بەهۆی زۆری گەشتیارەوە سەدان گەشتیار شەو لە پارکەکانی سلێمانی دەخەون
02:50 - 30/05/2026
زەمەن - هەواڵ
چەند شەوێکە بەشێک لە گەشتیاران لە کەشێکى ئارام لە پارک و باخچەکان دەمێننەوە و لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوەش دەپارێزرێن.
بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی ئاشکرایکرد کە " بەهۆی هاتنی ژمارەیەکی زۆری گەشتیار و پڕبونی هۆتێل و مۆتێل و میوانخانەکانی پارێزگای سلێمانی، شەوانە ژمارەیەکی زۆری گەشتیار لە پارکی ئازادی و باخی گشتی دەمێننەوە".
بەهرۆز سالار وتیشی "لە دۆخی ئاساییدا بەهەمووجۆرێک شەو مانەوە لە پارکەکان قەدەغەیە، بەڵام دەزگای ئاسایش ئاگاداری هاتنی ژمارەی زۆری گەشتیارانە و بەهۆى نەمانى شوێن لە هۆتێلەکان رێگری لە خێزانەکان ناکرێت کە دەیانەوێت لە پارکەکان بمێننەوە و لەلایەن تیمەکانى ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانى دیکە دەپارێزرێن".
بەهرۆز سالار ئاماژەى بەوەشکردووە کە چاودێرەکانی بەڕێوەبەرایەتی باخچەکان و دەزگای ئاسایشی سلێمانی هەوڵی پاراستنی ئەو خێزانانە دەدەن کە لەپارکەکان دەمێننەوە و شەوی رابردوو 35خێزان لە باخی گشتی ماونەتەوە، وەک بەڕێوەبەرى باخچەکانى سلێمانى ئاماژەى بۆ کرد، ژمارەکە لە پارکی ئازادی زۆر زیاتر بووە.