10وتار

سەرکەوتن چیە؟

6/4/2026 1:14:00 PM
سەربەست حسێن

بەپێی تەرازوی هێز بێت، ئەگەر ئەمریکا سبەی لەگەڵ ئەم ٩ وڵاتە، بچێتە شەڕەوە: (ڕوسیا، چین، هیندستان،کۆریای باشور، فەڕەنسا، ژاپۆن، بەریتانیا، تورکیا و ئیتاڵیا) بەیەکەوە،- کە بەهێزترین وڵاتەکانی دنیان -، ئەمریکا براوەیە!! کەچی دەرەقەتی ئێران نایە!!

بۆچی؟

لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا، ئەمریکا چۆن مەیلی بوبێ، بە ڕیز وڵاتی بەزاندوە. کێی ویستوە لای بردوە. عێراق، ئەفگانستان، لیبیا، سوریا و ڤەنزویلا.
لە پارەوە ئەمریکا دوو جار بە قورسی پەلاماری ئێرانی داوە. ڕابەری گشتی و زیاد لە ٤٠ دانە لە سەرکردە هەرە باڵاکانی سەربازی و ڕوحانی کوشتوە. بەشێکی زۆری چەک و جبەخانە و کارگە و مەڵبەندەکانی سەرکردایەتیی جەنگی بۆردومان کردوە. ٤٧ ساڵیشە لە ژێر ئابڵوقەیەکی تۆکمەی گشت لایەنەی خنکێنەردا هێشتویەتیەوە. بەهای تمەن هەزاران قات دابەزیوە. بە حسابی تەرازوی هێز بێت، ئێران دەبوو ڕوخابایە.
باڵادەستیی سەربازی، تەکنەلۆژی و ئابوری ئەمریکا بێشومارە؛ لە ٢٠٢٥ بودجەی ساڵانەی ئێران ١١١ ملیار بوو، هی ئەمریکا، لە ساڵی ٢٠٢٦، ٧٤٠٠ ملیار دۆلارە، (٦٦ قات). بێگومان ئەگەر خشتەیەک، بۆ بەراوردی توانای هێزی ئاسمانی، زەمینی و دەریایی هەردولا بکەین، ئێران زۆر لە دواوەیە. بۆ نمونە ئێران نزیکەی ٢٥٠ فڕۆکەی شەرکەری هەیە، کە هی پێش ساڵی ١٩٧٩ ن، بەرزترین مۆدێلیان F5 ی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوە. زیاد لە ١٠٠ دانەشیان ئەوانەن کە کاتی خۆی سەدام لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، لە ترسی بۆمببارانی ئەمریکا، بە ئەمانەت، ناردنیە ئێران! هەموی بێ پارچەی یەدەگن. بە بەرامبەردا، ئەمریکا ١٣٠٠٠ فڕۆکەی شەڕکەری هاوچەرخی وەک F36 ی هەیە. خشتەی بەراوردی توانا ئابوری و سەربازیەکانی ئەمریکا و ئێران زۆر بە لای ئەمریکادا، لاسەنگە. ئەی بۆچی ئەمریکا سەرنەکەوتوە؟ بۆ دەبێ ئەمریکا بچەقێت؟

 ئەم نوسینە هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لەم دیاردەیە.

١. دوو پاڵنەری جیاوازی شەڕ
ئەمریکا شەڕی ئێران دەکات، چونکە دەیبوغزێنێ، ئێران شەڕدەکات، چونکە ئەگەر نەیکات لەناو دەچێت.
هەرکاتێک پرسی ئێران چوبیێتە کۆنگرێسەوە، ڕای زۆرینە ئەوە بوە کە؛ ڕژێمی ئێران هەڕەشەیەکی حەیاتی نیە. هەتا ئەگەر ببێ بە ئەتۆمیش. ئەوەتا لە سەرەتای دووهەزارەکانەوە ( کۆریای باکور) بوەتە ئەتۆمی و ئەمریکاشی کاول نەکردوە.
 بۆ تڕەمپ، ڕژێمی ئێران سەرئێشەیە، ڕقێکی لاوەکیە، مەترسیەکی حەیاتی نیە. بە مانەوەی ئێرانیش ئەمریکا هەر دەمێنێ. بەڵام بۆ ئێران ئەمە شەڕی مان و نەمانە. دەبێ نەدۆرێ.
بێگومان ئەو لایەنەی شەڕی مان و نەمان بکات، تەوای تواناکانی دەخاتە خزمەتی سەرکەوتن، ئەو لایەنەش کە تەنها لەبەر ڕق یا نیشاندانی زاڵبوون شەڕ دەکات،   تەنها بەشێک لە تەواوی تواناکانی 
دەخاتە گەڕ.

٢. دوو پێناسەی جیاوازی سەرکەوتن:
سەرکەوتن بۆ ئەمریکا و ئێران دوو ئامانجی زۆر جیاوازن:
بۆ ئەمریکا، ئەگەر ئێران نەڕوخێنێت دۆڕاوە. بۆ ئێران، ئەگەر نەڕوخێ براوەیە!
 ئەمریکا براوەیە ئەگەر بتوانێ؛ دەست بەسەر تەواوی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێراندا بگرێت، توانای ڕۆکێتی دوور مەودا و دڕۆنی لەناوبەرێ، پەلوپۆکانی لە ناوچەکە ببڕێتەوە و ڕژێمی ئێران بڕوخێنێ یا بیخاتە سەر چۆک.

 ئێران  تەنها ئەگەر؛ نەڕوخێت. براوەیە
هەر بەیانیەک تڕەمپ لەخەو هەڵسێت و ئێران نەڕوخابێت، دۆڕاوە. هەر ڕۆژێک دەسەڵاتی ئێران ڕۆژ بکەنەوە و نەڕوخابن، براوەن. دەتوانین ببینین کە؛  ئامانجی ئەمریکا ئاڵۆز و گرانە. ئامانجی ئێران سادە و هەرزانە.

٣. مەیدانی جەنگ و لۆجستیک
لەوەتەی مرۆڤ شەڕ دەکات ، سەرکردەکان  هەوڵیانداوە  مەیدانی شەڕ بە بەرژەوەنیی خۆیان بەسەر دوژمندا بسەپێنن. بە هۆی سروشتی ئەم شەڕەوە، ئەمریکا ناچارە، لە ناو ماڵی ئێران شەڕ بکات. سوپاکەی ئەمریکا، پێش ئەوەی تەقەیەکی کردبێت، زیاد لە ٩٠٠٠ کیلۆمەتر ڕێگای بڕیوە. ئەم لۆجستیکە پارە و کاتێکی زۆری دەوێ. ئێران لە ناو ماڵی خۆی شەڕ دەکات. مەسرەف لە جوڵاندنی هێز ناکات. ئەم جۆرە شەڕەی ئەمریکا هەڵی بژاردوە، بۆ پەلاماری کتوپڕ ئیشدەکات، بەڵام بۆ شەڕی درێژخایەن، کوشندەیە. شارەزایان پێیان وایە، سەرەکیترین هۆکاری دۆڕانی ئەمریکا لە ( ڤیێتنام) ئەم دوورەدەستیەبوو. ئێران ئەمە دەزانێ، بۆیە لەوە دەچێت شەڕەکە بە بەرژەوەندیی خۆی، بکات بە درێژخایەن.

٤. جیاوازیی دنیابینین لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا ( ژیان و مردن)
(ستیڤن ویتکۆف)وەفدی باڵای  تڕەمپ بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئێران، پێش لێدانەکەی ئەمجارە، لە ٢٨/٢/٢٠٢٦ بە سەرسوڕمانەوە پرسی: « زۆرم پێ سەیرە. ئێران بەم هەمو هەڕەشەیە، بۆ ناتۆقێ، بۆ تەسلیم نابێ؟!! وشەی (Capituulate) ی بەکار هێنا. تڕەمپیش پێی وایە ئێران تۆقیوە، بەڵام نازانێ چۆن تەسلیم بێت. کێشەکە ئەوەیە کە تڕەمپ بەڕاستی وا بیردەکاتەوە. تێناگات لەوەی
ژیان و مردن لای خەڵکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ـ بەتایبەتی ڕوحانی و دیندارەکان -،  جیاوازە  لە تێگەیشتنی باقیی هەموو دنیا؛  ژیان لای ئیسلام، ڕۆیشتنە لە دنیای فانی بۆ دنیای ئەبەدی.
بەتایبەتی ئەگەر  - ئەگەر فەرمانی ڕابەری ڕوحانیی لەسەر بێت -   سەدامیش لە جەنگی هەشت ساڵەی عێراق-ئێران لە کۆتایی ١٩٨٠ دا هەمان هەڵەی کرد. 

