ئاڵەنگاریە دەستوری و سیاسییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان، ئەو مەترسیانەی کە ساڵانێکە باسی دەکەین.
6/7/2026 3:46:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس
ململانێیەکی گەرم هەیە لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم بۆ یەکلاکردنەوەی پسپۆڕیەتییەکان بە گوێرەی دەستوور،
بەداخەوە لە کاتی نوسینەوەی پرۆژەی دەستور هەندێک مادە و بڕگە لە دەستوری عێراقی هەمیشەیی ساڵی ٢٠٠٥ز جێگیر کراون، جا لە نەزانین بێت یان لە کەمتەرخەمی بەسەرماندا تێپەڕیوە و لە ئێستادا وەک خاڵی فشار بەرامبەر هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنرێت.
جێگای نیگەرانییە تا بێت ئەو مادە دەستوریانەی کە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نین زیاتر دەوروژێنرێت، ئاڵەنگاریە یاسایی و سیاسییەکانی بەردەم هەرێم زەقتر دەبنەوە، تەوقی لە قاڵبدانی قەوارەی سیاسی هەرێم تەسکتر دەبێتەوە، هەنگاوەکان بۆ کەمکردنەوەی پسپۆڕیەتی دەسەڵاتەکانی هەرێم خێراتر دەبن.
ئەوەی زیاتر گرفتە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستانی قوڵتر کردۆتەوە و تای تەرازووی بەلای حکومەتی فیدراڵیدا شکاندۆتەوە ناکۆکی نێو ماڵی کورد و نەبوونی ئەجێندای ڕوون و تیمی شارەزایە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم ئاڵەنگاریە دەستوری و یاسایی و سیاسییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان لە پرسەکانی تایبەت بە پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشمەرگە، دارایی و گومرگ، نەوت، هەواڵگری و ئاسایش ...هتد.
ھەرێمی کوردستان لە دۆخێکی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی ناھەمواردایە، بە قۆناغێکی ھەستیار و ڕاگوزەردا تێدەپەڕێت، ھەستیار : بەھۆی ناکارایی دەسەڵاتی یاسادانان و پێکنەهاتنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و لاوازی دەسەڵاتی دادوەری و ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان.
ڕاگوزەر : بەهۆی ئەو بۆچونە نوێیەی ڕەنگی داوەتەوە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی دووبارە ڕێکخستنەوەی قەوارەی سیاسی ھەرێم و دەسەڵاتەکانی لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا بە پێی مادە و بڕگەکانی دەستوری عێراقی ھەمیشەیی ساڵی ٢٠٠٥ز، ھاوتەریب لەگەڵ زاڵبوونی ھێڵێکی سیاسی نوێ لە عێراق کە بە ئاڕاستەی بەھێزکردنی دەسەڵاتە فیدراڵیەکان ھەنگاو دەنێت، کە لە یاساکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بڕیارەکانی دادگای باڵای ئیتیحادی بە ڕوونی ڕەنگی داوەتەوە.
هەر بۆیە قۆناغی ئێستای عێراق و ھەرێمی کوردستان بریتییە لە قۆناغی گێرانەوەی بەغدا بۆ سەنتەری بڕیاری سیاسی لە عێراقدا و بەھێزکردنی دەسەڵاتە فیدراڵیەکان و پەیڕەوکردنی ئەو پسپۆڕیەتیانەی کە دەستور پێیداوە، ئەوەش بە لە قاڵبدانی ھەرێمی کوردستان لەو چوارچێوە یاساییەدا کە دەستوری ھەمیشەیی عێراق دیاریکردووە.
هەرچەندە ساڵانێکی زۆرە وەک هەموو ئەو کەسە خەمخۆر و دڵسۆزانەی ئەم هەرێمە باسمان لەو مەترسییانە کردووە کە ڕووبەڕوی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە، لەم بارەیەوە چەندین وتار و توێژینەوە و کتێبمان بڵاوکردەوە، بەڵام بەداخەوە هیچ بەدەمەوەهاتنێک نەبوو...
بەڕاشکاوی ئاماژەماندا کە لە داھاتودا بە ئەگەرێکی زۆرەوە ھەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی کۆمەڵێک ئاڵەنگاری دەستوری دەبێتەوە سەبارەت بە سنوردارکردنی دەسەڵاتەکانی، جگە لەوەی ڕەنگە پەل بکێشێت بۆ ڕێکخستنەوە و تەنانەت ھەڵوەشاندنەوەی ژمارەیەک وەزارەت و ئەنجومەن و دەستە و فەرمانگە و یاسا، لەوانەش:
یەکەم/ لە پرنسیپە گشتیەکانی سیستەمی فیدراڵیدا، پەیوەندیە دبلۆماسیەکان و سوپا و دارایی لە پسپۆڕیەتی دەسەڵاتە فیدراڵیەکانە، بە گەڕانەوە بۆ مادە (١١٠)ی دەستوری عێراقی ھەمیشەیی ساڵی ٢٠٠٥ز تایبەت بە پسپۆڕیەتیە دیاریکراوەکانی دەسەڵاتە فیدراڵیەکان، تیایدا ھاتووە: " تختص السلطات الاتحادية بالاختصاصات الحصرية الاتية":
١- بە پشت بەستن بە مادە (١١٠/اولا) لە دەستوری عێراقی ھەمیشەیی ساڵی ٢٠٠٥ز کە بە دەق ھاتووە: " رسم السياسة الخارجية والتمثيل الدبلوماسي والتفاوض بشان المعاھدات والاتفاقیات الدولية وسیاسات الاقتراض والتوقیع علیھا وابرامھا ورسم السياسة الاقتصادية والتجارية الخارجية السيادية ".
بە پێی ئەم بڕگە دەستورییە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە و نوێنەرایەتییە دبلۆماسیەکان لە پسپۆڕیەتی دەسەڵاتی فیدراڵییە، هەربۆیە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و نوێنەرایەتییەکانی لە وڵاتانی دەرەوە ڕوبەڕوی گرفتی دەستوری دەبێتەوە و دەبێت دووبارە ڕێکبخرێتەوە بە گوێرەی مادەی (١٢١/رابعا) لە دەستوری عێراقی ھەمیشەیی ساڵی ٢٠٠٥ز کە بە دەق ھاتووە: " تؤسس مکاتب للاقاليم والمحافضات في السفارات والبعثات الدبلوماسية لمتابعة الشؤون الثقافية والاجتماعية والانمائية ".
بەو واتایەی لە ھەموو باڵوێزخانە و نوێنەرایەتیەکی دبلۆماسی عێراق ئۆفیسێکی ھەرێمەکان و پارێزگاکان دابمەزرێت بۆ بەدواداچوونی کاروباری ڕۆشەنبیری و کۆمەڵایەتی و گەشەپێدان.
٢- بە پشت بەستن بە مادە (١١٠/ثانيا) لە دەستوری عێراقی ھەمیشەیی ساڵی ٢٠٠٥ز کە بە دەق ھاتووە: " وضع سياسة الامن الوطني وتنفيذها، بما فی ذلك انشاء قوات مسلحة وادارتھا لتامين حماية وضمان امن حدود العراق، والدفاع عنە".
واتا: دانانی سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانی و جێبەجێکردنی، لە نێویدا دامەزراندنی ھێزی سەربازی و بەڕێوەبردنی بەمەبەستی گەرەنتی پاراستن و زامن کردنی ئاسایشی سنوری عێراق و پارێزگاری کردن لێی.
بەم شێوەیەش وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی پێشمەرگە ڕوبەڕوی گرفتی دەستوری دەبنەوە و گەر پێشمەرگە وەک سوپا ئەژمار بکرێت بە پێی دەستور پێویستە بچێتە سەر وەزارەتی بەرگری عێراق و ڕێکخستنەوەی ھێزە چەکدارەکانی ھەرێم بە گوێرەی مادەی (١٢١/خامسا) لە دەستوری عێراقی ھەمیشەیی ساڵی ٢٠٠٥ز کە بە دەق ھاتووە: " تختص حكومة الاقلیم بکل ما تتطلبه ادارة الاقليم، وبوجە خاص انشاء وتنضيم قوی الامن الداخلي للإقلیم كالشرطة والامن وحرس الاقلیم".
واتا: حکومەتی ھەرێم ھەموو ئەو پسپۆڕیەتیانەی ھەیە کە پێویستە بۆ بەڕێوەبردنی ھەرێم، بە تایبەتی پێکھێنان و ڕێکخستنی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ھەرێم وەک پۆلیس و ئاسایش و پاسەوانی ھەرێم.
ئەوەی لەم مادە دەستورییەدا ڕوونە سێ جۆر ھێز لە چوارچێوەی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پسپۆڕیەتی دەسەڵاتەکانی ھەرێمە (پۆلیس، ئاسایش، پاسەوانی ھەرێم)، بۆیە ڕەنگە ھەرێمی کوردستان سەرپشک بکرێت لەوەی پێشمەرگە دەکات بە بەشێک لە سوپای عێراق ئەوکات دەبێت بخرێتە سەر وەزارەتی بەرگری عێراق، یان دەخرێنە سەر وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم وەک پاسەوانی ھەرێم و بەشێک لە ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ.
٣- بە پشت بەستن بە مادە (١١٠/ثالثا) لە دەستوری عێراقی ھەمیشەیی ساڵی ٢٠٠٥ز کە بە دەق ھاتووە: " رسم السياسة المالية والكمركية واصدار العملة، وتنضيم السياسة التجارية عبر حدود الاقالیم والمحافضات فی العراق ووضع الميزانية العامة للدولة ورسم السياسة النقدية وانشاء بنک مركزي وادارتە".
واتا: داڕشتنی سیاسەتی دارایی و گومرگی و دەرکردنی دراو و ڕێکخستنی سیاسەتی بازرگانی لە ڕێگای سنوری ھەرێمەکان و پارێزگاکان لە عێراقدا و دانانی بودجەی گشتی دەوڵەت و داڕشتنی سیاسەتی نەختینە و پێکھێنان و بەڕێوەبردنی بانکی ناوەندی.
بە پێی ئەم بڕگەیەی دەستور و بە پشت بەستن بە مادە (١٢/ثانيا/د) لە یاسای ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٣ یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی (٢٠٢٣، ٢٠٢٤، ٢٠٢٥) کە تیایدا ھاتووە: پابەندبونی حکومەتی ھەرێم بە تەسلیم کردنی داھاتی نانەوتی بە خەزێنەی فیدراڵی. . . .
" تلتزم حكومة اقلیم کوردستان تسلیم الایرادات غیر النفطية الی خزينة الدولة وحسب قانون الادارة المالية الاتحادي علی ان یقوم دیوان الرقابة المالية الاتحادي بالتنسیق مع دیوان الرقابة المالية فی الاقلیم بتدقیق البیانات المتعلقة بتلک الایرادات ".
ھەروەھا مادە (١٣/اولا/أ) لە یاسای ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٣ یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی (٢٠٢٣، ٢٠٢٤، ٢٠٢٥) کە ئاماژە دەدات بە دانانی سەرجەم داھاتی نەوتی ھەناردەکراو و فرۆشراو کە بەرھەمی کێڵگەکانی ھەرێمی کوردستانن لە ھەژمارێک کە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەیکاتەوە لە بانکی ناوەندی عێراقی. . .
