کاتێک نووسین دەبێتە ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانی
6/10/2026 12:27:00 PM
فارس نەورۆڵی
نووسین تەنیا ڕیزکردنی
وشەکان یان گوزارشتکردن لە دەروونێکی ئاڵۆز نییە، بەڵکو ئامرازێک و ڕێگایەکی گرنگە
بۆ دروستکردنی وشیاری و ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگە بەرەو دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام و ڕۆحێکی
ئاسوودە. کاتێک نووسەرێک بڕیار دەدات قەڵەمەکەی و بیرکردنەوەکانی و ئامانجی لەپێناوچاکەی گشتی و خزمەتی نیشتماندا بێت، ئەوە
دەچێتە ناو بازنەی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتیمان و خزمەتی مێژووی گەلەکەیەوە. لێرەوەیە کە بەرپرسیارێتیی ڕاستینەی
نووسەر لە بەرامبەر کۆمەڵگەدا دەردەکەوێت.
بۆیە نیشتمان پێویستی بەو جۆرە قەڵەم و بیرکەرەوانە یە کە ڕاستییەکان وەک خۆیان دەبینن و بێ لایەنگری
دەیانخە نەڕوو ،نووسینی ڕاست و دروست ئەو نووسینەیە کە هاوسەنگی دەپارێزێت لە نێوان
ڕەخنەی بنیاتنەر بۆ چاکسازی، و پاراستنی ئومێد لە دڵی هاوڵاتیاندا ، و ناکەوێتە
داوی میدیای سێبەر یان پڕوپاگەندەی کاتی کە ئامانجیان تەنیا سەرقاڵکردنی ڕای گشتیی
و دروستکردنی فەزایەکی دیماگۆگییە لە هەمان
کاتدا، نووسەری ڕەسەن داکۆکیکارێکی سەرسەختی
ناسنامە، زمان، کولتوور و جوگرافیا و بەها کانی نیشتمانە و وەک بیلبیلەی چاو دەیانپارێزێت.
بەڵام قەڵەمێک کە پێچەوانەی
بەرژەوەندی نیشتیمان دەنوسێ لەپێناو مشتێک
دەسکەوتدا ،ئەرکی شکاندنی خەڵکی پێ دەسپێردرێت ئەوە بە ئاگایی بێت یان بە نائاگایی، دەچێتە خزمەت جەهل و دوژمنانی نیشتمان؛
بەڵام ئەو قەڵەمانەی کە خەمەکانی نیشتمان دەکەنە هەوێنی نووسینەکانیان، دەبنە چرا
بۆ ڕووناکی بۆ نەوەکانی داهاتوو و کۆمەڵگە لە سەر لێشێوان دەپارێزن، ئەو قەڵەمانە
بەنەمری دەمێننەوە.
نووسین بەرپرسیارێتییە؛
بۆیە پێویستە چ ڕۆژنامەنووس بێت، چ سیاسەتمەدار یان هاووڵاتییەکی ئەم وڵاتە بێت ، دەبێت بزانێت کاتێک بابەتێک یان پۆستێک بڵاودەکاتەوە،
ئەگەر ڕەچاوی ئەخلاقی نووسینی تێدا نەکردبێت، ئەوا لەوانەیە دڵی هەزاران کەس ئازار
بدات. لێرەوە دەبێت بیرکردنەوە، کردار، قسە و نووسینەکانمان پێش بڵاوکردنەوەیان، لەسەر
بنەمای ئەم پرسیارە بنەڕەتییە بێت: «من چی پێشکەش بەم نیشتمانە دەکەم؟» نەک «من چیم
دەست دەکەوێت ؟
بەداخەوە کاتێک سەیری میدیا بەگشتی دەکەین دەبینین ڕۆژانە بەتەن ژەهر دەڕژێتە
ناو ڕۆح و مێشکی هاوڵاتیان و بۆمبارانی دەکەن ، بۆیە دەبینین کە چۆن کۆمەڵگە بەرەو
هەڵوەشانەوەدە ڕوات و خەریکە دەبێتە نەخۆشخانەیەکی گەورە، ئەم ژەهرەی ناو میدیا بەناوی
نوسین و پۆست و کۆمێنت و ڤیدیۆی ڤایرۆس ،دۆخەکە
ی گەیاندوەتە ئاستێک کە زۆرینە لەتەک پیشەکەی
خۆیدا ڕاستگۆ نەبێت ، لەتەک دەووروبەریدا دوو ڕوبێت و بەهاکانی وەفا و متمانە بەرەو
کوێربوون دەچن. لە بیریشمان نەچێت ئەم فەزایە بەرەنجامی نەخۆشکەوتنی کایەیی سیاسی یە
چونکە کە کایەی سیاسی نەخۆشکەوتن فەزای گشتی توشی نەخۆشی دەبێت وەک ئەودۆخەی ئێستا،
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم واقیعە، هەر چەندە ڕاستکردنەوەو چارەسەری قورسە بەڵام ئەستەم
نیە گەر باوەڕو ئیرادە هەبێت، دەکرێت لە کایەی نوسینەوە دەست بەچاکسازی بکەین . سەرەتا
پێویستە هەموان پێش نووسین بیر بکەینەوە: چی دەنوسین؟ و بۆچی دەنوسین؟
شەرەفمەندیی نووسین لەوەدایە
کە خۆی ڕادەستی واقیعێکی سەپێنراو نەکات و لە پێناو بەرژەوەندییەکی کاتیدا دژی بەرژەوەندیی
گشتی نەوەستێتەوە؛ کاتێک لە پێناو چاکەی گشتی و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و
خاوەن ئیرادەدا دەنووسین، ئەوکاتەیە کە ئەخلاقی نووسین ئامادەیی هەیە .