هەڵە نیە ئەگەر بڵێین؛ بە درێژایی مێژووی زۆر پێشین، هیچ خەڵکێک هێندەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بیر و لێکدانەوەی بۆ ژیان و مردن نەکردوە. فەلسەفە و لێکدانەوەی بۆدانەناوە.  سەردەمی سۆمەریەکان، زیاد لە ٥٠٠٠ ساڵی پێش. (گلگامش) تاجی پاشایەتیی جێهێشت و دایە دارستان و چۆڵەوانی تا لە مردن تێبگات. جێگای سەرنجە کە لە دنیا دا تەنها ٣ دیانەتی ئاسمانی هەن، ( جوو، دیان و ئیسلام)، هەرسێکیان لەم ناوچەیەی ئێمە ( ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) ەوە هەڵقەڵاون. تەوەری هەرسێکیشیان وەڵامی ئەو پرسیارەیە: دوای مردن بۆ کوێ دەچین؟ لە بەرامبەردا، ڕۆژئاوا زیاترین لێکدانەوەیان تەنها بۆ ژیان کردوە. هەندێک پێیانوایە، ( خامەنەیی) کە تەنها چەند ساڵێکی کەمی لە ژیاندا مابو، بە ئەنقەست خۆی نەشاردەوە، چونکە پێی وابو بە شەهیدی بڕواتە ئەو دنیا، مەرتەبەی بەهەشتی بڵندتر دەبێت. تڕەمپ لەوە تێناگات.

٥. زلهێزیش کەلەبەر و لاوازیی خۆی هەیە:
ئەمریکا لە ٨٠ دەوڵەتی دنیا ٧٥٠ بنکەی سەربازیی هەیە. ئەمە لەلایەکەوە نیشانەی باڵادەستیی ئەمریکایە، لە لایەکی ترەوە نیشانەی زۆریی پەلوپۆیە. ئازاردانی ئەمریکای ئاسان کردوە؛ پێویست ناکات بگەیتە ئەمریکا، بە مسۆگەری، لە نزیک خۆت ئامانجێکت دەست دەکەوێت.  ئێران وای کرد. ئێستا دەردەکەوێت کە ڕۆکێتەکانی ئێران زەرەر زیانی بێشوماریان لە ٢٠ بنکەی سەربازی، لە کەنداو و عێراق داوە.

٦. ئەمریکا، ئەو ئەمریکایەی جاران نەماوە:
چاوپێکەوتنێکی تڕامپ هەیە هی سەرەتای هەشتاکانە. هێشتا گەنجێکی سەرەتای سیەکانی تەمەنیەتی. داخی دڵ هەڵدەڕێژێ؛ «بۆچی عەرەبی کەنداو لە ئێمە پۆشتە و پەرداخ ترن؟ بە سایەی ئیمەوە لاف و گەزاف لێدەدەن؟…هەقە خەرجیی ئەو ڕوفاهیەتەیان لێبسەنین. » نزیکەی نیو سەدە دوای ئەمە، دنیا گۆڕا، بەڵام تڕەمپ نەگۆڕا. هێشتا پێی وایە هەمو دنیا بەسایەی ئەمریکاوە سەلامەتە. هەموی دەبێ خەرجیی ئڵو سەلامەتیە بدات. بەگژ تەواوی ( ناتۆ) دا هات. بە گژ (چین), کەنەدا، ڤەنزوێلا…. لیستەکە درێژە. تڕەمپ لەوە حاڵی نەبوە کە؛ ئەگەر ئەم بۆچوونەی پێش نیو سەدە  ڕاست بووبێ، ئێستا ڕاست نیە. لەبەر دوو هۆ؛ نە ئەمریکا ئەو هێزەی جارانە، نە دنیاش ئاوا بێ وڵاتی بەتوانایە.

تەماشایەکی خێرا بە دۆخی ئابوریی، تەکنەلۆژی و سەربازیی ئەمریکا، وێنەیەکی کۆڵەوارە
ئەمریکا ٣٥ ترلیۆن دۆلار قەرزارە! ڕەنگە کەسێ بپرسێ؛ قەرزاری کێیە؟ قەرزاری هاوڵاتیان و داوودەزگاکانی خۆی و چەند دەوڵەتێکە. ڕەنگە بڵێین؛ ئەی بۆ دۆلار چاپ ناکات تا قەرزەکانی بداتەوە؟ چەندین جار ئەمەی کردوە. بەڵام تا سەر ئەمە ناکرێ. چونکە دەبێتە مایەی هەڵاوسان و تەپینی تەواوی ئابوریەکەی. ڕوونکردنەوەی تەواوی ئەمە لەـ  باسەکەمان لامان دەدات ـ. بۆیە ئەمریکا پەنای بردۆتە بەر پەلاماردانی درەکی و کۆکردنەوەی  خێروبێر لە دەرەوە. وەک نەوتی ڤەنزوێلا، ئیران، عێراق. کانزای دەگمەنی (ئایسلاند)، گومرگی گەروی (هورمز)، گەروی (پەنەما) گەروی (مەلەگا) زیادکردنی گومرگ لەسەر هەموو دنیا. دەبێ چاوەڕوان بین هەتا تڕەمپ ماوە - ڕەنگە دوای تڕەمپیش- ، ئەمریکا پەلاماری چەند لەم شوێنانە بدات.
لە بەرامبەردا (چین، ڕوسیا وهیندوستان) گەشەیەکی ئابووری، تەکنەلۆژی و سەربازیی بەرچاویان تۆمار کردوە. بە ئاشکرا ڕکابەریی ئەمریکا دەکەن. خەریکە دراوی بەدیل بۆ دۆلار دەخەنە بازاڕەوە. تەکنەلۆژیایان مل بە ملی ئەمریکایە. بۆیە دەبێ ئەو ڕاستیە ببینین: نە ئەمریکا ئەو ئەمریکایەی جارانە، نە هێزەکانی تریش ئەو هێزانەی جارانن.

٧. گۆڕانی تەکنەلۆژیا و ئامرازی جەنگ:
ئەوانەی وەک من تەمەن یارمەتیدەریانە، بیریانە کاتێ لە ١٩٩١ ئەمریکا ڕۆکێتی ( تۆماهۆک ) ی بۆ یەکەمجار دژ بە سەدام بەکارهێنا، دنیا بە تەکنەلۆژیاکە حەپەسا. یەکەمجاربو ڕۆکێت نەخشەی ئامانجەکەی هەڵگرتبێ و خۆی سەربەخۆ سەفەر بکات. سەدام وەک باڵندەێکی باڵبەستراو بێهودە چاوی بڕیبوە ئاسمان. بەڵام لە ٢٠٢٦ کە ئەمریکا بە ڕۆکێتی زۆر بەهێزتر و گرانتر پەلاماری ئێرانی دا، یا ویستی ڕێگە لە دڕۆنەکانی ئێران بگرێت. فەشەلی هێنا. هەرچەندە نرخی یەک ڕۆکێت لە قوبەکەی ئیسرائیل ٢،٥ بۆ ٣ ملیۆن دۆلارە و نرخی دڕۆنێکی ئێرانی تەنها ٣٠٠٠٠$  (٣ دەفتەر دۆلارە)! - ٣٠٠ قات هەرزانتر - وە بۆ خستنی یەک دڕۆن پێویست بو دەیان ڕۆکێت بهاوێژرێ، واتە مەسرەفی خستنەخوارەوەی
ڕۆنێکی ٣ دەفتەریی ئێران، دەیان ملیۆن دۆلارە - هەزاران قات - . لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمریکا نەیتوانی ڕێگە لە دڕۆن و ڕۆکێتەکانی ئێران بگرێت تا زیان بە ئیسرائیل و بنکە سەربازیەکانی لە کەنداو نەگەیەنن. ئاشکرایە؛ ئەم جۆرە شەڕە بۆ ئەمریکا، نابێ لە چەند ڕۆژێک زیاتر درێژە بخایەنێ. بەڵام ئێران باکی نیە. دەتوانێ چەندین ساڵ ئەم شەڕە بکات.