" یتم ایداع الایرادات الكلية للنفط المصدر والمباع محلیا المنتج من الحقول الواقعة فی الاقلیم فی حساب مصرفي واحد تفتحە وزارة المالية الاتحادية لدی البنک المركزي العراقي تودع فیە جمیع الایرادات المتاتیە من تصدير او بیع النفط الخام ومشتقاتە من دون اي استقطاعات، وتغلق الحسابات المماثلة الاخری كافة ".
لەگەڵ مادە (١٢/ ثانيا/ هـ) و مادە (١٣/اولا/ب) کە وەزارەتی دارایی فیدراڵ (تمویل)ی ھەرێم دەکات و شایستە داراییەکانی پێدەدات. . . .
جگە لە بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی ژمارە (٢٢٤وموحدتھا ٢٦٩/ اتحادية/٢٠٢٣) لە ٢١/٢/٢٠٢٤ تایبەت بە (توطين الرواتب)، وەرگرتنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لە ڕێکای ھەژماری بانکییەوە ڕاستەوخۆ لە ڕێگای بانکەکانی حکومەتی فیدراڵەوە و بڕینی ئەو بڕە پارەیە لە پشکی ھەرێم.
ھەموو ئەمانە ئاماژەن کە وەزارەتی دارایی و ئابوری ھەرێمی کوردستان جگە لە کۆکردنەوەی داھات و تەسلیمکردنی بە خەزێنەی فیدراڵی ھیچ ئەرک و ڕۆڵی تری بۆ نامێنێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەرک و پسپۆڕیەتیەکەی ئەم وەزارەتە ڕێکدەخرێتەوە و ڕەنگە بریتی بێت لە کۆکردنەوەی داھات و تەسلیم کردنی بە خەزێنەی فیدراڵی.
ئەوەی شایەنی باسە ئەم پسپۆڕیەتیە دیاریکراوانەی دەسەڵاتە فیدراڵیەکان کە لە مادەی (١١٠)ی دەستور ھاتووە بەتایبەت بڕگەکانی (اولا، ثانيا، ثالثا) لە ناوەڕۆکی بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی ژمارە (٢٢٤ وموحدتھا ٢٦٩/ اتحادية/٢٠٢٣) لە ٢٠٢٤/٢/٢١ جەختی لەسەر کراوەتەوە.
دووەم/ لە مادەی (١١٤)ی دەستوری عێراقی ھەمیشەیی ھاتووە:
ئەم پسپۆڕیەتییانە ھاوبەشن لە نێوان دەسەڵاتە فیدراڵیەکان و دەسەڵاتی ھەرێمەکان.
" تکون الختصاصات الاتية مشتركة بین السلطات الاتحادية وسلطات الاقالیم".
لە مادەی (١١٤/اولا) لە دەستوری عێراقی ھەمیشەیی ھاتووە:
بەڕێوەبردنی گومرگەکان بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکومەتەکانی ھەرێم و پارێزگا ڕێکنەخراوەکان لە ھەرێمدا، ئەمەش بە یاسا ڕێکدەخرێت.
" إدارە الکمارک بالتنسیق مع حکومات الاقالیم والمحافضات غیر المنتضمة فی اقلیم، وينضم ذلك بقانون ".
ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بێ گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی فیدراڵی گومرگەکانی بەڕێوە دەبرد، ھەروەھا سیاسەتی گومرگیشی پێچەوانەی مادە (١١٠/ثالثا) لە دەستور جیاواز بوو لە سیاسەتی حکومەتی فیدراڵ.
بەڵام بە پشت بەستن بە مادەی (١١٤/اولا) لە دەستوری عێراقی ھەمیشەیی و بە پێی مادە (١٢/ثانيا/د) لە یاسای ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٣ یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی (٢٠٢٣، ٢٠٢٤، ٢٠٢٥) کە تیایدا ھاتووە پابەندکردنی حکومەتی ھەرێم بە تەسلیم کردنی داھاتی نانەوتی بە خەزێنەی فیدراڵی بە گوێرەی یاسای (قانون الادارة المالية الاتحادي رقم ٦ لسنة ٢٠١٩)، ھەروەھا بە پێی مادە (٢١/ثانيا) لە یاسای ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٣ یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی (٢٠٢٣، ٢٠٢٤، ٢٠٢٥) کە نیوەی داھاتی باج و رسوماتی گومرگەکان و دەروازەکان تەرخان دەکرێت بۆ خزمەتی ئەو پارێزگایەی کە دەروازە سنوریەکەی لێیە و بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی وەبەرھێنان و (تمویل)ی پرۆژە بەردەوامەکانی پارێزگاکە، هەروەها پێویستە لایەنی کەم (٢٠%)ی ئەو بڕە بۆ گەشەپێدان و پەرەپێدانی دەروازەکە سەرف بکرێت.
دواتر لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵ بە ھەماھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم وردبینی لە داتای ئەو داھاتە نانەوتیانە دەکرێت بە پێی مادە (١٢/ثانيا/د) لە یاسای ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٣ یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی (٢٠٢٣، ٢٠٢٤، ٢٠٢٥).
پاشان لە دوای جێبەجێکردنی سيستەمی ئەسيکۆدا (ASYCUDA) بۆ بەستنەوەی خاڵە گومرگیەکان و ڕێکخستنەوەی ڕێکاری گومرگی، ئەستەمە جارێکی دیکە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بتوانێت گومرگەکان بەو شێوە ڕەھایەی پێشوتر بەڕێوە بەرێت، بە دڵنیایەوە بەڕێوەبردنی گومرگەکان ڕێکدەخرێتەوە بە یاسایەک بە پێی مادە (١١٤/اولا) لە دەستوری عێراقی ھەمیشەیی و بە ھاوبەشی لە نێوان دەسەڵاتە فیدراڵیەکان و دەسەڵاتی ھەرێمەکان بەڕێوە دەبرێن، داھاتەکەشی دەبرێتەوە خەزێنەی فیدراڵی و دوبارە لەوێوە دابەش دەکرێتەوە.
سێیەم/ دوابەدوای بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی ژمارە (٥٩/ اتحادية /٢٠١٢ وموحدتھا ١١٠/ اتحادية / ٢٠١٩) لە ٢٠٢٢/٢/١٥ تایبەت بە نادەستوری و ھەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی ژمارە (٢٢)ی ساڵی٢٠٠٧ی ھەرێمی کوردستان و پابەندکردنی حکومەتی ھەرێم بە (تسلیم) کردنی سەرجەم بەرھەمی نەوت لە کێڵگە نەوتیەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەو ناوچانەی دیکە کە وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی ھەرێمی کوردستان نەوتی لێدەردەھێنێت و پێدانەوەی بە وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵی.
ھەروەھا بەدواداچون بۆ ھەڵوەشانەوەی گرێبەستە نەوتیەکانی لەگەڵ پابەندکردنی حکومەتی ھەرێم بە ڕێگەدان بە وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بە پێداچوونەوەی سەرجەم ئەو گرێبەستە نەوتیانە. . . ھتد.
دواتر بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس سەر بە ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی (ICC) لە ٢٠٢٣/٣/٢٣ بە ڕاگرتنی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم لە ڕێگای بەندەری جیھانەوە بە شێوەیەکی تاکلایەنە و بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی فیدراڵ، بەو پێیەی کۆمپانیای سۆمۆ تاکە لایەنی فەرمی ھەناردە کردنی نەوتە لە عێراقدا.
لەگەڵ مادە (١٢/ ثانيا /أ، ب، ج)ی تایبەت بە ڕادەستکردنی بڕی کەمتر نەبێت لە (٤٠٠ ھەزار) بەرمیل نەوت ڕۆژانە بە حکومەتی فیدراڵ و مادە (١٣/اولا/أ، ب) کە پێشتر ئاماژەمان پێدا لە یاسای ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٣ یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی(٢٠٢٣، ٢٠٢٤، ٢٠٢٥).
لەلایەکی ترەوە بە گوێرەی مادە (١١٢/اولا) لە دەستوری عێراقی ھەمیشەیی کە تیایدا ھاتووە: "حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ حکومەتی ھەرێمەکان و پارێزگاکان ھەڵدەستێت بە بەڕێوەبردنی نەوت و گازی ........، ئەمەش بە یاسایەک ڕێکدەخرێت.".
هەموو ئەم خاڵانە و ناکۆکی لایەنە سیاسیە کوردستانیەکان و ناکارایی و ناشارەزایی تیمی کورد لە بەغدا لە لایەک و ئەو گۆڕانکاریە سیاسیە نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتییە و ئەو ڕەوتە سیاسیە نوێیەی لە عێراقدا زاڵە کە بە ئاڕاستەی بەھێزکردنی دەسەڵاتە فیدراڵیەکان ھەنگاو دەنێت و بە ئاشکرا زۆرینەی پەرلەمانی بەکار دەھێن بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکیەکان لە لایەکی ترەوە، گومانی تێدا نییە یاسای نەوت و گازی فیدراڵی بە زیانی ھەرێمی کوردستان و کۆنترۆڵکردنی کەرتی وزە لەلایەن دەسەڵاتی فیدراڵییەوە دەردەچێت.
ئەم هۆکارانەش سەرجەمیان دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕوبەڕوی گرفتی دەستوری دەبێتەوە و ئەگەر هەیە هەڵبوەشێتەوە یان بە میکانیزمێکی تر ڕێکبخرێتەوە.
چوارەم/ پرسێکی گرنگ و ھەستیار ھەیە کە ڕەنگە لە ئایندەدا بۆ فشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان بوروژێنرێت، کە بریتییە لە دۆسێی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، کە بە یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠١١ "یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان- عێراق" پێکهاتە و پسپۆڕیەتیەکەی دیاریکراوە.
ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان کە پێک دێت لە (دەزگای ئاسایشی ھەرێم، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھەواڵکریی سەربازی، ئاژانسی پاراستن و زانیاری) ھەرێمی کوردستان، دامەزراوەیەکی جیاوازە لە دامەزراوەی هەواڵگری فیدراڵی لە ڕووی پێکهاتە و پەیوەست بوون و گرێدانەوە و ئەرک و پسپۆڕیەتی....هتد.
ئەم دامەزراوە گرنگەی هەرێمی کوردستان ڕەنگە لە ئایندەدا گرفتی دەستوری بۆ دروست بێت، بۆیە پێویستە ئامادەسازی پێشوەختە بکرێت بۆ هەر ئەگەرێک کە لە داهاتوودا ڕوبەڕوی ئەم دامەزراوەیە بێتەوە و ھەرێمی کوردستان بخاتە بەردەم بڕیاردان لە چارەنوسی پێکهاتەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم.
بۆ نموونە:
١- ھەڵوەشاندنەوەی دەزگای ئاسایشی ھەرێم وەک پێکھاتەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و گرێدانەوەی بە وەزارەتی ناوخۆ بە پشت بەستن بە مادە (١٢١/خامسا) لە دەستوری عێراقی ھەمیشەیی ساڵی ٢٠٠٥ز کە بە دەق ھاتووە :
"تختص حكومة الاقلیم بکل ما تتطلبه ادارة الاقليم، وبوجە خاص انشاء وتنضيم قوی الامن الداخلي للإقلیم كالشرطة والامن وحرس الاقلیم".
حکومەتی ھەرێم ھەموو ئەو پسپۆڕیەتیانەی ھەیە بەمەبەستی بەڕێوەبردنی ھەرێم، بە تایبەتی پێکھێنان و ڕێکخستنی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ھەرێم وەک پۆلیس و ئاسایش و پاسەوانی ھەرێم.
٢-ھەڵوەشاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھەواڵگریی سەربازی و گرێدانەوەی بە ھەواڵگری فیدراڵییەوە (المديرية العامة للاستخبارات والامن)ی سەر بە وەزارەتی بەرگری فیدراڵ بەو پێیەی ھەواڵگری سەربازی بەشێکە لە دامەزراوەی سەربازی و لە پسپۆڕیەتی دەسەڵاتی فیدراڵییە بە پشت بەستن بە مادە (١١٠/ثانيا) لە دەستوری عێراقی ھەمیشەیی ساڵی ٢٠٠٥ز کە بە دەق ھاتووە : " وضع سياسة الامن الوطني وتنفيذها، بما فی ذلك انشاء قوات مسلحة وادارتھا لتامين حماية وضمان امن حدود العراق، والدفاع عنە".
دانانی سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانی و جێبەجێکردنی، لە نێویدا دامەزراندنی ھێزی سەربازی و بەڕێوەبردنی بەمەبەستی گەرەنتی کردنی پاراستن و زامن کردنی ئاسایشی سنوری عێراق و پارێزگاری کردن لێی.
٣-مەترسی ھەڵوەشاندنەوەی ئاژانسی پاراستن و زانیاری و ڕێکخستنەوەیان و گرێدانەوەیان بە (جھاز المخابرات الوطني)، بە پشت بەستن بە مادە (٨٤) لە دەستوری عێراقی ھەمیشەیی ساڵی ٢٠٠٥ز کە بە دەق ھاتووە:
المادة (٨٤):
اولا: ينضم بقانون عمل الاجهزة الامنية وجھاز المخابرات الوطني وتحدد واجباتھا وصلاحياتها، وتعمل وفقا لمبادئ حقوق الانسان وتخضع لرقابة مجلس النواب.
واتا : کاری دامەزراوە ئەمنیەکان و (جھاز المخابرات الوطني) بە یاسا ڕێک دەخرێت و ئەرک و دەسەڵاتەکانی دیاری دەکرێت، بە پێی بنەماکانی مافی مرۆڤ کار دەکەن و لە ژێر چاودێری ئەنجومەنی نوێنەران دەبن.
ثانيا: يرتبط جھاز المخابرات الوطني بمجلس الوزراء.
واتا : (جھاز المخابرات الوطني) گرێدەدرێت بە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ.
پێنجەم/ بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی ژمارە (٨٣ وموحدتیھا ١٣١و١٨٥/اتحادية/٢٠٢٣) لە (٢٠٢٤/٢/٢١).
ئەم بڕیارە تایبەت بوو بەو داوایەی کە ھەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکانی لێکەوتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک مادە وبڕگەی یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ (یاسای ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستانی عێراقی ھەموارکراو)ی ھەڵوەشاندنەوە، لە نێویاندا ھەڵوەشاندنەوەی بڕگەی (٢) لە مادەی (پەنجا و شەشەمین) کە دەسەڵاتی دەدا بە پەرلەمانی کوردستان لە" بڕیاردان لەسەر ڕێکەوتنەکان و یەکلاکردنەوەی کێشە چارەنوسسازەکانی گەلی کوردستانی عێراق و دیاری کردنی پەیوەندی یاسایی لە گەڵ دەسەڵاتی ناوەندیی دا ".
بەم شێوەیەش پەرلەمانی کوردستان دەسەڵات و پسپۆڕیەتی بڕیاردانی نییە لەسەر ڕێکەوتنەکان و یەکلاکردنەوەی پرسە چارەنوسسازەکان، تەنها وەک ئەنجومەنێکی لۆکاڵی مافی دەرچواندنی یاسا و بڕیاردانی دەبێت لە بابەتە ناوخۆییە سادەکانی هەرێم و مەترسیدارترین خاڵی ئەم بڕیارەی دادگای باڵای ئیتیحادی ئەوەیە کە لە داوایەکدا دەرکراوە داواکارەکەی لایەنێکی کوردستانە!.