تێڕوانیکی ڕەخنەی لەخوود.. گەواهیدان لەسەر ئەزموونەکە، بایەخ و ڕەسەنایەتی
5/25/2026 12:49:00 PM
فازڵ میرانی
ئێمە یەکێک لە کۆنترین جوڵانەوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستین. جوڵانەوەیەکی مێژوویی
نەتەوەییین، خاوەن ڕەهەندێکی نیشتمانی و کوردستانیکی سیاسیین؛ واتە لە چوارچێوەی
تایبەتمەندیی خۆمان لە ناوچەیەکی بەرفراواندا کار دەکەین، و تێیدا خاوەن بیرو باوەڕێکی مێژوویی سیاسیین کە
جارێک وەک جوڵانەوە و جارێکی دیکە وەک بەشدار لە حکومڕانی بووین.
بەشداریمان لە حوکمڕانیدا کردووە و دژایەتی دەسەڵاتیشمان کردووە. خاوەن دیدگایەکی
واقیعبینانەین، لەوانە نین کە بە دوای شکۆمەندییەکانی ڕابردوودا بگەڕێین،
هەرچەندە لە مێژوودا خاوەن پێگەی گرنگ و قۆناغی حوکمڕانی بووین، بەڵام ئێمە
لە ئێستادا کار دەکەین و خۆمان بۆ داهاتوو ئامادە دەکەین. ئێمە لە جوگرافیا و ئەو
فرە ڕەنگە نەتەوەیی، هزری و مەزهەبییەی کە لەسەریەتی تێدەگەین. ئەمە واقیعەکەیە
و بەم شێوەیەش بووە وەڕابردومان گەواهیدەرە.
لە ڕابردوودا وەک ئێستا و ڕەنگە لە داهاتووشدا، زۆر جار بیروڕا و نووسین دەرکەوتوون
کە لە ڕوانگەیەکەوە سەیری کارەکانمان دەکەن کە پێچەوانەی گێڕانەوەی ئێمەیە بۆ ئەو
ململانێیەی تێیدا ژیاوین و دەژین؛ ڕوانگەیەک کە کلتوورێکی جیاواز و هاوشێوەی
کلتووری ئەوانەی هەڵگرتووە کە نەیار و دوژمنی ئێمە بوون. کاتێک دەڵێم دوژمن،
مەبەستم لە هەر بڕیارێکە کە بووبێتە هۆی هێرشکردنە سەر گەلەکەمان لە ڕووی
ئابووری، ئەمنی و سەربازییەوە، و هەر بڕیارێک کە بەڵگەنامەی ساختە بۆ
شێواندنی حەقیقەتی مافەکانمان دروست بکات.
ئێمە ڕێز لە هەر هزرێکی ڕەسەن دەگرین، هەر هزرێک کە لەسەر بنەمای دووبارەکردنەوەی
بێئاگا و بێ پشکنین دانەمەزرابێت. ئەگەر ئەو هزرە ئامادەیی بۆ گفتوگۆ نیشان بدات،
ئێمە ڕێزی دەگرین و مامەڵەی لەگەڵ دەکەین ئەگەر حاڵەتێکی تەواکاری کۆمان بکاتەوە.
سروشتی کاری سیاسی، بەتایبەت لە سایەی تێگەیشتنی سیاسی باو و لەژێر سایەی ئەو
نموونە حوکمڕانەی لە ناوچەکەماندا باوە ،کە ناوچەیەکە وێڕای ئێمە هێزی
ئۆپۆزسیۆنی زۆری تێدایە- سروشتێکی سەخت و ئاڵۆزە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە
بۆ ئەوەی میزاجی دەسەڵات، یاسا و کارگەلێکی ئیجتیهادی بەرهەم دەهێنێت کە
ئامانجیان بەردەوامبوونی حوکمە، و بڕیاری لەو شێوەیە چەمکی حوکمڕانی
دەگۆڕێت بۆ چەمکی خاوەندارێتی.
ئێمە نامانەوێت پرسیاری گریمانەیی بخەینە ڕوو، چونکە وەڵامەکانیشیان گریمانەیی
دەبن، بەڵام هیچ زیانێکی تێدا نییە، بەڵکو ئەرکیشە -وەک هەمیشە کردوومانە- کە
پێداچوونەوەیەکی جیاواز و بەردەوام بۆ ئەدای سیاسی خۆمان و ئەدای هاوبەشمان لەگەڵ
دەسەڵاتدا بکەین، چ وەک ئۆپۆزسیۆن، یان بەشدار، یان وەک لایەنێکی ناڕازی.
لە عێراقدا، هەروەک چۆن چووینە ناو جەنگی جۆراوجۆر لە ڕووی کات و شێوەوە (ئابووری،
کلتووری، ئەمنی، سەربازی و سیاسی)، بە هەمان شێوە چووینەتە ناو دانوستان،
ئاگربەست، ڕێککەوتن و پەیماننامەکانەوە. بەڵام لە درێژایی مێژووی
پەیوەندییەکانماندا، پاشکۆی هزری سیاسی حزبیی هیچ کەسێک نەبووین؛ ئەمەش
تەنها لەبەر پەرۆشیمان بۆ تایبەتمەندی و سەربەخۆیی بڕیارەکانمان نەبووە، بەڵکو
لەبەر ئەوە بووە کە بڕوامان بە ئازادی هزر و کار هەیە، کە دیموکراسی و یاسا
دادپەروەرەکان و مافەکانی مرۆڤ چوارچێوەیان بۆ داناوە، و پێش هەموو ئەمانەش
قورئانی پیرۆز دەقی لەسەر نووسیوە.
