10وتار

چانسی عێراق و هەرێم لە پاش جەنگی ئێران و ئەمەریكا

6/11/2026 8:30:00 PM
ئەنوەر حسێن (بازگر)

* لە دواین راگەیاندنیدا لەگەڵ دەستبەكاربوونی عەلی زەیدی دا، هەر زوو پێش هەموو لایەنەكانی تر مووقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدری شیعی، جیاوازتر لە جارەکانی پێشوو، جدیتر، ڕۆشنتر، بە هەڵویێستر، ڕونتر و ئازایانەتر ڕوو بە حکومەتی نوێ و گروپە شیعییەکان هەڵوێستی تازەی خۆی دەربڕیوە.

* داوای خەباتی مەدەنی، ڕاگەیاندنی ڕەتکردنەوەی گروپەکانی حیزبوڵڵا و سەید شوهەدا، نوجەبا، ئیمام عەلی، عەسایب و اولیا... کە نەک گروپی موقاوەمەن، مایەی گرفت و سەرئێشەن بۆ عێراق و تێوەگلان لە شەڕی ئێران و ئەمەریکا و ئيسرایل، بەڵکو بونەتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر کوێت و كوردستان دراوسێکانیشی.

* جیا لەوانە بە دەرچوو لە یاسا نیشانیاندەدات، کە ئەمە ڕەنگە کاردانەوەی ئەو گروپانەی لێبکەوێتەوە، بە تایبەتی لەم هەلومەرجەدا کە  بونەتە بەشێک لە سیستم و دامەزراوەی وڵاتانی دراوسێ لە شەڕەکاندا. لە قسەکانیدا وەکو ئەڵتەرناتیڤی گروپەکانی شیعە خۆی نیشاندەدات، کە ڕەنگە ئێستا کارێکی قورس بێت بۆی، بەڵام لەو گۆڕانکاریانەی عێراق توشی دەبێت، گەر تاکە بەدیلی حوکم نەبێت، یەكێك و بەهێزترین بەدیلی ناو گروپە شیعە تقلیدیە مەزهەبیەکان و گروپە نوێکانی موقاوەمە دەبێت، کە چوار لە سەرکردەکانیان خراونەتە ناو لیستى سزای (10) ملیۆن دۆلارى ئەمەریکا بۆ گرتن یان كوشتن. 

* بابەتێکی تری قسەکانی  وتویەتی؛ "نە ڕۆژهەڵاتی نە ڕۆژئاوایی"، واتا نە ئێرانی نە ئەمەریکی، ئەمەش ڕوئیای تازەی سەدرە کە لە ڕاستیدا زۆر دەقیقیە، بەومانایەی عێراق بەردەوام گیرۆدەی نفوز و هەژمون و بەرژەوەندیەکانی تاران و واشنتۆن بوە. کە جگە لە ماڵوێرانی هیچی تری بۆ عێراقیەکان پێ نەبوە.

* سەدر "ناڵێ لا شرقی و لا غربی، عێراقی ئیسلامی"، نا، ئەڵێ؛ عێراق قوربانی دەستی ئەو دوو هێزەیە، کە لە ڕاستیدا وتنی ئەم هەقیقەتە لە لایەن هێزیکی بەهێزی وەک سەدر و شیعەوە، تحولە لە فکر و سیاسەتی موقتدادا، کە ڕەنگە خۆی بۆ عێراقی پاش پاشکۆیەتی ئێران و ئەمریکا ئامادە بکات، کە ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە، ئەگەرچى ئەم ئاژیتاسیۆنە بۆ ئەمەریکا ڕەنگە چاوپۆشى لێ بکات و خۆى لەگەڵ بگونجێنێ، بەڵام بۆ ئێران زۆر مەحاڵە، هەربۆیە، دوای سەدر چەند هێزی تر كەوتنە ژێر كاریگەری بڕیارەكانی سەدر و هەمان بڕیاریان دا.

* خاڵی گرنگی ڕاگەیاندنە تازەکەی ئایەتوڵڵا موقتەدا سەدر، بایکۆتی حکومەتی نوێ بە شێوەیەک کە یەکەم جارە ئاوا بەو زمانە ڕۆشنە سیاسیە قسەبکات و بڵێ؛ (هیچ تاکێکی ڕەوتی شیعەی نیشتیمانی) بەشداری حکومەت ناکات؟ و نوێنەرایەتی ئێمە ناكات.

واتا تحول لە فکری سەدر بەرەو نیشتمانیبون لە جیاتی مەزهەبی بوون یان كاڵبوونەوەی، واتا خۆ جیاکردنەوە لە هەموو گروپە وەلائییەکان، چەکدار، میلیشاکان، حەشدی شەعبی و لێساندنەوه ناسنامەی نیشتمانی لێیان کە جاروبار دیعایەی دەکەن، واتا سەدر هیچ کام لەو گروپانە بە  گروپی عێراقی نیشتمانی ڕاستەقینە نازانێ و خۆی بە بەدیلی هەموویان دەزانێ.

* بۆچوونە تازەکانى سەدر دەکرێت، خۆ ئامادەکردنى بێت بۆ عێراقى پاش شەڕى چل ڕۆژە، کە ڕەنگە عێراق بخاتە بەردەم ڕەوشێکى دژوارەوە، کە ڕەنگە زۆر لایەن لە پشتى بن، قۆناغێک و سەردەمێکى نوێ بێت" كە دیزاینەكەی لەژێر وردبینی دایە.

* یەكەمین پەیامە سەدر، لەگەڵ دەست بە كاربوونی زەیدی، ڕادەستكردنی چەكەكانی سەرایا سەلام، تێگەیشتن بوو لە هەلومەرجە سیاسی نوێی عێراق، هەر بۆیە بەدوای ئەودا گروپەكانی عەسائیب و ... ئەو بڕیارەیان پەسەند كرد، بەڵام پێناچێت ئەم گروپانە بەڕاستی چەكەكانیان تەسلیمی دەوڵەت بكەن، بەڵكو تاكتیكە بۆ دەربازبوون لەم هەلومەرجەی عێراق تێیكەوتوە و ئەمەریكا فشار دەكات.
* ڕەنگە ئەوە بیانوو باش بێت بۆ هەڵوەشانەوەی هێزی پێشمەرگە بڵێن؛ فەرموو ئێوەش هەمان كار بكەن، ئەگەرچی جیاوازی زۆرە، بەڵام بەریتانیەكان ئەوەیان پشتڕاستكردوەتەوە كە عێراق دەیەوێت هەموو هێزەكانی عێراق و كوردستان تێكەڵ بكرێن، سەبارەت بە هێزی پێشمەرگە هێشتا ئەمەریكا قسەیەكی نەكردوە.

* بارودۆخی هەرێمی كوردستان، دوای جەنگی چل ڕۆژە لەبەردەم مەترسی گەورەی نەیارەكانیدایە، بەتایبەت ئێران و توركیا لەم شەڕەدا كوردستان بە بەشێك لە ئەجێندای نەیارەكانیان سەیر دەكەن، هەربۆیە چەند حەوتووی ڕابردوودا بەنهێنی هەر چوار دەوڵەتی (توركیا، ئێران، عێراق و سوریا) كۆ بوونەتەوە خەریكی پیلانگێڕین، چانسی هەرێم بۆ مانەوە و جێبەجێ نەبوونی پیلان و ئەجێندا مەترسیدارەكان، سەداسەد پەیوەستە بە داهاتووی شەڕی ئەمەریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن