ستایشکردن و نەرمونیانی، سەرخستنی پرۆسەی پەروەردەیە
10/18/2026 1:31:00 PM
جوان محەمەد
ستایشکردن بە مانای پێزانین و هاندان لە بەرانبەر ئەنجامدانی ڕەفتارێکی ئەرێنی لەلایەن کەسی بەرانبەرەوە. ئەمە بە شێوەیەکی گشتی، بەڵام بۆ قوتابیان و فێرخوازان کاریگەرییەکەی گرنگتر و بەبەهاتر دەبێت، چونکە قوتابیان و خوێندکاران بنەمای دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو و بەهێزن بۆ داهاتووی هەر نەتەوەیەک.
بە پێچەوانەوە، ڕق و کینە و ڕەفتاری شەڕەنگێزی کۆمەڵگە دەکاتە کۆیلەی ڕق و تۆڵەسەندنەوە، کە بەرهەمەکەی کار و ڕەفتاری نەشیاو و ناشیرینە؛ لە کەسێتی تاکدا دەردەکەوێت و لە ناو کۆمەڵدا ڕەنگ دەداتەوە.
ستایشکردنی ڕەفتارە باشەکان ڕێگایەکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی هەستی متمانە بەخۆبوون و هاندانی قوتابیان بۆ بەردەوامبوون لە کارە باشەکان. کاتێک قوتابی بەهۆی ڕەفتاری جوان، هاوکاری، ڕێزگرتن لە کەسانی تر، پابەندبوون بە یاساکانی قوتابخانە یان یارمەتیدانی هاوڕێکەی ستایش دەکرێت، هەست دەکات کە هەوڵەکانی بینراون و بەهادارن.
ستایشکردن تەنها بە وشەی «باشە» یان «ئافەرین» کۆتایی نایەت؛ بەڵکو باشترە ستایشەکە ڕاستەوخۆ و دیاریکراو بێت. بۆ نموونە، مامۆستا دەتوانێت بڵێت: «زۆر باشە، ئەمڕۆ یارمەتی هاوڕێکەت دا و ئەمە ڕەفتارێکی زۆر جوانە». ئەم شێوەیە یارمەتیدەدات قوتابی بزانێت کام ڕەفتارەی جێی ستایش بووە.
هەروەها پێویستە ستایشکردن بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بێ جیاوازی بێت، چونکە هەر قوتابییەک توانای تایبەتی خۆی هەیە. نابێت تەنها ئەو قوتابیانە ستایش بکرێن کە نمرەی بەرزیان هەیە؛ بەڵکو هەوڵدان، ڕەفتاری باش، هاوکاری، پاکوخاوێنی، پابەندی و ڕێزگرتنیش شایستەی ستایشکردنن.
وشەیەکی جوان و ستایشێکی لە شوێنی خۆیدا دەتوانێت هانی قوتابی بدات کە باشتر هەڵسوکەوت بکات و ببێتە نموونەیەکی باش بۆ هاوڕێکانی. بۆیە، پێویستە مامۆستا و دایک و باوکان هەوڵ بدەن ڕەفتارە باشەکان ببینن، ستایشیان بکەن و قوتابیان بۆ بەردەوامبوون لە کارە چاکەکان هان بدەن.
لێرەدا گرنگترین کاریگەرییەکانی هاندان و ستایشکردن لەسەر فێرکردن و پرۆسەی پەروەردە ڕوون دەکەینەوە:
١. کاریگەری دەروونی و سۆزداری
أ- کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ: ترسی منداڵ لە هەڵەکردن دەڕەوێنێتەوە و وا دەکات بە ئارامی گوێ بگرێت.
ب- زیادبوونی متمانە بە خۆبوون: کاتێک منداڵ بە شێوازێکی خۆش و هاندەرانە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، زیاتر دەوێرێت بەشداری بکات و پرسیار بکات.
ج- دروستکردنی پەیوەندی بەهێز: خۆشەویستی و متمانە لە نێوان منداڵەکە و مامۆستا یان دایک و باوکدا بەهێزتر دەکات.
٢. گەشەی هزری و توانای فێربوون
أ- زیادکردنی سەرنج و وردبینی: هاندان و قسەی خۆش وەک موگناتیسێک وایە کە سەرنجی منداڵەکە ڕادەکێشێت و ڕێگری دەکات لە بێزاربوون.
ب- باشترکردنی بیرەوەری: مێشکی مرۆڤ ئەو زانیارییانەی کە لەگەڵ هەستی خۆشیدا (پێکەنین یان دڵخۆشیدا) بەستراونەتەوە، زۆر ئاسانتر پاشەکەوت دەکات و درەنگتر لەبیری دەکات.
ج- هاندانی داهێنان: ژینگەی شاد و ئازاد و ئارام وا لە منداڵ دەکات داهێنەرانە بیر بکاتەوە و چارەسەری نوێ بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە.
٣. کاریگەری کۆمەڵایەتی و ڕەفتاری
أ- حەزکردن بە خوێندنگە و فێربوون: منداڵەکە چیتر پرۆسەی خوێندن وەک سزایەک نابینێت، بەڵکو وەک چالاکییەکی خۆش سەیری دەکات.
ب- فێربوونی ڕەوشتی بەرز: منداڵ لە ڕێگەی چاودێریکردنی زمانی شیرینی گەورەکانەوە، خۆیشی فێری قسەی خۆش، نەرمونیانی و ڕێزگرتن لە ئەوانی تر دەبێت.
چۆنیەتی دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان قسەی نەرمونیان و خۆش و پاراستنی سنووری ڕێزگرتن.
هێنانەوەی نموونەی کرداری بۆ وتنی قسەی خۆش لە کاتی وانەوتنەوەدا، لە بابەتە جیاوازەکاندا (زانستەکان، بیرکاری و زمان).
لێرەوە دەگەینە ئەوەی کە هاندان و نەرمونیانی و وتەی خۆش و شیرین، هەنگاوەکانی پرۆسەی پەروەردە دەگەیەنێتە ئامانجی بەرز.