هاتوو نەهات!
5/24/2026 1:58:00 PM
فارس نەورۆڵی
نەتەوەی داگیرکراو بەهۆی فێڵی داگیرکەران و بێفیکریی خۆیەوە، بێبەرنامە دەبێت و دەخولێتەوە؛ نازانێت نەخشەی ژیانی ڕۆژانەی خۆی ڕێک بخات، چونکە نەیاران و داگیرکەران ئەوەندە کێشەی بۆ دروست دەکەن، وەک کورد دەڵێت: «مەجالی نییە سەری خۆی بخورێنێ!»
ئەم دۆخە ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر مرۆڤ؛ واتە باری دەروونیی هاووڵاتی ئەوەندە ناجێگیر دەکات کە توانای ژیانکردنێکی دروستی نەبێت. بۆ نموونە، بابەتی مووچە و دواخستنی، هەروەها باسکرانی بەردەوامی لە میدیاکاندا، شێوازێکی ترسناکی جەنگی دەروونییە دژ بە هاووڵاتیان. مووچە تەنها ژمارەیەک نییە کە لە سەری مانگدا مووچەخۆران بیخوێننەوە، بەڵکو هێمای سەقامگیری، ئاشتیی کۆمەڵایەتی، ئارامیی دەروونیی هاووڵاتی و جووڵەی بازاڕەکانە.
کاتێک مووچە دەبێتە کارتی گوشار و دەچێتە مانشێتی هەواڵەکان، مرۆڤ هەست بە سووکایەتی و لێدان لە کەرامەتی خۆی دەکات؛ بەتایبەتی لە نزیکبوونی بۆنە و جەژنە جیاوازەکاندا، کاتێک مووچەخۆر ناتوانێت خۆراک و پێداویستیی تایبەت بۆ خێزان و ماڵەکەی دابین بکات. ئەمەش دەبێتە هۆی تێکدانی شیرازەی خێزانی.
لەم دۆخەدا، مرۆڤ توانای بیرکردنەوەی ئەرێنی نامێنێت، چونکە مێشکی مرۆڤ پێویستی بە سەقامگیری هەیە، نەبوونی ئەو سەقامگیرییەش دەیخاتە دۆخێکی تەمومژاوی و دڵەڕاوکێی بەردەوامەوە؛ لێرەشەوە شکۆی مرۆڤ دەکەوێتە ژێر پرسیار.
ئەمڕۆ لە بازاڕدا کە گوێم لە قسە و باسی ناو خەڵک بوو، هەمووی باسی مووچە بوو؛ باسی ئەم کەناڵ و ئەو کەناڵ، ئەم سایت و ئەو سایت بوو کە ئایا مووچە دێت یان نایەت؟ لە ڕاستیدا، ئەم «هاتوو نەهات»ەی مووچە، کۆی ژیانی هاووڵاتیانی شێواندووە، گورزێکی بەهێزی سرەواندوەتە دەرون و کەسایەتی هاوڵاتی بەتایبەتی لەم بەرەجەژنانەدا.