بەبێ من بێمانایە!
10/19/2026 11:47:00 AM
فارس نەورۆڵی
هەندێک جار هەڵسەنگاندن بۆ کۆنفرانس و دیدارە ڕۆشنبیری و سیاسییەکان، لەلایەن ژمارەیەک لە ڕۆشنبیرانەوە تەنیا لەسەر بنەمای ئامادەبوونی خۆیان دەکرێت؛ بەپێی ئەوەش قسە لەسەر بابەتەکە دەکەن. ئەگەر خۆی بانگهێشت کرابێت، ئەوا کۆنفرانس یان دیدارێکی سەرکەوتووە، خۆ ئەگەر بانگهێشت نەکرابێت، ئەوا تەواوی پرۆسەکە بەتاڵ دەکاتەوە!
کاتێک پێوەری ڕۆشنبیر بۆ هەڵسەنگاندنی کۆنفرانس یان دیدارێک گرێدرا بە ناردن یان نەناردنی کارتێک، یان نەبوونی ناوی لە لیستی میوانەکاندا، ئیتر لەم خاڵەوە دەکەوێتە بۆڵەبۆڵ و ڕەخنەی نالۆژیکی لە چالاکییەکە. لێرەدا ڕۆشنبیر ئەرکە مەعریفییەکەی لەدەست دەدات و دەیکاتە ئامرازێک بۆ تێرکردنی نێرگزییەتی خۆی؛ چونکە پێی وایە ئەگەر جەنابی میوانداری نەکرێت، ئەوا دیدار و کۆنفرانسەکان بەتاڵن لە مانا، بەڵام ئەگەر ناوی لە لیستی میوانەکاندا بێت، ئیتر ئەوە لوتکەی فکر و مەعریفە لەوێدایە!
مەرجیش نییە هەموو بانگهێشتەکان تەواو دروست بن ، بەڵام کاتێک ڕەخنە دەگرن، با لەسەر بنەمای لۆژیک بێت نەک غەریزەی خود پەرستی .