مووچە بەهەمان میکانیزمی مانگی ڕابردوو دابەش دەکرێت
01:24 - 02/06/2026
زەمەن_هەواڵ
ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری ڕایگەیاند: مووچەی فەرمانبەران هێڵی سوورە و کاری یەکەم و هەرە لەپێشینەی حکومەتە، بۆیە بۆ ئەم مانگەش هەرچەندە کورتهێنان هەیە، بەڵام بەهەمان ڕێکاری مانگی ڕابردوو مووچە لەکاتی خۆیدا دابەش دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری ئاشکرایکرد، تێکڕای خەرجی مانگانەی حکومەتی عێراق (لەوانەش بۆ مانگی ئایار) بە نۆ تریلیۆن دینار دیاریکراوە، ئەوەش خەرجییەکی مام ناوەندییە بۆ هەموو مانگەکانی پێشوو و داهاتوو.
لەبارەی چۆنییەتی پڕکردنەوەی کورتهێنانیش بۆ دابینکردنی مووچە بەهۆی کەمبوونەوەی فرۆشتنی نەوت، ئەو ڕاوێژکارەی عەلی زەیدی وتی: بە هەمان ڕێکارەکانی مانگی ئایار کە مووچە فەرمانبەرانی عێراقی پێ دابەشکرا، بۆ مانگی حوزەیرانیش هەمان ڕێکار دەگیرێتەبەر.
ئەمە لە کاتێکدایە، بۆ مانگی پێنج، حکومەتی عێراق لەم ڕێگایانە پارەی مووچەی دابەش کرد، لەوانە؛ قەرزی ناوخۆ لە بانکەکان، ڕاکێشانی پارە لە هەژمارە بانکییەکانی دەوڵەت لە بانکی ناوەندیی هاوکات ئیدارەدانێکی توندتری پارەی کاش و کۆکردنەوەی سەرجەم داهاتی نانەوتی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان، بۆیە توانی بەبێ گرفت مووچە دابەش بکات، هەرچەندە ئەوەش مەترسی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی قەرزی ناوخۆی زیاد کرد، بەڵام حکومەت پێداگربوو لەسەر ئەوەی مووچە پرسێکی سیادییە و ناکرێت بەهیچ هۆکارێک دابەشکردنی دوابخرێت.