77وتار

جاران دەیان وت ئەمشەو شەوی پێشمەرگەیە!

5/21/2026 3:17:00 PM
لوقمان چاوڕەش

بەڵام ئێستا  ساحەکە تەخت بوەو
دەڵێن ئەمڕۆ ڕۆژی پێشمەرگەیە!
بۆیە لەو نێوەندەدا
مێژوو هاتە قسەو وتی:

پێشمەرگە بریتیە لەو مرۆڤە خۆنەویستەی کە بیرو هزر و هەستی پاکی کردوە بە جێگایەک بۆ  وتنەوەی وانەی نیشتمانی ونەتەوایەتی ئەخلاقی.
پێشمەرگە ئەو کەسەیە کە ژیانی خۆی دەکاتە قوربانی لەپێناو مانەوەی خاک و نیشتمان و شکۆی میلەتەکەیدا.
جوامێرێکە وەک پاڵەوان لەبەرامبەر هەر پەلامارو   مەترسی داگیرکاری و ستەمکاریەکدا ڕادەوەستێت.
وە ئازایانە دەبێت بە سەنگەرێک کە لەپێناو خۆشەویستی  نیشتمانەکەیدایە نەک بۆ بەرژەوەندی خۆی وخێزان وخێڵەکەی.

پێشمەرگەی ڕاستەقینە دڵ ودەرونی پڕە لە پیرۆزیەکانی نیشتمان 
نەک گیرفان وماڵ وبانکەکانی پڕ بێت لە سامانی دزراوی گەلەکەی.

 پێشمەرگە  هەتا مردن خاوەن  ویژدانێکی ئاسودەیە چونکە ئەو هەرگیز دەستی سورنەبوە  بەخوێنی هاوزوبانەکەی خۆی و
  هەرگیز خیانەتی دەرهەق بە خاک و نەتەوەکەی خۆی ئەنجام نەداوە.

 پێشمەرگەی مەردو ئازا  هەرگیز ناخوازێت  لەگەڵ دوژمنەکانیدا پەیمان ببەستێت  بۆ شکاندنی شکۆو شانازی نیشتمانەکەی خۆی.
پێشمەرگەکانی ڕێگای کوردایەتی  نەپاشکۆیەتی قبوڵ دەکەن و نەدەبێت بە کلک و دۆست وجاشی هیچ داگیرکەرێکی خوێن ڕێژ.

پێشمەرگە ئەو مرۆڤە پاک و خۆشەویستەیە کە ویژدانی ڕێگەی پێ نادات کە درزو کەلێن بخاتە نێوان چین وتوێژەکانی کۆمەڵگاکەیەوە بەڵکو هەموو خەڵکی کوردستان بە یەک چاو و بە بێ جیاوازیی لەنێوان  ناوچە و بیر و ڕەنگەکان دەبینێت.

پێشمەرگەی ڕاستەقینە مێژووی خۆی بە ئازایەتی و لێبوردەیی و سەربەرزی دەنەخشێنێت   نەک بە دروست کردنی  کۆشک و تەلار و کۆکردنەوەی  ملیۆنان و ملیاران دۆلاری دزراوی نیشتمان.
 پێشمەرگە هەرگیز ناتوانێت ببێت بەخاوەنی  ژمارەی گەورەی پارەو سامانی دنیا
 بەڵکو ئەتوانێت ببێت بە خاوەنی هەزاران داستانی نەبەردی وئازایەتی کە میلەتەکەی شانازی پێوەبکات.
 هەر بۆیە هەموو ئەو کەسانەی کە لەپێناو بەرژەوەندی تاکەکەسی وخێڵ وبنەماڵەیەکدا چەکیان لەشان کردووە  هەرگیز مافی ئەوەیان  نیە شانازی بە پێشمەرگایەتی خۆیانەوە بکەن.
 چونکە پێشمەرگایەتی  بریتییە لە بەها و ئاکاری بەرزو ڕاستگۆیی و قوربانیداندان لەپێناوی نیشتماندا
.
ئەمڕۆ ڕۆژی یادەوەریەکانی پێشمەرگەیە

 ڕۆژی یادکردنەوەی ئەو قارەمانانەیە کە بەخوێنی پاکیان سنووری نیشتمانیان پاراست وبە گیانی پیرۆزیان  ڕێگای ئازادییان بۆ گەلەکەیان هێنایە دی.
ئەم یادە پێویستە پەیامێک بێت بۆ هەموو ئەوانەی کە بون بەمۆتەکەیەک و لەبەرگی پێشمەرگایەتیدا خۆیان حەشارداوە و دەیانەوێت شکۆی گەل و ونیشتمانەکەمان بەقسەی بەتاڵ و دروشمی درۆینە بپارێزن.
لەوەتێ ناگەن کە نیشتمان بە دڵسۆزی و پاکی و قوربانی و وەفاداری دەگەیەنرێتە کەناری ئارامی.

سڵاو لەو پێشمەرگانەی کە تا ئێستا سەربەرزانە  لەبەردەم مێژوودا زەلیل نەبون و شەرم ناکەن.
 سڵاو لەو پێشمەرگانەی کە دەنگیان دلێرەو قەندیل ئاسا خۆیان بەهیچ دوژمن وداگیرکەرێک  نەفرۆشت و ئیرادەی بەرزیان   لەبەردەم هیچ دوژمنێکی ئەم گەلەدا تێک نەشکاوە.

سڵاو لەو پێشمەرگانەی  کە  شەرەفی خۆی وخاک و گەلەکەی  نەگۆڕیوەتەوە بە مستێک پارەو پۆست و بەرژەوەندیەکی کاتی.

 پێشمەرگەکانی نیشتمان ئەوانەبون کە بۆ هەمیشە لەناو دڵ و دەرونی جەماوەری خەڵکی کوردستان ونەتەوەکەیاندا ماونەتەوەو  ناویان بە پیتی زێڕین لە لاپەڕەکانی مێژووی ئەم کوردستانەدا نوسراوەتەوە.

نەفرەت و سەرشۆڕی بۆهەموو ئەو بازرگانە سیاسیانەی کە هیچ ئاکارو ڕەوشت و هەستێکی پێشمەرگانەیان تێدا نیەو لەئێستادا 
لەڕیزی پێشمەرگەی کوردستاندا بێ شەرمانە لەبەردەم جەماوەرێکی برسی و نەدارو بێ موچەدا خۆی  نمایش ئەکات  وئەڵێت منیش پێشمەرگەم.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن