20وتار

كێشەی نێوان پارتی و یەکێتی؛ تەنها ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانە؟؟

6/6/2026 3:18:00 PM
چۆمان محەمەد

دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، هێشتا حکومەتی نوێ پێک نەهاتووە و پەرلەمانیش نەیتوانیوە بە شێوەیەکی ئاسایی کار بکات. درێژەدان بەو دۆخە چەقبەستوە شتێکی پێشبینیکراو بوو، چونکە هەر لە کاتی تەواوبوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە باس لەوە دەکرا کە پرسی پێکهێنانی حکومەت بۆ دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوا دەخرێت. سەرئەنجام بینینمان لە عێراقدا هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام درا، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆک کۆمار هەڵبژێردران و حکومەتی نوێش پێک هات بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، بەڵام هەرێمی کوردستان دوای نزیکەی دوو ساڵ لە هەڵبژاردنەوە هێشتا لە بازنەی گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتدا دەسوڕێتەوە..

لێرەدا پرسیارێکی بنەڕەتی دێتە پێش: ئایا کێشەکە تەنها ژمارەی کورسییەکانە؟
ئەگەر وەڵامەکە بەڵێ بوایە، ئەنجامی هەڵبژاردن دەبوو یەکلاکەرەوەی ناکۆکییەکان بێت. لە سەرەتادا پارتی دەیگوت کێشەکە پەیوەندی بە ژمارەی کورسییەکانەوە هەیە وئێمە ڕێکەوتن لەسەر بنەمای ئەو ژمارانە دەکەین لەگەڵ یەكێتی، بەڵام دوای ئەوەی یەکێتی و نەوەی نوێ هاوپەیمانیان گرێدا،بونەتە ٣٨ کورسی،بۆیە لە ڕووی ژمارەوە تارادەیەك هاوتای پارتین،سەرئەنجام گوتاری سیاسی یەکێتی گۆڕاوەو سەقفی داواکارییەکانی بەرزتر کردەوە. بەڵام ئەوەی ئێستا دەیبینین نیشان دەدات کە کێشەکە قووڵترە لە ژمارەی کورسییەکان. بابەتەکە پەیوەندی بە نەمانی متمانەی سیاسی وعینادی سیاسی، گێڕانەوەی هاوسەنگی دەسەڵات، شێوازی حکومرانی و ئاستی بەشداریی لایەنەکان لە حکومەت و بڕیارداندا هەیە.

لە سیستەمە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستاندا، ئەگەر متمانە لەنێوان هێزە سەرەکییەکاندا نەبێت، تەنانەت ڕێکەوتنیش لەسەر پۆست و کورسی ناتوانێت سەقامگیری دروست بکات. بۆیە کێشەکە تەنها لە دابەشکردنی پۆستەکاندا نییە، بەڵکو لە ویستی سیاسی بۆ سازان و هاوبەشکردنی بەرپرسیارێتییە.

لە هەمان کاتدا، ئەم کێشەیە لە ڕووی قووڵییەوە پەیوەندی بە گۆڕانکاری لە ڕوانگەی هێزە سیاسییەکانیشەوە هەیە بۆ کۆیی بابەتەکان، پەیوەستە بە عیناد و دەستگرتن بە بۆچوون و پۆستەکان. بۆیە شەری دەسەڵات، جوگرافیای بەڕێوەبردن، دابەشکردنی سەرچاوە دارایییەکان و شێوازی بڕیاردان هەموویان بوونەتە بەشێک لە کێشەکە. لە کاتێکدا کێشەی سەرەکی بریتییە لە نەبوونی میکانیزمی ڕاستەقینەی هاوبەشبوون لە دەسەڵات و بڕیاردان.

بەردەوامبوونی ئەم دۆخە بێ مەترسی نیە. هەرچی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت درێژتر دەبێتەوە، متمانەی خەڵک بە دامەزراوەکان کەمتر دەبێت، کاری دامەزراوەکانی هەرێم لاوازتر دەبێت و دەرگای زیاتر بۆ دەستوەردانی لایەنە دەرەکییەکان دەکرێتەوە، و زۆر ئاسانتر قەوارەی هەرێم بەرەو بچووکبوونەوە و هەلوەشانەوە دەچێت. هەر بۆیە ڕێکەوتن تەنها بژاردەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو پێویستییەکی بنەڕەتییە بۆ پاراستنی سەقامگیریی هەرێم.

ئەگەر ئەم کێشە بنەڕەتییانە چارەسەر نەکرێن، تەنانەت دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنیش ناتوانێت گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە دروست بکات، چونکە هۆکاری قەیرانەکە لە دەرەوەی سندوقی دەنگدانە و چارەسەریش هەر لە دەرەوەی ئەودا دەبێت بدۆزرێتەوە..

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن