شەو و ڕۆژێکدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتەنێت .
چەمکی ترێند لە ناو جیهانی سیاسیشدا کاریگەریی
گەورەی دروست کردووە؛ بۆ نموونە سەرۆک ترەمپ، ئەوەندە قسە و جووڵە کۆمیدی و پێکەنیناوییەکانی
دەبنە ترێند و کاریگەری لەسەر ڕای گشتی دادەنێن، کەمتر خەڵک گرنگی بە قسە جدییەکانی
دەدەن. هەر بۆیە ئەو لە ڕێگەی جووڵە سەیرەکانییەوە پەیامەکانی دەگەیەنێتە ڕای گشتی
و بە خێراییش لێی وەردەگیرێت. بەم شێوەیە، ترێند دەبێتە هۆکارێک بۆ خێراکردنی بڕیاردان
و هەڵوێستی پێشوەختە لەسەر ڕووداوەکان و ڕای گشتی .
ترێند ڕۆڵێکی دوولایەنەی هەیە؛ ئەرێنی و نەرێنی. لای نەوەی کۆن، ترێند
بە جووڵەیەکی نەشیاو دەبینرێت، بەڵام لای نەوەی نوێ پێی دڵخۆشن و کاریگەریی لەسەریان
هەیە. بۆیە دەکرێ لە ڕێگەی جووڵەی سەرۆکێک یان سەرکردەیەکی سیاسییەوە پەیامێکی
گرنگ بدرێتە ڕای گشتی بۆ وشیاربوونەوە لەسەر بابەتێک. بەڵام لە لایەکی دیکەوە، ترێند
کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاستی فیکری دروست دەکات و دەبێتە هۆی تەمەڵکردنی بیرکردنەوە
و دروستبوونی دۆگمای سیاسی، بەتایبەتی لای ئەو گەنجانەی کە بەم جووڵانە سەرسام دەبن
و توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەیییان لەدەست دەدەن. لەم دۆخەدا کۆمەڵگە دەکەوێتە نێو
"شۆکی چرکەساتی ترێند ، ئەمەش وادەکات توانای بەرپەرچدانەوەی شەڕی فەرهەنگیی
نەمێنێت.
دواجار، ترێند لە ئاستی جیهاندا بووەتە بەشێک لە
ململانێی سیاسیی حزبەکان و کەسایەتییەکان؛ بۆ نموونە، جووڵە و قسەکانی سەرۆک ترامپ
زۆرجار دەبنە ترێندی جیهانی ئەم جوڵە ترێندیانەی ترامپ پێمان دەڵێ سیاسەتی مۆدێرن بەشێکی
گرێدراوی شۆو نمایشە لەم گەمەدا ترامپ توانیویەتی جوڵەی جەستە و زمانی سادە بەکار
بهێنێ بۆ تێپەڕاندنی پرۆتۆ کۆڵەکۆنەکان بەمەش توانیویەتی ڕایەڵەیەکی پەیوەندی ڕاستەوخۆ
لەتەک جەماوەرەکەیدا دروستب بکات و بەردەوام لە ناوەندی سەرنجی میدیاکاندا بمێنێتەوە ، ئەم نمونەیە ئێستا لەسەر ئاستی جیهان پەیڕەو
دەکرێت .