جوڵانەوە و پارتەکەمان ئەوەی توانیویەتی لە ململانێکان دۆکیۆمێنت و تۆماری کردووە.
مێژووی شۆڕشەکانمان لای زۆر کەس، چ سیاسی و چ سەربەخۆ، بووەتە جێی شۆک، ئەوەش
بەهۆی جیاوازیی ئاستی هۆشیارییەوە؛ چونکە بەشێکیان وایان دەبینی کە وەستانەوە
دژی دەسەڵات کارێکی پڕ لە مەترسی و تێچووی زۆر و پڕ لە ئازارە. ئەو کەسانە
پرسیارێکیان لە دەسەڵات نەدەکرد، لانی کەم لە خۆیان بپرسیایە: ئەمە چ جۆرە
دەسەڵاتێکە کە هەر ئەوەی ناڕەزایەتی بەرامبەر دەربڕیت، ڕووبەڕووی مەترسی
دەستگیرکردن، زیندان، دوورخستنەوە، لەسێدارەدان یان ڕاوەدونان دەبیتەوە.
لێرەوە پرسیارێک سەر هەڵدەدات: ئەو بنەما یاساییە چییە کە دەسەڵات لە
ڕووبەڕووبوونەوەی نەیارەکانیدا پشتی پێ دەبەستێت. بە گەڕان و گەڕان
بەدوای وەڵامی پرسیاری دووەمدا، وەڵامی هەردووکیان پێکەوە دەردەکەوێت: داهێنانی
بنەمای یاسایی کە چەمکی ماف بەو شێوەیە لێکدەداتەوە کە پێچەوانەی خودی ماف بێت،
و گۆڕینی چەمکی تاوان بۆ ئەوەی ببێتە مافێکی دەسەڵات.
بڕواننە بڕیارە سزادەرەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە، دەزانن کە
فەراغێکی هزری لە عەقڵی دەسەڵاتداردا هەبووە ،نەک تەنها لە نموونەی پێشوودا، بەڵکو
لە هەر دەسەڵاتێکدا کە وا لە حوکمڕانی تێگەیشتبێت کە دەستکەوتێکە و نابێت لێی بچێتە
دەرەوە، بۆشایەک کە کار دەکات بۆ یاسایی کردنی ئەوەی خۆی دەیەوێت و بە
تاوانناساندنی هەر ناڕەزایەتییەک و بەستنەوەی بە سزاوە.
ڕەوایەتی شۆڕشگێڕی ڕەوایەتی قبوڵکردنی خۆی لەدەست دەدات، نەک تەنها لای
جەماوەری حوکمکراو، بەڵکو لە عەقڵ و ڕەفتاری بەشێک لە کارمەندانی ناو خودی
دەزگای دەسەڵاتداریشدا، ئەوانەی کە هۆشیارییان دەبینێت کاردانەوە سروشتییەکان
بەرامبەر بەو بڕیارانەی دوورن لە حیکمەت و دەرئەنجامی تەندروست، چیین. هەروەها
بڕواننە لیستی دوورخراوەکان و دەستگیرکراوان و قوربانیانی دەسەڵات بە دەستی خودی
دەسەڵات بەهۆی ئەو بڕیارانەوە.
بۆ ئەوەی ناونیشانی بابەتەکە مان ماڤی خۆی بەدەست بهێنێت ،
دەڵێم ئایا ئێمە لە ململانێکاندا بێلایەن وەستاین، ئایا هەمان ڕەفتاری
ئەوانەمان کرد کە دژایەتیمان دەکردن؟
ئێمە بێلایەن نەبووین و لە بەرەی بڕیاری هەڵەش نەبووین، بەڵکو هیچ دەرفەتێکی
ئامۆژگاری و هەوڵی قەناعەتپێکردنمان بۆ دەسەڵات لەدەست نەداوە بۆ ئەوەی لەو
هزرە زیانبەخشەی پاشگەز بێتەوە. ئێمە ڕەفتارە ئازاربەخشەکانی دەسەڵاتمان ئەنجام
نەدا، و چەمکی حوکمی داخراو مان دانەمەزراند. ئێمە کار دەکەین و کارمان کردووە
لەسەر ئاراستەیەکی حزبی کە بەردەوامیی کارەکانمان مسۆگەر بکات و مافی کەسانی دیکە
تەنگەتاو نەکات، و لێرەشەوە بنیادنانی ئەزموونێکی حوکمڕانی کە تێیدا دامەزراوەکانی
دەسەڵات نەکەونە ژێر مەترسی مامەڵەی حزبییەوە، بە جۆرێک کە دوور بێت لەو سوودەی کە
چاوەڕوان دەکرێت لە دامەزراندنی دەزگاکانی یاسادانان و دادوەری و جێبەجێکردن.
دواتر قسەی ترمان دەبێت...
♦️وەرگێڕانی: سەردار پێنجوێنی