٨. کوژرانی سەرکردە پێش سەربازی پیادە:
هەتا ئێستا بە درێژایی مێژوو،  لە  شەڕی سوپاکان، کوژران لە سەربازانی پیادەی سادەی  هێڵی پێشەوە دەستی پێدەکرد، کە کوڕە هەژار و خاوەن چەکی هەرزان بوون. کوژران و بەجێمانی لاشەیان لە مەیدانی شەڕ، زەرەرێکی ئەوتۆ نەبو.  پێش ئەوەی قوربانی بگاتە ئەفسەر و پلەدارەکان، سەرکردەی سوپای دۆڕاو دەکشایەوە تا خۆی بۆ شەڕێکی تر کۆبکاتەوە. ئێستا دەبینین ئەمە چێچەوانە یوەتەوە. لە یەکەم تەقەوە ڕابەر و سەرکردە دەکوژرێن.؛
 ،لە ڕۆژی یەکەمی پەلامار خامەنەئی ( ڕابەری ئەعلا) و پۆلێک لە پلەدارە تۆپەکان کوژران. پێش ئەو ( حەسەن نەسروڵا) ڕابەری (حیزبوڵا) و پۆلێک ڕابەری تۆپ کوژران,  مەجلیسی وەزاری یەمەن و نزیکەی تەواوی کابینەکە کوژران، پاشان دەستگیرکردنی ( مەدۆرا) ی سەرۆکی ڤەنزوێلا لەماڵەکەی خۆی.

ئەم دیاردە نوێیە
ڕەنگە بە خێر بۆ گەلان بگەڕێتەوە، لەمەودوا چیتر ڕابەران بێباکانە ناچنە شەڕەوە، چونکە یەکەم قوربانی بۆی هەیە خۆیان بن نەک کوڕە هەژار.

٨. ئێران وڵاتێکی زۆر جیاوازە
(لاریجانی) سەرۆکی پێشوی مەجلسی شورای ئێران، لە شوێنێکدا دەڵێ« لە ئەمریکا بووم، (کیسنگەر) داوای بینینی منی کرد. بینیم. پێی گوتم، لای ئەمریکا  حسابی ئێوە - ئێران - جیاولزە لەگەڵ وڵاتانی دەوروپشتتان. چونکە ئێوە و(ڵاتی شارستانی)ن، پێتان وانەبێت هەوڵی ڕوخاندنتان دەدەین.». ئەمە ڕاستیەکە دەزگا ستراتیژی و توێژینەوەکانی پێنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، تێیگەیشتبون. بەڵام تڕەمپ کە ئەم دەزگایانەی لەخۆی دوورخستۆتەوە، و خۆی دەورەداوە بە کەسانی ناپڕۆفێشناڵ، لەم ڕاستیە بێئاگایە کە، ئێران عێراق نیە، سوریا و لیبیا نیە.

تەواوی پسپۆڕانی جیۆپۆلیتیک دەزانن و دەڵێن:   لە ڕۆژهەڵاتی دنیا، چەند دەوڵەتێک هەن (دەوڵەتی شارستانین Civilizational Nations ، حسابیان لەگەڵ وڵاتانی ترجیایە، ئەمانیش: چین، هیندستان، میسر، تورکیا و ئێران.

:٩. ئەم شەڕە لە پێناو ئیسراێیلە
ئیسرائیل، ئێران بە هەڕەشەیەکی حەیاتی دەبینێ بۆ سەر خۆی. واشە. لەناو ئەمریکا باوەڕێکی وا توند بوەتەوە کە؛ ئەمریکا، نابێ چیتر خۆی بۆ ئیسراێیل بەکوشت بدات. پێیان وایە هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئیسراێیل دەبێ وابێ کە دوهەم خۆی بۆ یەکەم بکات بە قوربانیی، نەک بە پێچەوانەوە. ئەم بڕوایە لە ناو پێنتاگۆن، وەزارەتی دەرەوە، کۆنگرێس و زۆرێک لە کەسایەتیی ئەکادیمی و ڕاگەیاندنی ناسراوی ئەمریکا بۆ یەکەمجارە، بە ئاشکرا باس دەکرێت. کاری کردۆتە سەر ڕای گشتی و وورەی سەربازانی ئەمریکای دابەزاندوە. ژمارەیەک پلەداری باڵای حوکمەت وەک ( جۆ کێنت - سەرۆکی دژەتیرۆر، تولسی گاباردس - سەرۆکی دەزگای هەواڵگری) لەسەر ئەم مەسەلەیە دەستیان لەکار کێشاوەتەوە.

دەرئەنجام
کورد دەبێ لە چی تێبگات؟
١. تەنها بەم جۆرە پەلامارە، ڕژێمی ئێران ناڕوخێ. مەگەر لە ناوخۆوە، بە کۆدێتا یا ڕاپەڕینی جەماوەری. هەتا ئەم پەلامارەی ئەمریکا بەردەوام بێت، ئەم ئەگەرە لاوازترە.
٢. نە ئەمریکا ئەو هێزەی جارانە، نە دنیاش ئەو دنیایەی پێش ٢٠ ساڵ. وەک لە سەرەوە خرایە ڕوو.
 ٣. ئەو ئەگەرە هەیە کە ئەمریکا کارێکی وا بکات ناوچەکە - بەتایبەتی وڵاتانی کەنداو - بکات .بە گژ ئێراندا و خۆی بکشێتەوە.
٤. باشترین ستراتیژ بۆ کورد: ئەمریکا، ئەجرێکی زۆری بەسەر کوردی عێراقەوە هەیە. سەدامی ڕوخاند.  کە مافی ڕەوای کوردی لە دەستوری عێراق بە فیدراڵی سەپاند. ئەمە - دەستکەوتێکی بێ وێنەیە، نابێ کورد لەبیری بچێ-, هێشتا توانای سەپاندنی مەرجی بەسەر ناوچەکەدا ماوە. لە هەمانکاتدا، فارس، تورک و عەرەب، سێ نەتەوەی سنوورلکاون پێمانەوە. ئەمڕۆ دراوسێن، هەتاهەتایە هەر دراوسێن. بەپێی توانا، بە ئاشتی پێکەوە ژیان لەگەڵیاندا - بێ لەدەست دانی دۆستە دوورەدەستەکان-  ستراتیژێکی زۆر ئاڵۆز بەڵام پێویستە.

٥. کورد و شیعە و سوننە: حوکمی سوریا بو بە سوننە. هەموو کەنداو سوننەن تورکیا سوننەیە. لە ناوچەکە ئێران و عێراق شیعەن. پارسەنگیەک هەیە. ئەگەر حوکمی ئێران بەدەستی شیعە نەمێنێ عێراقیش نامێنێ. سوننە باڵادەست بێت. نەتەوەی کورد دەکەوێتەوە ناو بەرداشی ململانێ لەگەڵ ڕەگەزپەرستیی نەتەوەیی عەرەب و تورک و فارس تێکەڵ بە تایەفەگەریی سوننە. ئەو گێژاوەی کە سەدەی ڕابردوومان تێدا بەڕێکرد.
٦. هەموو سەرکەوتن و نوشستەکانی کورد لە سەدەی  یا ڕابردوودا، لە ناو گێژاوی جهانیی گەورەوە سەریان هەڵداوە: :

* مەملەکەتی شێخ مەحمود لە کۆتایی چەنگی یەکەمی جهان.
 * کۆماری مهاباد ١٩٤٦ لە کۆتایی جەنگی دوهەمی جهان
* فیدراڵی بۆ کوردی عێراق لە کۆتایی جەنگی عێراق ئێران
* دەستکەوتەدەستوریەکانی کوردانی ڕۆژاوا لە کۆتایی ڕژێمی بەعسی ئەسەد - لە دروستبووندایە -.
ئەم گێژاوەی ئێستاش دەرفەت لەگەڵ خۆی دا دەهێنێ، ئەگەر ڕابەرانی کورد ژیرانە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن..

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن