11وتار

وەها نابێت؟

5/30/2026 2:04:00 PM
سەردار عەزیز

وا بزانم ئێستا ئاسانترە بڵێیت کە کورد ناتوانێت بە باشی حوکمی خۆی بکات، لەوەی کە بڵێیت کە دەتوانێت حوکمی خۆی بکات. دیارە ئەم دیدە جیاوازە لەوەی کە بڵێیت کورد نابێت حوکمی خۆی بکات، بەڵکو ئەو پرسیارە دەوروژێنێت بۆچی ناتوانێت بە باشی حوکمی خۆی بکات؟

دیارە کورد لێرەدا ئاماژە نیە بۆ شوناسێک یان ناسنامامەیەک، بەو مانایە خەڵکێک لەبەر ئەوەی کوردن ناتوانن حوکمی خۆیان بکەن. چونکە گەلانی تری ناوچەکە باشترنین، چونکە لە زۆر ڕوەوە خاوەن هەمان کەلتور و بونیاد و مێژو و سیستەمی ئابوری و کەلەپور و باوەڕن.

ئەوەی من دەمەوێت لێرەدا زیاتر زەقی بکەمەوەوە ئەوەیە کە ئەگەر لە ماوەی ڕابوردودا پشتیوانی و هاوکاریی هەبوو بۆ ئەوەی ئێمە لە کوردستانی عێراق حوکمی خۆمان بکەین، ئێستا ئەو پشتیوانییە تەقریبەن کۆتایی هاتوە. ئەوەی زیاتر ئەم پرسە قەیراناویتر دەکات ئەوەیە کە لە ماوەی ڕابوردودا نەتوانرا هێندە بنەمای حوکمڕانیی دروست بکرێت کە بتوانێت لە گەڵ نەمانی پشتیوانی و گۆرانی دۆخی ناوچەکە و جیهاندا بەرگە بگرێت.

یەک دوو هەفتە لەمەوپێش لە بەرلین کاتێک لە ناوەندە جیاوازەکانی حکومەت، گفتوگۆمان دەربارەی ناوچەکە دەکرد، لە دیدێک بە ئاگابومەوە، کە سادەبوو بەڵام مایەی سەرنج بوو. بۆ یەکەمجار بوو بە شێوەیەکی تر لە وەسفی ئاڵۆز تێگەشتم. مەبەستم لەمە ئەوەیە کاتێک دەڵێین دۆخی ناوچەکە ئاڵۆزە، من لای خۆمەوە وەهام دەبینی ئەمە هاندەربێت لای ئەوروپییەکان کە هەوڵی زیاتر بدەن بۆ تێگەیشتنی قوڵتر. بەڵام لە چەند جێگایەک بۆم دەرکەوت کە ئاڵۆز مانای تری هەیە. 

ئەوەی لە گفتوگۆکاندا بۆم دەرکەوت کاتێک دۆخێک ئاڵۆزە، ئەوا بەتایبەتی لە سەردەمی ئەمڕۆدا، کە هاندانی هاوکاریی و پشتیوانی زۆر کەمە، ئەوا دۆخێکی ئاڵۆز یانی ناتوانرێت هاوکاریی بکرێت چونکە ئاڵۆزە. چونکە چارەسەری ئاسان و خێرای نیە. هەروەها بە مانای ئەوە دێت کە سودی نیە هەوڵی لەگەڵدا بدرێت چونکە ئاڵۆزە، یان چارەسەریی نیە. عێراق و یەمەن بە تایبەت وەک ئاڵۆز ناوزەد کرا.

کاتێک دەرەوە تۆ وەها دەبینێت کە هاوکار نیت بۆ چارەسەری دۆخی خۆت، ئەویش هیچ هاندەرێکی نامێنێت هەتا هاوکاریت بکات. 
ئەمە ئەو ئایەتە قورئانیەی بیر هێنامەوە: إِنَّ اللّهَ لاَ يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّى يُغَيِّرُواْ مَا بِأَنْفُسِهِمْ. 
ئێمە لە سی ساڵی ڕابوردودا هەلی زۆرمان بۆ ڕەخسا، هەتا سوپامان هەبێت، دادگامان هەبێت، میدیامان هەبێت، کۆمەڵگای مەدەنیمان هەبێت، بازاڕمان هەبێت، ئابوریمان هەبێت، زانکۆمان هەبێت. بەڵام هەموویمان بە فیڕۆ دا. ئەفلاتۆن لە دایەلۆگی مینۆسدا باس لە گرنگی مەعریفە دەکات، کاتێک ئەوە دەوروژێنێت کە ناتوانیت شتێک بە دەستبهێنیت کە نەزانیت چییە.

ئێستا هەموو ئەمانە  وەک دەردی دڵ وەهان. دونیا چیدی وەک جاران نیە. ئەو دونیایەی کە دێت، جیاوازە. هەندێکی کۆتایی بە هاوکاریت دەهێنیت. هەندێکی دەیەوێت بەشێوەیەکی تر پەرت و کۆنترۆڵت بکات. هەندێکی بە تەواوی تێڕوانینی جیاوازە.
بۆ نمونە، چین دەبێتە ئەکتەرێکی گەورە لە ناوچەکە، ئایا سیاسەتی دەرەوەی چین، هەروەها سیاسەتی بۆ ناوچەکە چۆنە؟ 

بۆ نمونە چین وەها دەبینێت کە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بریتین لە خراپی حوکمڕانیی، ناهاوسەنگی هێزەکان لە گەڵ دەستوەردانی دەرەکی. لای چین کێشەیەک نیە بە ناوی کێشەی نەتەوە یان ئیتیک یان دین یان تایفە. بۆیە پرسی تۆ کورد دەبێت بەجۆرێکی تر دابڕێژرێتەوە، هەتا سەدای هەبێت.

ئەوروپا جاران خەونی ئەوەبوو کە دونیا بە ئەوروپایی ببێت. دیدێکی یونیڤێرسال تاک دونیایی. بەڵام ئەوروپا وازی لەو دیدە هێناوە. ئەوروپا گەر جاران کاتیدراڵێک بوو، ئەمڕۆ بەرەوە ئەوە دەچێت کە دێرێک بێی یان مۆنستریی. 
مونیستریی جیاوازە لە کاتیدرال بەوەی بەسەرخۆیدا داخراوە. چەند هاونێک لەمەوپێش کاتێک لە ئەلپی فەرەنسابووم، شەوێک لە ماڵێکی فەرەنسی بۆ خواردنی پەتاتە و پەنیر میوان بوین، باسی ئەوەیان کرد کە لە چیاکانی پشتیان دێرێکی قەشەکان هەیە، بە دەگمەن نەبێت بۆ پێداویستی نەبێت نایەنە دەرەوە. لە ناوەوە خەریکی خوێندنی دین و بەخێوکردنی هەنگن.

کاتێک چەمکی دێر بۆ ئەوروپا بەکاردێت بەو مانایەیە کە ئەوروپا بە سەرخۆیدا دادەخرێت و هەوڵدەدات لە ناوەوە خۆی بەهێزبکات و وەک هێزێک لە دەرەوە لە پێناو خۆیدا بەشداربێت چونکە دونیا دەبێت فرە هێزیی.
بە هیوین دوای جەژن بنەماڵەکان کۆببنەوە و بیرمەندانی کوردیش کەمێک قولثر لە دۆخەکە ڕابمێنن.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن