بزووتنەوەی هەقە
5/25/2026 12:50:00 PM
هەڤاڵ کوێستانی
بزووتنەوەی هەقە، لەسەرەتای دەرکەوتنیدا، لە سەر دەستی شێخ عەبدولکەریمی شەدەڵە و لە بیستەکانی سەدەی رابردوودا،وەک رەوتێکی سەر بە رێبازی نەقشبەندی، سەری هەڵدا.. ریفۆرمە روحی و کۆمەڵایەتییەکەی ئەو رەوتە بەرهەمی فیکر و دنیابینی شێخ عەبدولکەریم بوو، لەسەردەمی مامە رەزادا،ئەو بنەما و بەهایانەی بزووتنەوەی هەقەی لەسەر بیناکرابوو، فراوانتر و قووڵتر بوونەوە، بە جۆرێک کە زۆر رەهەندی دیکەی کۆمەڵایەتی، ئاینی ،ئابووری ، سیاسی و فیکریشی گرتەوە.. بەمەش، بەئەندازەیەکی یەکجار زۆر لە رێبازی نەقشبەندی دوورکەوتەوە و وەک رێبازێکی دینی جودا و سەربەخۆ بەرجەستەبوو. ئەگەر کاری نەقشییەکان زیاتر پەیوەندی بەو دنیاوە هەبووبێ، ئەوا کاری هەقەکان، پەیوەندی بەهەر دوو دنیاوە هەبوو.. هەر بۆیەش ئەدمۆنز ، دوای دیداری لەگەڵ شێخ عەبدولکەریم دا، گوتویە” هەندێ ئەحکامی دنیایی لە شێخ عەبدولکەریم دا دەبینم.”
لای هەقەکان، رێبازی خوداناسی و خوداپەرستی، هەر خۆبەستنەوە نەبوو بە سرووت و دەق و ئەرکان و ئەحکامە شکڵییەکانی ئاینەوە، بەڵکو وێڕای ئەوەی لە دیوە دینیەکەیدا، خۆ پاکردنەوە بووە لە هەموو خراپەیەک و خۆبەستنەوەی راستەوخۆش بووە بە خوداوە، لە دیوە دنیاییەکەیدا، رێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و فیکری بووە، لەسەر بنەمایەکی مرۆیی دادپەروەرانە.
هەر بۆیەش دەکرێ بووترێ کە بزووتنەوەی هەقە، بزووتنەوەیەکی هەقپەرستی یەکسانیخواز و مرۆڤپەروەر بووە ، بە رەگێکی، ئەگەر زۆر باریکیش بێ، بە دیانەتەکانی زەردەشتی و بەهائی و بە بنەماکانی سۆشیالستی یەوە پێوەند بووە.
مامە رەزا، وێڕای ئەوەی بزووتنەوەکەی لەرەوتێکی چاکسازی دینی ــ کۆمەڵایەتییەوە بۆ بزووتنەویەک گۆڕی کە دەیویست گۆڕانکاریی ریشەیی لە سستمی دینی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و فیکری دا بەرپا بکا.. بۆ بەدیهێنانی ئەم گۆڕانکارییەش ، کۆمەڵێک بنەمای داڕشت کە لەناو هیچ جووڵانەویەکی چاکسازی دیکەدا، نە لە کوردستان و لە جیهانی ئیسلامیش دا پێشینەی نەبووە، وەک:
ــ رزگارکردنی جوتیاران و زەحمەتکێشان لە جەور و ستەمی ئاغا و دەربەگەکان، ئەمەش بە نەهێشتنی زەکات و سەرانە و سوورانە و بێگاریی و هتد…
ــ سڕینەوەی سنووری نێوان چینەکان و یەکسانبوونی هەمووان، لە ناو هەقەکان دا، لە ئەرک و فەرمان و ماف دا، بە خودی شێخ و رابەریشەوە.
ــ وەلانانی بیدعە و خورافات و جادووگەری کە لەلایەن کۆمەڵێک لە شێخ و مەلای ئەو سەردەمەوە پیادە دەکرا.
ــ گۆڕینی موڵکیەتی تایبەت بە موڵکیەتی گشتی و کەڵک وەرگرتنی هەمووان لە داهات و بەروبووم و سامان بە شێوەیەکی یەکسان.
ــ رزگارکردنی ئافرەت لە هەموو کۆتوپێوەندە دینی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان و یەکسانبوون و هاوشان بوونی لەگەڵ پیاودا، لە هەموو بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیان دا.
ــ بەشداریکردنی هەمووان لە وەرگرتنی راوێژ و بڕیار و بەڕێوەبردن و لە رێکخستنی کاروباری رۆژانەدا.
ــ قەدەغەکردنی دزی ، درۆ ، کوشتن، زەوتکردنی ماڵی خەڵک، چەکهەڵگرتن و هەتا جگەرەکێشانیش.
ــ لە مێژووی ئیسلام دا، لە زۆر قۆناغ و سەردەم دا، جووڵانەوەی نارەزایی و بانگەوازی چاکسازی بەرپابوون، هەر هەمووشیان لە لایەن کۆنەپارێز و نەریتخوازانەوە، رووبەرووی دژایەتیکردن و بە کافرکردن و هەڵبەستنی تۆمەتی جۆراوجۆر و ناوزڕاندن بوونەتەوە ،. بەڵام نە هیچیان بە ئەندازەی بزووتنەوەی هەقە، رادیکاڵ و شۆڕشگێڕبوون و نە بەرەی دژایەتیکردنیشیان ئەوەندەی بەرەی دژ بە هەقە، فراوان و هەمەلایەن بوون.
دیارە هۆکاریش ، هەر ئەو بنەما و ئەندێشە پێشکەوتنخوازانە بوون کە بزووتنەوەی هەقە دەیویست لەرێی ئەو ریفۆرمەوە کە دەستیان دابوویە جێبەجێیان بکەن.
ئەو بەرە فراوانەی دژ بە هەقە دروست ببوو، هەموو مەلا و شێخی نەریتخواز و ئاغا و دەرەبەگی ستەمکار و تەنانەت حکومەتی عیراق و کۆڵۆنیالیزمی بەریتانیشی لە خۆگرتبوو.
ئەو بەرەیە، بۆ رەواییدان بەو دژایەتیکردنەی بزووتنەوەی هەقە و ناشیرینکردنی وێنەی رابەر و شوێنکەوتەکانیان، هەر چییەکیان لەدەست هاتبێ کردویانە، هەر لە بە کافرکردن، بوختان بۆ هەڵبەستن ، چنینی چیرۆکی ساختە و پڕ لە درۆ و وێناکردنیان بە بزووتنەویەکی لادەر و سۆشیالست و دەستی بێگانە لە پشت.. بەرەی دژ بە هەقە هەر بەوەندەوە نەوەستان بەڵکو کەوتنە گرتن و راوەدوونانی جالاکەکانیان، بە گرتنی شێخ عەبدولکەریم و دواتریش گرتن و نەفیکردنی مامە رەزاشەوە.. لە بەرانبەردا، لە هەردوو گرتنەکەدا، هەقەکان پەنایان نەبردە بەرکاری توندو تیژی و هەر لە رێی رێپێوانی ئاشتیانەوە، بە خۆیان و گونیەی بەریان و دارەقوڵەی دەستیانەوە، ئامانجی خۆیان لە ئازادکردنی هەردوو رابەریان دا بەدیهێنا.. بەمەش هیچ پاساوێکیان بەدەستی دەوڵەتەوە نەدا، تا بە پەرچکرداری توندوتیژانە رووبەروویان ببێتەوە.. دەکرێ بووترێ هەمان ئەو کردارانەی دژ بە شێخ عەبدولکەریم و مامە رەزا کرا، بە شێوەیەک لە شێوەکان ، بەرانبەر بە حەمەسووری کڵاوقوچیش کرا..
بەڵام دواجار، بەهۆی کۆچی دوایی رابەرەکانیان و هەڵنەکەوتنی رابەرێکی دیکەی بە توانا و، نەبوونی بەرنامەیەکی تۆکمە و داڕێژراو، هەروا دواکەوتوویی و نزمی ئاستی هۆشیاریی زۆرینەی شوێنکەتەکانیان و لەسەرووی ئەوەشەوە بەردەوامی بەرەی دژە هەقە، لە دژایەتیکردنیان، هەموو پێکڕا، رۆڵی کاریگەریان لە لاوازکردنی بزووتنەوەکەدا بینی..
بزووتنەوەکە لاوازبوو، زۆریش لاواز بوو، بەڵام هێشتا خەڵکانێکی زۆری سەر بەو رێبازە هەن و شانازای بە هەقەبوونی خۆیانەوە دەکەن.. بەڵام هێشتا بنەما و بەها و پرینسیپەکانی بزووتنەوەی هەقە، بە زیندوویی ماونەتەوە ، لە هەر قۆناغ و سەردەمێکیشدا دەرفەتی جێبەجێکردنیان بۆ بڕەخسێ، کۆمەڵی کوردەواری دەچێتە قۆناغێکی زۆر باڵاوە.
ـــــــــــــــــــــــــــ
ئەم وتارەم لە بۆنەی ناساندنی کتێبی ئینسکلۆپیدیای هەقە دا خوێندەوە کە لە ٢٢ی ئەم مانگە لە هۆڵی تەلاری هونەر بەڕێوەچوو.