46 عیراق

لەعێراق نرخی هێلكە دیاریكرا

04:32 - 10/05/2026

زەمەن_هەواڵ

 

وەزیری بازرگانی عێراق نرخی فرۆشتنی هێلکەی بە هاوڵاتیان دیاریکرد و دەشڵێت: هەرکەس سەرپێچی بکات سزا دەدرێت.

 ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٠ی ئایاری ٢٠٢٦، ئەسیری داود غەریری، وەزیری بازرگانی عێراق، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی سیاسەتی هاوردەکردنی کرد، کە بەپێی فەرمانی دیوانی ژمارە (٣٧)ی ساڵی ٢٠٢٤ پێکهێنراوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی بابەتەکانی ناو کارنامەی کۆبوونەوەکە و وەرگرتنی بڕیار و پێشنیازی پێویست دەربارەیان.

ئاماژەی بەوەشکراوە: لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی نرخ و باجی گومرگی هێلکەی خواردن کرا، و بڕیاردرا نرخی فرۆشتنی یەک تەبەقە هێلکە بۆ بەکاربەر بە (٦٠٠٠) دینار دیاری بکرێت، هەروەها ڕێژەی (٢٠٪ی باجی گومرگی بۆ ئەو ماددەیە پەسەند کرا، بەو ئامانجەی هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و سەقامگیری نرخەکان لە بازاڕەکاندا بەدی بێت.

غەریری جەختی لە گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵە چاودێرییەکان لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانی چاودێری و ئەمنییەوە کردەوە بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕیارەکە و کۆنترۆڵکردنی بازاڕەکان،و تیشکی خستە سەر پێویستی گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران و ئەوانەی یاری بە نرخەکانەوە دەکەن.

هەروەک داوای لە هاوڵاتییان کرد هاوکار بن و لە ڕێگەی پەیوەندیکردن بە ژمارە (911)ەوە هەر سەرپێچییەک لەبارەی نرخە دیاریکراوەکانەوە ڕابگەیەنن، ئەوەش وەک پاڵپشتییەک بۆ هەوڵەکانی دەوڵەت لە پاراستنی بەکاربەر و بەهێزکردنی سەقامگیری دابینکردنی پێداویستییەکان لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن