ئایا ئەمشەو گرێکوێرەی کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکرێتەوە؟
08:30 - 25/04/2026
زهمهن - ههواڵ
بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز ئەنجام بدەن، بە تایبەتی کە کات لە بەرژەوەندیی پرۆسە سیاسییەکەدا نییە. بە پێی دەستوور، سبەی کۆتا وادەیە بۆ راسپاردنی کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیران.
هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی هێشتا لەنێو بازنەی ململانێ نێوخۆییەکاندان بۆ
دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران. بێئاکامیی کۆبوونەوەکانی شەوی رابردوو و بەیانیی
ئەمڕۆ، عێراقی خستووەتە سەر لێواری بۆشاییەکی دەستووریی مەترسیدار، کە چاوەڕوان دەکرێت
سبەی شەپۆلێکی توندی گوشاری پەرلەمانی بە دوای خۆیدا بهێنێت.
لە میانی کۆبوونەوەی شەوی رابردوودا بۆ دەربازبوون لەم چەقبەستووییە، دوو پێشنیازی
سەرەکی خراونەتە روو؛ پێشنیازی یەکەم بریتی بووە لەوەی؛ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی
لەنێو خۆیاندا دەنگ لەسەر کاندیدێک بدەن، لە کاتێکدا پێشنیازی دووەم جەختی لەوە
کردووەتەوە کە پرسەکە ببرێتە دەرەوەی بازنەی سەرکردەکان و لە لایەن پەرلەمانتارانی
سەر بە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە یەکلا بکرێتەوە.
لە درێژەی هەوڵەکاندا، بەیانیی ئەمڕۆ بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن، دوو بۆ
سێ کۆبوونەوەی لاوەکی بەڕێوەچوون. ئێستا بە دەستپێشخەریی موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی
هاوپەیمانیی "ئەساس"، هەر یەکە لە محەمەد شیاع سوودانی و نووری مالیکی بۆ
تاوتوێکردن و یەکلاکردنەوەی پرسەکە لە کۆبوونەوەدان، بەڵام بە پێی ئەوەی زانیارییانەی
کە بە دەست هاتوون، تا ئێستا رێکنەکەوتوون.
کۆبوونەوەکەی ئەمشەو لە کاتێکدایە، کە چوارچێوەی هەماهەنگی لە هەر چوار کۆبوونەوەی
رۆژانی شەممە، دووشەممە، چوارشەممە و هەینی رابردوو شکستی هێنابوو لە رێککەوتن لەسەر
کاندیدی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، بەو هۆیەوە بڕیاری یەکلاکردنەوەی پرسەکە
بۆ ئەمڕۆ دواخراوە.
چاودێرانی سیاسی هۆشداری دەدەن، کە ئەگەر لە کۆبوونەوەکانی ئەمشەودا کاندیدەکە
یەکلا نەکرێتەوە، عێراق رووبەڕووی بۆشاییەکی دەستووریی گەورە و مەترسیدار دەبێتەوە.
لە هەمان کاتدا پێشبینی دەکرێت لە ئەگەری شکستهێنانی کۆبوونەوەی ئەمشەو، سبەی لەنێو
پەرلەمانی عێراقەوە گوشارێکی تووند بخرێتە سەر سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی.
لە لایەکی دیکەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا سەرچاوەکان ئاشکرایان کردبوو کە،
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، ناوی
"ئیحسان عەوادی" وەک کاندید بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەت پێشنیاز کردووە، لە
بەرامبەریشدا هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، ناوی
"باسیم بەدری" بۆ هەمان پۆست خستووەتە روو.